دوێنی لهبهغدا ههر سێ سهرۆکایهتیی عێراق ( سهرۆک کۆمار، سهرۆکایهتی پهرلهمان، سهرۆکایهتی ئهنجومهنی وهزیران ) کۆبوونهوهو لهو کۆبوونهوهیدا رێککهوتن لهسهر چارهسهری کێشهکانی نێوان بهغداو ههرێم و چهندین بڕیاری تری ئابوری و ئهمنی دران.
بهپێی بهیان کۆتایی کۆبوونهوهکه سهبارهت بهناکۆکیهکانی ههرێم و بهغدا، ههر سێ سهرۆکایهتی رێککهوتن " زەمینە خۆشكردن لە لایەن حكومەتی فیدراڵیی و حكومەتی هەرێمی كوردستانەو بۆ بەردەوامبونی دیالۆگ و هاوكاریی بۆ تێكشكاندنی داعشی تێرۆریست و تێرۆر و پێشوازیكردنی وەفدی لێپرسراوانی حكومەتی هەرێم بۆ بەغداد بە مەبەستی تاوتوێكردن و چارەسەركردنی مەسەلە هەڵپەسێراوەكانی نێوانیان " .
بەیانی كۆتایی كۆبونەوەی سێ سەرۆكایەتییەكە لەگەڵ سەركردە و نوێنەرانی لایەنە سیاسییەكان
لە 28/1/2016
لە پەرۆشیی بۆ بەرژەوەندییە باڵاكان و زامنكردنی بەدیهێنانی سەركەوتنی یەكجارەكی بەسەر تێرۆردا ، بە مەبەستی گەشە پێدانی كار راپەڕاندن لە ئاست و بوارە جیاجیاكان بۆ پێشخستنی وڵات لە هەردو ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا ،
ئێوارەی رۆژی پێنج شەممە 28/1/2016 بە ئامادەبونی بەڕێزان سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیر و سەركردە و سەرۆكی كوتلە سیاسییەكان لە كۆشكی سەلام لە بەغداد كۆبونەوەیەك بەڕێوەچو.
بە ئامانجی تێپەڕاندنی كێشە و كۆسپەكان و پشت بەستن بە پرەنسیبی یەك هەڵوێستیی نیشتمانیی لە مامەڵەكردن لەئاست هەمو گۆڕانكاریی و پێشهاتە ناوخۆییی و دەرەكییەكان، هەستكردنێكی بەرز بە لێپرسراویەتیی باڵی كێشابو بەسەر كۆبونەوەكەدا و تیایدا بەرژەوەندیی عێراقیان خستە ریزی پێشەوە لەسەرو بەندی ئەم هەلومەرجە ئیقلیمیی و نێودەوڵەتییەدا كە بارگاویە بە ناكۆكیی و مەحكومە بە بەرژەوەندییە دژ بەیەكەكان و قوڵ بونەوەی قەیرانی ئابوریی.
كۆبونەوەكە گفتوگۆیەكی راشكاوانە و جدیی تیادا كرا سەبارەت بە مەسەلە سیاسیی ،ئەمنیی و گۆڕانكارییە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكان و پێگە و جێگەی عێراق لەم نێوەندەدا ، روانین و بۆچونەكان لە ئاست زۆربەی تەوەرەكانی كۆبونەوەكە لێك نزیك بون .
لە روانگەی دەربڕینی یەك هەڵوێستیی ئامادەبوانی كۆبونەوەكە و هەستكردن بە لێپرسراوێتیی لەسەر ئەم خاڵانە رێككەوتن:
لایەنی ئەمنیی :
یەكەم : ستایشكردنی سەركەوتنە مەزنەكانی ئەم دواییەی هێزە چەكدارەكان و دەزگا ئەمنییەكان و هێزەكانی حەشدی شەعبیی و پێشمەرگە و پشتیوانیی عەشایرەكان بەسەر تاقمی تێرۆریستی داعشدا، بە تایبەت دوای ئەو هەڵمەت و نەبەردییانەی كە رزگاركردنی رومادی و چەندین ناوچەی تری پارێزگای ئەنباریان بەدیهێنا .
دوەم : بانگهێشتكردنی كوتلە و هێزە سیاسییەكان بۆ پشتیوانیكردنی هێزە ئەمنییەكانمان لە روی سیاسیی و مەعنەویی و پشتگیریكردنی حكومەت لە پێناوی گەشەپێدانی پلانەكانی كۆمەكی لۆژیستیی و ئامادەسازیی و پڕ چەككردنیان و هەنگاونان بۆ رزگاركردنی باشوری كەركوك و پارێزگای موسڵ .
