بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق راگەیاندراوێکی سەبارەت بە چەکدانانی گرووپەکەیان بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت "ئێمە جێگیرین و پابەندین بە رێبازی موقاوەمە".
بەرەی موقاوەمەی ئیسلامی دوێنێ شەو (هەینی، ١٠ تەمووز ٢٠٢٦) راگەیاندراوەکەی بڵاو کردوەتەوە و وتویەتی کە "ئێمە لە خاکی پیرۆزەوە جارێکی دیکە رایدەگەیێنین و با هێزەکانی دوژمن بیبیستن کە ئێمە جێگیرین و پابەندین بە رێبازی موقاوەمە، با دوژمنان بزانن کە هێزەکانی بەرەی حەق وەک یەک جەستەن و هیچ شتێک ساردمان ناکاتەوە لە دەرکردنی داگیرکەران لە عێراق و ناوچەکە".
"ئێمە لەو ئاستەی ئێستا پێی گەیشتووین ناوەستین، بەڵکو بە هەموو هێزمانەوە کاردەکەین بۆ پەرەپێدانی توانا سەربازی و ئەمنییەکانمان لە رووی چەندێتی و جۆرییەوە و ئامادەی تەواوین بۆ بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل"، بەرەی مقاوەمە وا دەڵێت.
موقاوەمەی ئیسلامی راشیگەیاند "تاوەکو وەهمی ستەمکارەکان تێک نەشکێنین و سەروەریی و شکۆمان نەپارێزین، چاومان ناچێتە خەو و ئۆقرە ناگرین".
تا ئێستا هەریەکە لە سەرایا سەلام، عەسائیب ئەهلی حەق و کەتیبەکانی ئیمام عەلی رایانگەیاندووە کە ئامادەن چەکەکانیان رادەستی دەوڵەت بکەن، ئەمەش وەڵامێک بۆ هەوڵەکانی حکومەتی عێراق کە دەستی کردووە بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت، لە رێگەی پچڕانی پەیوەندیی گرووپە چەکدارەکانی نێو حەشدی شەعبی بە لایەنە سیاسییەکانەوە و تۆمارکردنی چەک و چەکدارەکانیان.