پزیشکێکی ژن لەلایەن هاوسەرەکەیەوە "چاوی دەردەهێندرێت و رۆنی گەرمی" پێدادەکرێت

‌وێنەی قوربانی و تۆمەتبارەکە

رووداوی ئەشکەنجەدانی ژنە پزیشکێک لەلایەن هاوسەرەکەیەوە کە ئەویش پزیشکە کاردانەوەی لە لاپەڕە عەرەبییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دروستکردوە.

سەبارەت بە رووداوەکە سەرچاوەیەکی ئەمنی لە بەغداد  دوو شەممە، ٦ تەمووز ٢٠٢٦بە میدیاکانی راگەیاند "پزیشکێکی نەشتەرگەریی جوانکاری بە ناوی محەممەد عەقیدی کە خاوەنی سەنتەرێکی جوانکارییە لە بەغداد، چووەتە شوقەی هاوسەرەکەی بە ناوی نەبەئـ کە بە فەیرووزە ناسراوە و پزیشکی سڕکردنە، ئەشکەنجەی داوە".

سەرچاوە ئەمنیەکە ئەوەشی ئاشکرا کردوە کە "ئێستا هاوسەرەکەی وەک تۆمەتباری سەرەکی تاوانەکە دەستگیرکراوە (لەکاتی هەڵاتنی بۆ دەرەوەی وڵات)، و کەیسەکە لەژێر لێکۆڵینەوەی وردی پۆلیسدایە بۆ روونکردنەوەی راستیی رووداوەکە"، باس لەوەش دەکرێت کە دۆخی ژنەکە ناجێگییرە و لە نەخۆشخانەیە.

دکتۆر محەممەد عەقیدی سەنتەری جوانکاری هەیە، لە هەژماری سەنتەرەکە نووسیویەتی "دروستکەری شاژنەکان".

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وا باس دەکرێت کە دکتۆر محەممەد عەقیدی بە سەختیی ئەشکەنجەی فەیرووزەی هاوژینی داوە، چاوێکی دەرهێناوە و رۆنی قرچاوی بە دەموچاویدا کردووە، پاشان منداڵەکەیانی لەگەڵ خۆی بردووە و لە شوێنی رووداوەکە هەڵاتووە، تا ئێستا لایەنی فەرمی شێوازەی ئەشکەنجەدانەکەی پشتڕاست نەکراوەتەوە.






PM:04:53:06/07/2026