سێیەم : ئامادەبوانی كۆبونەوەكە پەلامار و تەقینەوە تێرۆریستییەكان و سوتاندن و تەقاندنەوەی مزگەوت و شوێنەكانی خواپەرستییان ئیدانە كرد ، داوایان لە دەزگا ئەمنییەكان كرد هەوڵەكانی چڕ تر بكاتەوە بۆ دەستگیركردنی تاوانباران و راپێچكردنیان بۆ بەردەم دادگا و زیان لێكەوتوەكانیش قەرەبو بكرێنەوە ، هاوكات داوای ئەفەرۆز كردنی گوتاری تائیفیی و فیكری تەكفیرییان كرد ..
چوارەم : پشتیوانیكردنی دەزگا ئەمنییەكان لە بەرپەرچدانەوە و نەهێشتنی تاوانی پلان بۆ دانراو ، بە تایبەتیی تاوانەكانی رفاندنی هاوڵاتییانی عێراقیی و بیانیی و تاوانەكانی تاڵانكردن و دەستبەسەراگرتن و هەڵكوتانەسەری چەكدار و، قەدەغە كردنی قۆڵ بەستكردنی هیچ هاوڵاتییەك بە بێ بڕیاری گرتن یاخود دەستبەسەر كردنی لە شوێنە ناقانونییەكاندا ، هاریكاریكردنی بەهێزكردنی توانا و شارەزایی دامەزراوە ئەمنییەكان لە پێناوی بەرەنگار بونەوەی ئەم تاوانانە و ئاشكرا كردنی شوێنی دەستبەسەركردنی رفێنراو و دەستبەسەر كراوەكان .
پێنجەم : گرتنە بەری رێوشوێنی پێویست بۆ ئەوەی چەك و تەقەمەنیی بە تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت و سانسۆركردن چالاك بكرێت بۆ دیاردەی چەك فرۆشتن و رێگرتن لە بەكارهێنانی چەك و تەقەمەنیی بە ناقانونیی.
شەشەم :دامەزراندنی سەرۆكی دەزگا ئەمنییەكان فەرماندەی فیرقە سەربازییەكان بە پێی دەستور و بەرنامەی حكومەت و چەردە چاكسازیییەكەی و داوا لە ئەنجومەنی نوێنەران بكرێت دەنگی لەسەر بدات.
حەوتەم :پشتیوانیكردنی هێزە چەكدارەكانمان و پێشمەرگە و حەشدی شەعبی و عشایرە بەرگرییكارەكان و دابینكردنی هەمو توانا و موچە و پێداویستییە سەرەكییەكان بۆیان بەو جۆرەی بەردەوام بونیان زامن دەكات لە جەنگی پیرۆزی دژ بە تێرۆر .
قەیرانی ئابوریی ودەرەنجامەكانی :
ئامادەبوانی كۆبونەوەكە رێككەوتن لەسەر پێویستیی پەلە كردن لە گرتنە بەری ئەو رێوشوێنە حكومیی و پەرلەمانیی و قانونییانەی كە دەبنە مایەی تێپەڕاندنی قەیرانی ئابوریی ئێستا ، لەوانە:
یەكەم : هەنگاو نان بۆ بەگژاچونەوەی گەندەڵیی بە هەمو جۆرەكانییەوە و دیاردەی بەفیڕۆ دانی موڵكی گشتیی، ئەوەش لە رێی چالاك كردنی رۆڵی دادگا و داواكاری گشتیی و دەستە بەر كردنی پشتیوانیی بۆ كاری كۆمیسیۆنی دەستپاكیی(نەزاهە) و دیوانی چاودیرَیی داراییەوە .
دوەم : كەمكردنەوەی ئاسەواری كورتهێنانی بودجە، ئەوەش لە میانەی گوشارخستنە سەر خەرجییەكان و كۆنترۆڵكردنی خەرجییە ناپێویستەكان.
سێ یەم : پشتیوانیكردنی حكومەت لە بڕیارو رێوشوێنەكانی بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی یاخود كەمكردنەوە و سوك كردنی كاریگەرییەكانی لەبەر رۆشنایی راسپاردەكانی كۆمیتەی ئابوریی ئەنجومەنی یوەزیران و راوێژكاران و شارەزایانی پسپۆڕ بەو جۆرەی عەدالەت دەستە بەر دەكات ئاستی بژێوی ئەوانەش زامن دكات كە داهاتیان سنور دارە .
.
