وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، میقداد میری لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا زانیاری سەبارەت بە رووداوەکانی شەش مانگی سەرەتای ئەم ساڵ راگەیاند و دەڵێت "تاوانەکان لە ٪١٨ کەمیکردوە".
سێ شەممە، ١٤ تەمووز ٢٠٢٦، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند "تا مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ وەزارەتەکەمان ١٢ هەزار و ٨٥٣ چالاکیی کارگێڕیی ئەنجامداوە، هەروەها ڕێژەی تاوانەکان لەسەر ئاستی عێراق بە ڕێژەی ١٨٪ دابەزیوە، کەرتی کەرخ لە بەغداد باشترین ڕێژەی پاشەکشەی تاوانی تۆمارکردووە، کە گەیشتووەتە ٥١٪، لە کاتێکدا پارێزگای بەسڕە لە پێشەنگی پارێزگاکان بووە لە ڕووی ژمارەی ڕووداوە تاوانکارییەکانەوە".
میقداد میری ئاماژەی بەوەشکرد کە "ڕێژەی ئاشکراکردنی ڕووداوەکان گەیشتووەتە ٨٢٪، لەکاتێکدا دەزگا ئەمنییەکان توانیویانە ٧٩٪ی تاوانەکانی کوشتن ئاشكرا بکەن، هاوکات لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٦١٧ حاڵەتی خۆکوشتن تۆمارکراوە" هەروەها هۆشداریی دا لە "بەردەوامیی بەرزبوونەوەی ئەم دیاردەیە".
وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق وتیشی "٧٦٦ تۆمەتبار بەهۆی تەقەکردنەوە دەستگیرکراون و ڕووبەڕووی دادگا کراونەتەوە، لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی ٧ هەزار و ٤١ ئۆتۆمبێلی سەرپێچیکار یان ئامادەکراو بۆ قاچاخچێتی".
لە بارەی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر میقداد میری ئاشکرایکرد "دەستبەسەر تەنێک و ٩٧٦ کیلۆگرام لە ماددەی هۆشبەر دا گیراوە، زیاتر لە ٤ ملیۆن حەب دەستی بەسەردا گیراوە، هەروەها ٥٨ سزای لەسێدارەدان و ٢٦٣ سزای زیندانی هەمیشەیی بەسەر تاوانباراندا سەپێندراوە".
"هێڵی سنووریی عێراق بە تەواوی پارێزراوە و هێزەکانی سنوور ٢ هەزار و ٥٤ هەڵهاتوو و بیانیان دەستگیرکردووە، دەستیان بەسەر ٨٦٢ ئۆتۆمبێل و ٢٥٥ کۆنتینەری ئامادەکراو بۆ قاچاخچێتیدا گرتووە"، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق وا دەڵێت.
دۆسیەکانی نەوت یەکێکی دیکە بوو لە زانیاری ناو ئامارە راگەیاندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ کە باس لەوەکردوە "پۆلیسی وزە ٣٧٨ تۆمەتباری بە قاچاخبردنی بەرهەمە نەوتییەکانی دەستگیرکردووە، دەستی بەسەر ٣٣٤ تانکەر و ئۆتۆمبێلی بەکارهێنراو لە قاچاخچێتیدا گرتووە، هەروەها توانیویانە ٢٨ شوێنی بە قاچاخبردنی سووتەمەنی لە بەغداد و سەڵاحەدین تێکبدەن، دەست بەسەر زیاتر لە نۆ ملیۆن لیتر لە بەرهەمە نەوتییە ئامادەکراوەکان بۆ قاچاخچێتیدا بگرن".
"٨٣ تۆمەتبار بەهۆی سەرانەسەندن و ٢٥ تۆمەتبار بە ساختەکاریی دارایی دەستگیرکراون، لەگەڵ ڕاگرتنی ٥٢ تۆمەتبار بە بازرگانیکردن بە مرۆڤ و پڕوپاگەندەکردن بۆی لە ڕێگەی سۆشیاڵ میدیاوە"، میقداد میری وا دەڵێت.
لە کۆتایدا وتەبێژەکەی وەزارەتی ناوخۆ ئاشكرایکرد کە "زیاتر لە ٩ هەزار حاڵەتی هێرشکردنە سەر ژنان لەلایەن هاوسەرەکانیانەوە تۆمارکراوە، لە بەرامبەردا ٢ هەزار و ٢٣٥ حاڵەتی هێرشکردنی ژنان بۆ سەر هاوسەرەکانیان تۆمارکراوە، ئەمەش لە چوارچێوەی ئاماری توندوتیژیی خێزانی لە ماوەی نیوەی یەکەمی ئەمساڵدایە".