عێراق.. دەستبەسەر ٢٥ ملیار دینار و زێڕی زیاتری بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوتدا دەگیرێت

لەسەروبەندی بەردەوامیی لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی گەندەڵییە داراییە گەورەکانی عەدنان ئەلجومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەنجومەنی باڵای دادوەریی ڕایگەیاند'' تیمەکانیان توانیویانە دەست بەسەر بڕێکی دیکەی پارە و زێڕی حەشارکراودا بگرن.''

دادگای ناوەندیی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ئاشکرای کرد کە ئەم پارانە بە شێوازێکی هونەری لە نێو دیواری چەند خانوویەکدا شاردرابوونەوە، بەڵام لێکۆڵەران توانیویانە شوێنەکانیان بدۆزنەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمی، لەم پرۆسەیەدا دەست بەسەر ٢٥ ملیار دیناری عێراقی، ٢٠٠ هەزار دۆلاری ئەمریکی، لەگەڵ ٤ کیلۆگرام زێڕ و خشڵی بەنرخدا گیراوە.

دادگاکە جەختی کردەوە کە ئەم دۆسیەیە بە یەکێک لە گەورەترین دۆسیەکانی بەهەدەردانی سامانی گشتی دادەنرێت و لێکۆڵینەوەکان بۆ دەستگیرکردنی سەرجەم تۆڕی تێوەگلاوی ئەم گەندەڵییە بەردەوام دەبن.



PM:01:10:16/07/2026