کۆمیسیۆن ڕێوشوێنی دروستکردنی گەورەترین کوتلەی هەڵوەشاندەوە

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاری پێشووی خۆی لەبارەی چۆنێتی پێکهێنانی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی هەڵوەشاندەوە، کە کێشە و ناکۆکییەکانی زۆری لە نێوان لایەنەکان دروستکردبوو.

کۆمسیۆنی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت "دوای ئەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە ٣٠ی ئابدا بڕیاریدا بە درێژکردنەوەی هەڵپەساردنی کاری ئەنجومەنی کۆمسیاران، لە ئێستادا ناتوانن کار بە یاسای حزب و رێکخراوە سیاسییەکان بکەن".

ڕاشیگەیاندووە، بەهۆی ڕاگرتنی کاری ئەنجومەنی کۆمسیارانەوە، کار بە ڕێوشوێنەکانی دیاریکردنی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی ناکرێت، لە خولەکانی پێشووی پەرلەمان چۆن گەورەترین کوتلە دیاریکراوە، ئەمجارەش هەر بەو شێوازە دەبێت".

لەگەڵ ئەوەشدا کۆمسیۆن، جەختی لەوەکردووەتەوە لەبەردەم لایەنە یاساییە پەیوەندیدارەکان تانە لە بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران دەدەن لە بارەی ڕاگرتنی کارەکانیان، هەروەها چاوەڕێی دەستپێکردنی دانیشتنەکانی پەرلەمان دەکەن، لەبەرئەوەی کۆمسیۆن لەژێر دەسەڵاتی پەرلەماندایە.

لە کۆتایی مانگی ڕابردوودا کۆمسیۆنی عێراق داوای لە حزب و لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمان کرد بۆ پێکهێنانی گەورەترین کوتلە سەردانی کۆمسیۆن بکەن و بە گوێرەی ڕێوشوێنەکانی کۆمسیۆن گەورەترین کوتلە دروست بکەن، نەک لە نێو پەرلەمان وەکو چۆن لە خولەکانی پێشوو ئەنجامدەدرا.

ئەو بڕیارەی کۆمسیۆن ناکۆکی لە نێوان لایەنەکان دروستکرد، حەیدەر عەبادی بڕیارەکەی هەڵوەشاندنەوە و ڕایگەیاند،  بڕیاری هەڵپەساردنی کارەکانی کۆمسیۆن بەردەوامە و ناتوانێت هیچ بڕیارێک دەربکات، بەڵام هەندێک لایەنی شیعە کە ڕکابەری حەیدەر عەبادین پاڵپشتی خۆیان بۆ کۆمسیۆن دەربری.

بەپێی ڕێوشوێنەکانی خولەکانی پێشوو، لە نێو هۆڵی پەرلەمان چەند هاوپەیمانیێتییەک یەکدەگرن و کوتلەیەک پێکدەهێنن، هەر کوتلەیەک ژمارەی ئەندامەکانی زۆرتر بێت، ئەوەیان بە پێکهێنانی حکومەت ڕادەسپێردرێت.



PM:04:14:01/09/2018