چوارەم : كاركردن لەگەڵ كۆمەڵی نێو دەوڵەتیی بۆ یارمەتیدانی پرۆژەكانی ژێرخانی ئابوریی لە رێی قەرزی كەم سود یاخود درێژخایەن .
پێنجەم : كاراكردنی رۆڵی كۆمیتەی باڵا ی ئابوریی و كۆمەك كردنی بە كادیر و شارەزای پسپۆڕ و راسپاردنی بۆ داڕشتنی سیاسەتی وەبەرهێنان و ئاوەدانكردنەوە بە هاریكاریی وەزارەت و دامەزراوە پەیوەنددیارەكان و، چالاك كردنی رۆڵی كەرتی تایبەت و ئامادەكردنی پرۆژەی قانونە پێویستەكان بۆ چارەسەركردنی قەیرانی ئابوریی.
شەشەم : زەمینە خۆشكردن لە لایەن حكومەتی فیدراڵیی و حكومەتی هەرێمی كوردستانەو بۆ بەردەوامبونی دیالۆگ و هاوكاریی بۆ تێكشكاندنی داعشی تێرۆریست و تێرۆر و پێشوازیكردنی وەفدی لێپرسراوانی حكومەتی هەرێم بۆ بەغداد بە مەبەستی تاوتوێكردن و چارەسەركردنی مەسەلە هەڵپەسێراوەكانی نێوانیان .
مەسەلەی ئاوارە بوەكان
كۆبونەوەكە بڕیاری دا بە :
یەكەم : درێژەدان بە هەوڵەكان بە ئامانجی بەستنی كۆنگرەی نێودەوڵەتی بۆ بەدەستهێنانی دارایی پێویست بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچە رزگاركراوەكان و یارمەتیدانی ئاوارە و راگوێزراوەكان بە مەبەستی گەڕاندنەوەیان بۆ ناوچەكانیان.
دوەم : راگەیاندنی گرێبەستێكی نیشتمانیی سەرتاسەریی بۆ ئاشتیی ئەهلیی و كۆمەڵایەتیی ، كە لە ناوچە رزگاركراوەكاندا بە شێوەیەكی تایبەت كارا بكرێت ،رۆڵی دامەزراوەكانی دەوڵەت چالاك بكرێن و هان بدرێن بۆ راپەڕاندنی ئەرك و لێپرسراوێتیەكانیان ، لەوانە دیوانەكانی ئەوقاف ،بۆ قەدەغە كردنی گوتاری توندڕەویی و هاندانی گوتاری ئاینیی میانڕەو و لێبوردەیی.
قانونە راگیراو و وەستاوەكان
لەم بارەی ئەم مەسەلەیەوە ئامادەبوانی كۆبونەوەكە ئەم خاڵانەیان دوپات كردەوە :
1- پێویستیی پەسەند كردن و بڕیار دان لەسەر ئەو قانونانەی كەرێككەوتنی لەبارەوە كراوە بە پێی رێككەوتنە سیاسییەكەی بەرنامەی حكومەت یان ئەوەی لە كارنامەی چاكسازیی پەسەندكراوی هەردو ئەنجومەنی وەزیران و نوێنەراندا خراوەتە رو.
2- بایەخدانی زیاتر بە ئاكام گەیاندنی قانونە بنەڕەتییەكانی پرۆسەی تەواوكردنی بنیاتنانی دامەزراوەكانی دەوڵەت، بەو جۆرەی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێراوەكان زامن دەكات ،لەوانە پرۆژەی قانونی نەوت و گاز ، قانونی دادگای فیدراڵیی، قانونی ئەنجومەنی فیدراڵیی ،قانونی دابەشكردنی داهاتەكان و چاودێریكردنیان و قانونی پاسەوانی نیشتمانیی .
3- ئامادەبوان رێككەوتن لەسەر پێكهێنانی كۆمیتەیەكی بچوك كراوە لە هەر سێ سەرۆكایەتییەكە ، بەمەبەستی بەدواداچونی پەسەند كردن و بڕیاردان لەسەر ئەو قانونانە بە پێی خشتەیەكی زەمەنیی دیاریكراو .
هاوكات رێككەوتن كرا لەسەر درێژەدان بە دیدار و چاوپێككەوتنی دەوریی هاوشێوە بە تایبەت كە مەسەلە و روداوێك لە ئاستی عێراقیی یان ئیقلیمیی دێتە پێشەوە بۆ وەرگرتنی هەڵوێستی یەكگرتو و دیار و دیاریكراو لەبارەیانەوە .