میدیا عێراقییەکان بڵاویان کردەوە لە درێژەی هەڵمەتە بەردەوامەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا کە بە "هەڵمەتی بەرەبەیان" ناسراوە، تیمێکی هاوبەشی دەستەی دەستپاکی و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و بانکی ناوەندیی عێراق لە پارێزگای دیوانییە چەندین بەرپرسی شارەوانییان دەستگیر کرد، هاوکات فەرمانی دەستگیرکردن بۆ جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاکەش دەرچوو.
ئەم ڕێکارە نوێیانە دوای ئەوە هاتن کە ئەنجوومەنی پارێزگای دیوانییە دوای پشکنینێک تێبینیی ٤٠ سەرپێچی و بەهەدەردانی پارەی لە بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانی تۆمار کرد و دۆسیەکەی ڕەوانەی دەستەی دەستپاکی کرد.
لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا عەلی ڕەحمان و هاتف سوێد بەڕێوەبەرانی پێشووی شارەوانی دەستگیر کران، هاوکات فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سەیف نائیلی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا و ٦ بەرپرسی دیکەی بەشەکان دەرچوو کە بەشێکیان هەڵاتوون.
تۆمەتی سەرەکیی تێوەگلاوان بریتییە لە دروستکردنی چەکی بانکیی ساختە و هێشتنەوەی مۆری فەرمی لە ماڵەکانیاندا بە مەبەستی دەرکردنی پسوولەی کڕینی نایاسایی و خەرجکردنی پارەی دەوڵەت بۆ بەرژەوەندیی تایبەت.