پەرلەمانتارێکی کورد لە پەرلەمانی عێراق باسی دوو رێگا چارە دەکات بۆ زیادکردنی بوودجەی هەرێم و ئەو پرسەش دەخەنە بەردەم پەرلەمانی عێراق بۆ گفتوگۆکردن.
لە لێدوانێکی تایبەت بۆ سپی ئەحمەد حاجی رەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، ئاشکرای کرد " بەپێی ئاماری وەزارەتی پلاندانان کە بە بەڵگە لامانە. رێژەی كورد 13.92%ی دانیشتوانی عیراقە، بۆیە دوو بژاردەمان ئامادەكردووە، بۆ زیادکردنی پشکی بودجەی هەرێم لە بودجەی عێراق".
ناوبراو دەڵێت" دەکرێت پشكی كورد بكرێت بە 14% لەبودجەی 2019ی عیراق، یاخود رێژەی پشكی كورد هەروەك خۆی بێت، بەڵام بڕی 900 ملیار دیناری بۆ زیاد بكرێت".
ئەحمەدی حاجی رەشید دەڵێت " دەتوانرێت موچەی دوو مانگی فەرمانبەرانی پێبدرێت".
ئەو پەرلەمانتارەی کۆمەڵ ئەوەشی خستە روو "پشكی هەرێم لەبودجەی 2019ی عیراق، 9 تریلیۆن و 301 ملیاری دینارە، ئەگەر ئەو 900 ملیارە زیاد بكەین، بڕەكەی دەبێتە 10 تریلیۆن و 201 ملیار دینار، ئەگەر موچەی پێشمەرگەو فەرمانبەرانیش زیاد بكرێت، بڕی پارەكە زۆر زیاتر دەكات و بۆ هەرێمی كوردستان باش دەبێت.
ئەو لەکاتێکدا ئەو پێشنیارانە دەکات، دوو دڵی خۆشی ناشارێتەوە، لە هەڵوێستی حکومەتی هەرێم و دەڵێت " ئایا هەرێم پابەندە دەبێت بەرادەستكردنی نەوت بەعیراق، بەپێی یاسای بودجە، پێویستە هەرێم رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی عیراق بكات و هەر بڕێكی دیكەشی هەناردە كرد، ئەویش رادەست بكات، بۆیە باشتروایە وەفدێكی هەرێم سەردانی بكات بۆئەوەی رێككەوتن بكات لەسەر ئەوەی ئەو 150 هەزار بەرمیلە نەوتەی دەمێنێتەوە، هەرێم خۆی بۆ شایستەی دارایی كۆمپانیاكان هەناردەی بكات".
بەپێی پڕۆژەی ئامادەکراوی بودجەی عێراق کە لەلایەن حکومەتی عەبادیەوە ئامادەکراوە، پشکی هەرێم لەو پرۆژەیەدا ٩ ترلیۆن و ٣٠١ ملیار دینارەو دانیشتوانی هەرێم لە ١٢% خەمڵێنراوە".