عێراق هۆشداری لە تێکچوونی ئاسایشی کەشتیوانیی دەریایی و بازرگانیی جیهانی دەدات

وەزارەتی دەرەوەی عێراق نیگەرانیی قووڵی خۆی لە بەردەوامیی ئاڵۆزییەکانی تایبەت بە ئاسایشی کەشتیوانیی دەریایی لە ناوچەکەدا دەربڕی و هۆشداریدا لە لێکەوتەکانی ئەم دۆخە لەسەر تێکدانی سەقامگیریی هەرێمی و پەکخستنی بازرگانیی جیهانی.

ئەمڕۆ یەکشەممە ١٢ی تەممووزی ٢٠٢٦، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند'' بەردەوامیی گرژی و پێشهاتە ئەمنییەکان کاریگەریی نەرێنی دەکەنە سەر ئاسایشی دەریایی و دەبنە هۆی دروستکردنی ئاستەنگ بۆ جموجۆڵی بازرگانیی نێودەوڵەتی.''

وەزارەتی دەرەوە جەختی لەسەر گرنگیی پابەندبوون بە بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی، پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێزگرتن لە سەروەریی وڵاتان و بنەمای هاوسێیەتیی باش کردووەتەوە؛ هاوکات داوای دوورکەوتنەوە لە هەر ڕێوشوێنێک دەکات کە ببێتە هۆی زیاتر پەرەپێدانی ئاڵۆزییەکان یان زیانگەیاندن بە ئاسایش و سەلامەتیی کەشتیوانیی دەریایی لە ناوچەکەدا.

لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا، وەزارەتی دەرەوەی عێراق داوای گرتنەبەری ڕێگەی دیالۆگ و ئامرازە دیپلۆماسییەکان دەکات بۆ چارەکردنی ناکۆکییەکان و پشتڕاستی دەکاتەوە کە عێراق پاڵپشتی لە تەواوی ئەو هەوڵانە دەکات کە ئامانجیان کەمکردنەوەی گرژییەکان و پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی گەلانی ناوچەکەیە.



PM:10:40:12/07/2026