عەلی فالح زەیدی بەمزووانە سەردانی تاران دەکات

سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ باڵیۆزی ئێران لە بەغدا کۆبووەوە و تەوەری سەرەکیی دیدارەکە ئامادەکاری بوو بۆ ئەو سەردانە فەرمییەی کە بڕیارە کۆتایی ئەم هەفتەیە سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ تاران بیکات.

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠ی تەممووزی ٢٠٢٦ عەلی فالح زەیدی، پێشوازی لە محەممەد کازم ئالسادق باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەغدا کرد و بەپێی ڕاگەیەنراوی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە دیداری نێوانیاندا باس لە پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و بەهێزکردنی هاوئاهەنگییە هاوبەشەکان لە بوارە جیاوازەکاندا کراوە

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ئامادەکارییەکان بۆ سەردانە فەرمییەکەی عەلی زەیدی بۆ تاران ڕێکخران و ئەو دۆسیانە تاوتوێ کران کە لە کاتی سەردانەکەدا کاریان لەسەر دەکرێت بە مەبەستی چالاککردنی هاوئاهەنگییەکان و فراوانکردنی ئاسۆی هاوبەشیی نێوان هەردوو وڵات

ئەم سەردانە چاوەڕوانکراوە لە کاتێکدایە کە رۆژی یەکشەممە سەرۆک وەزیرانی عێراق لە گەشتەکەی بۆ ئەمریکا گەڕایەوە کە تێیدا ٤٨ ڕێککەوتن و یاداشتی تێگەیشتنی لەگەڵ واشنتن واژۆ کرد بوو.

هاوكات، فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، ئاماژەی بەوە کردبوو کە بڕیار وایە لە ٢٣ی ئەم مانگەدا سەرۆکوەزیران و شاندێکی یاوەری ڕوو لە تاران بپێچن بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پێشهاتەکانی ناوچەکە.



PM:10:15:20/07/2026