پەرلەمانتارێکی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت" لە کۆبوونەوەکەدا دیار بوو بە ئاشکرا دژایەتیی پارتیی دیموکراتی کوردستان دەکرا، بە کوتلە عەرەب و کوردەکانیشەوە!
حاکم سەرحان سلێڤانەیی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و دارودەستەکەی کە دژی پارتیی دیموکراتی کوردستانن بە ئەنقەست قەناعەت بە وەڵامەکانی وەزیری دارایی خستە دەنگدان و پەرلەمان جگە لە فراکسیۆنی پارتیی کوتلەکان ھەموویان بە کوردەکانیشەوە دژی ئێمە بوون و دەنگیان دژی ئێمە دا؛ ئێمەش ناچار ھۆڵی کۆبوونەوەمان بەجێ ھێشت و چووینە دەرەوە."
حاکم سەرحان سلێڤانەیی وتیشی "سەرەڕای ئەو دژایەتییە پەرلەمانتار (عەواتف نەعمە)، ئەزیەتی (ئەشواق جاف) پەرلەمانتاری پارتیی دا؛ ئێمەیش لێی هاتینە دەست."
ئەمڕۆ لە پەرلەمانی عێراق لەسەر پرسی بڕواکردن بە وەڵامەکانی هۆشیار زێباری وەزیری دارایی کە بە زۆرینە بڕوایان بە وەڵامەکانی نەهێنا، بارگرژی لەنێوان پەرلەمانتارانی پارتی و هەیسەم جەبوری روویداو فراکسیۆنی پارتی لە کۆبوونەوەکە هۆڵی پەرلەمانیان جێهێشت و، پرسی سەندنەوەی متمانەش لە وەزیری دارایی دواخرا بۆ رۆژی دوو شەممە.