بۆ لێكۆڵینەوە لە ساختەكاریەكان بەرپرسانی كۆمیسیۆن بانگهێشت دەكرێن

لیژنەی باڵای ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ لێكۆڵینەوە لە ساختەكارییەكان بانگهێشتی چوار بەرپرسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان كردووە و داواشكراوە فلاش میمۆری تایبەتی بنكەكانی چەند ناوچەیەك بدرێتە لیژنەكە.

ئەو لیژنەیەی حكومەتی عێراق كە بۆ لێكۆڵینەوە لە ساختەكارییەكان پێكیهێناوە نوسراوێكی ئاڕاستەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان كردووە و  داوای لە هەریەكە لە سەرۆكی ئەنجومەنی كۆمسیاران و سەرۆكی بازنەی هەڵبژاردنەكان و بەرپرسی هەڵبژاردنەكانی دەرەوە و بەرپرسی ئامێری زانیاریەكان كە سەرپەرشتی كاری ئامێرەكانی دەنگدانی كردووە ئەمڕۆ لە لیژنەی دەستپاكی ئامادەبن.

لە نوسراوەكەدا داواكراوە لە ماوەی ٢٤ كاتژمێردا ناوی تەواوی دەنگدەرانی دەرەوەی وڵات و ناسنامەكانیان و دەنگدەرانی تایبەت و ئاوارەكان بداتە لیژنەكە و داواشكراوە فلاش میمۆری تایبەتی بنكەكانی ناوەندی كەركوك و داقوق و واسیتی و تسعین و چەند ناوەندێكی دیكەی دەنگدان لە پارێزگای سەڵاحەدین بدرێتە لیژنەكە.

لیژنەی باڵای لێكۆڵینەوە لە پرسی هەڵبژاردنەكانی ١٢ی ئایار لەلایەن حكومەتی عێراقەوە پێكهێنراوە بۆ دڵنیابوون لە سكاڵا و نیگەرانی بەشێك لە لایەنەكان لەسەر بوونی ساختەكاری و یاریكردن بە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان.




AM:11:12:28/05/2018