عەمار حەکیم: یاسای رزگاربووانی ئێزدی جێبەجێبکرێت

بە ئامادەبوونی چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق، ١٨مین کۆنفرانسی ساڵانەی ئیسلامیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بەڕێوەچوو.

لەم کۆنفرانسەدا تیشک خرایە سەر بارودۆخی ئافرەتان لە عێراق و ئەو تەحەدییانەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، بەتایبەت ئەو ژنانەی بوونەتە قوربانیی دەستی گروپە تیرۆریستییەکان
.

عەلی فالح زه‌یدی ئه‌مڕۆ له‌ وتارێكدا له‌ هەژدەهەمین کۆنفرانسی ڕۆژی ئیسلامی بۆ بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، کە لە پایتەخت بەغدا لەلایەن ڕەوتی حیکمەی نیشتمانییەوە ساز کرا، رایگه‌یاند، بەردەوام دەبن لە کارکردن بۆ سەرلەنوێ پێکهاتنەوەی ئەنجومەنی باڵای خانمان و کاراکردنەوەی بە دیدێکی نوێوە کە ئامانجی مەبەست بپێکێت، بۆ ئەوەی بێتە چەترێکی یاسایی و جێبەجێکار بۆ هەمیشەیی بەرزکردنەوەی پێگەی ژنی عێراقی.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "ژنان لە بەرنامەی حکومییەکماندا گرنگی و ڕێزپێدانیان پێدراوە، ئەوەش بە باوەڕبون بە گرنگییەکەیان لە گەشەپێدانی گشتگیردا".

زه‌یدی وتیشی، "ژنی عێراقی بەشداربون لە ڕوبەڕوبونەوەی تەحەدا و بارودۆخەکان کە هەمو عێراقییەکان پێیدا تێپەڕین، لە کاتێکدا دژایەتی باندەکانی داعشیان دەکرد کە دیمەنی دڕندانەی توندوتیژییان دژی ژنانی عێراقی ئەنجامدا".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "تەحەداکان وەک پاڵنەرێک وان بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی ئارام کە ڕێگری لە دەستدرێژیکردنە سەر ژنان و کەمکردنەوەی پێگەیان بگرێت لە ڕێگەی ڕێکارە توندەکان و یاساکانەوە".

هەر لەو کۆنفرانسەدا عەمار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی ، داوای لابردنی ئاستەنگییە ڕێکارییەکان دەکات بۆ ئەوەی ڕزگاربووانی ئێزدی بە مافە یاساییەکانیان بگەن.

عەمار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی لە وتارێکدا داوای جێبەجێکردنی تەواوەتی و دادپەروەرانەی یاسای ڕزگاربووانی ئێزدی کرد. ناوبراو جەختی لەسەر پێویستیی نەهێشتنی ئەو ئاستەنگە ڕێکاری و بیرۆکراسییانە کردەوە کە بوونەتە ڕێگر لەبەردەم گەیشتنی ژنانی ئێزدی بە مافە دارایی و مەعنەوییەکانیان کە لە یاساکەدا چەسپێنراون.


سەرۆکی ڕەوتی حیکمە پێشنیازی کرد کە دیراسەی فراوانکردنی یاساکە بکرێت تاوەکو هەموو ئەو ژنە عێراقییانە بگرێتەوە کە ڕووبەڕووی تاوانەکانی تیرۆر بوونەتەوە و تاوەکو ئێستا یاساکە نەیگرتوونەتەوە. حەکیم ئاماژەی بەوە کرد کە دەبێت دادپەروەری لەسەر بنەمای "سروشتی تاوانەکە و قەبارەی زیانەکە" بێت، نەک لەسەر بنەمای ناسنامەی قوربانییەکە.

حەکیم دووپاتی کردەوە کە پێویستە یاساکان گشتگیر بن بۆ ئەوەی هیچ ژنێکی قوربانیی تیرۆر بێبەش نەبێت لە مافەکانی. ئەو داوای کرد کە دەبێت گۆڕانکاریی لە ڕێکارەکاندا بکرێت تاوەکو هەموو ئەو کەسانەی لە یاساکەدا ناویان هاتووە بەبێ جیاوازی سوودمەند بن و حکومەت پابەند بێت بە دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ ڕزگاربووان.




PM:12:32:25/07/2026