دوای کۆبونەوەیان دۆناڵد ترەمپ و عەلی زەیدی زانیاریان سەبارەت بە گفتووگۆکانیان ئاشکراکرد

‌وێنەیەک لە دوای کۆبونەوەکە

لە دوای کۆبوونەوەیان لە کۆشکی سپی، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق زانیارییان سەبارەت بە ناوەڕۆکی گفتوگۆکانیان خستە روو.

سێ شەممە، ١٤ تەمووز ٢٠٢٦، سەرەتا دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند "شانازییەکی گەورەیە ئەمڕۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ ئێمەیە،  ئەو جەنگاوەرێکی ئازایە و هەواداریکی گەورەی ئەمریکایە".

"لەو کاتەوەی ئەو (زەیدی)  دەسەڵاتی گرتووەتە دەست، وڵاتەکەی زۆر گۆڕیوە، بەتایبەت لە روانگەی بیرکردنەوەیان سەبارەت بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا"، سەرۆکی ئەمریکا وا دەڵێت.

ترەمپ سەبارەت بە گرێبەستی نەوت و ڕێکەوتنیان لەگەڵ زەیدی وتی "عێراق یەدەگێکی گەورەی نەوتی هەیە، ئەوان سەرمایەی گەورەیان هەیە ئێمە و عێراق هاوبەشیی گەورەمان لە بواری نەوت هەیە، کە لە ماوەیەکی کورتی رابردوودا پێکمان هێناوە، کە پێموایە ئەم هەفتەیە یان هەفتەی داهاتوو رادەگەیێندرێت،  رێککەوتنەکە زۆر گەورە دەبێت".

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد کە "کۆمپانیاکانی نەوت دەچنە ناوچەکە (عێراق)، گرێبەستی هاوبەشی لەگەڵ عێراق دەکەن و پەیوەندیی زۆر باشیان هەیە،  بۆیە چیدی پێویستمان بەوە نییە هێزی سەربازیمان هەبێت لەوێ. ئێمە لەوێین بۆ ئەوەی هاوکارییان بکەین، ئەگەر پێویست بوو بیانپارێزین".

سەبارەت بە ئێران و پەیوەندی لەگەڵ عێراق سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت "ئێران بارگرانییەکی گەورە بوو بەسەر عێراقەوە، چونکە ئەوان بەڵای رۆژهەڵاتی ناوەراست بوون، عێراق چیدی ئەم کێشەیەشی نامێنێت، لەبەر ئەوەی ئێران بە ئەندازەیەکی زۆر لاواز کراوە، هێزی سەربازییان ئێستا بەشێکی زۆر بچوکی ئەو قەبارەیەیە کە ٤  مانگ پێش ئێستا هەیانبوو، عێراق لەم رووەوە کێشەی نامێنێت، هەر بۆیە ئەمەش یەکێکە لەو هۆکارانەی کۆمپانیا نەوتییەکانمان دەچن بۆ ئەوێ، بە ئاستێک کە هەرگیز پێشتر نەبیندراوە".

لەهەمان کاتدا عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند "من ماستەرم لە ئابووری هەیە و دۆخی ئابووریم بەتەواوی لەبەرچاو گرتووە، بەڕاستی پێویستم بە هاوبەشێکی ستراتیجی هەیە بۆئەوەی ئەو بارگرانییەم لەگەڵ هەڵبگرێ، گرنگترین هاوبەشی ستراتیجی لە جیهان بریتییە لە ئەمریکا، بۆیە سەردانەکە لە ناخەوە بڕیارمان لێداوە".

سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی لەوەش کردوە کە  "سورم لەسەر ئەوەی کە نابێت هیچ کەس و هێزێک لە دەرەوەی دەوڵەتدا چەکی هەبێت و لە دوای ٣٠ی ئەیلوولەوە عێراق پێویستی بە هیچ گرووپێکی چەکدار نابێت".

عەلی زەیدی جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی ناوخۆی عێراق کردەوە و وتی "کە جیاوازی لەنێوان بەشەکانی عێراقدا ناکات، کوردستان بەشێکی گرنگی عێراقە و هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ پارێزگای بەسرەدا نییە".




PM:08:35:14/07/2026