فوئاد حسێن: فشار لەسەر بەغدا هەیە بۆ تێوەگلان لە شەڕدا

وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حسێن، ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی بە تەواوی دژی هەڵگیرسان، بەردەوامی و فراوانبوونی بازنەی شەڕە لە ناوچەکەدا، و ئاشکرای کرد کە فشارێکی زۆر لەسەر بەغدا هەیە بۆ ئەوەی پەلکێشی ناو ئەم شەڕە بکرێت.

فوئاد حسێن لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "العربیة/الحدث" ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی ئەم شەڕەوە زیانی قورسی مادی و گیانی بە عێراق گەیشتووە، بە شێوەیەک کە تا ئێستا نزیکەی ٢٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە. ناوبراو ڕوونیشی کردەوە کە لە سەرەتای دەستپێکردنی ئاڵۆزییەکانەوە لە ناوچەکەدا، پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی عێراق بە تەواوی ڕاوەستاوە.

پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی کەنداو

سەبارەت بە دراوسێکانی، وەزیری دەرەوە دووپاتی کردەوە کە عێراق سوورە لەسەر پاراستنی پەیوەندییەکی توندوتۆڵ لەگەڵ دەوڵەتانی کەنداو و سەرکۆنەی هەر هێرشێک دەکات کە ئاسایشی ئەوان بخاتە مەترسییەوە. هەروەها ئامادەیی بەغدای نیشان دا بۆ پەرەپێدانی هاوکارییە ئەمنییەکان و ئاڵوگۆڕکردنی زانیاریی هەواڵگری لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا.

چارەنووسی چەکی گرووپە چەکدارەکان

تایبەت بە پرسی سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، فوئاد حسێن ئاشکرای کرد کە تا ئێستا سێ گرووپی چەکدار بە کردەوە چەکەکانیان داناوە و ڕادەستی حکومەتیان کردووە، بەڵام پرۆسەی گفتوگۆ و یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی چەکەکانی "کەتیبەکانی حیزبوڵا" و "بزووتنەوەی نوجەبا" هێشتا بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە.




AM:10:11:18/07/2026