روبەیعی هەڕەشە لە ئۆباما دەکات

سیاسی ناسراوی عێراق موفەق روبەیعی هەڕەشە لە ئۆباماو سووپای ئەمەریکا دەکات ئەگەر بۆردومانەکانیان حەشدی شعبی و راوێژکارە ئێرانییەکان بکەنە ئامانج، ئەوا لە عێراق دەریان دەکەن.

موفەق روبەیعی کە پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسایەو راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانی عێراق هەڕەشەی ئەوە لە ئۆباماو سەرۆکی ئەرکان مارتن دیسبی و بەڕێوەبەری دەزگای سیخوڕی جون بایرن دەکات کە ئەگەر بەناوی " ئاگری دۆستەکانەوە" فڕۆکەکانی ئەمەریکا حەشدی شەعبی و راوێژکارە ئێرانییەکان بۆردومان بکەن، ئەوا هەموو راوێژکارە ئەمەریکییەکان لە عێراق دەردەکەن.

روبەیعی ئەوە ئاشکرا دەکات کە تا ئێستا سێ جار حکومەتی عێراق هەر دوو باڵویزی ئێران و ئەمەریکای پێکەگەیاندووەو کۆبوونەوەی بۆ سازکردوون بۆ ئەوەی بارگرژی دروست نەبێت لە نێوانیان.

روبەیعی کە ئەندامی پەرلەمانە، تا ئێستا نازانرێت چۆن پەرلەمانتارێک دەتوانێت هێزەکانی ئەمەریکا لەعێراق دەربکات.

ئەم هەڕەشەیەی روبەیعی لە کاتێکدایە فرۆکەکانی هاوپەیمانان دوو رۆژە بەشداری دەکەن لە بۆردومانی چەکدارانی داعش لەشاری تکریت. 




PM:05:25:27/03/2015