محەمەد تۆفیق عەلاوی كاندیدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق لە پەیامێكدا سەبارەت بە راسپاردنی رایگەیاند" كار بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت دەكەن و حكومەتێكی دوور لە پشك پشكێنەش پێكدەهێنن".
محەمەد تۆفیق عەلاوی، كاندیدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق رایگەیاند" كە ئەوان كار بۆ پێكهێنانی كابینەیەكی دادپەروەر دەكەن و سزای سەرپێچیكاران دەدەین كە بوونەتەهۆی ئازار گەیاندن بە خۆپیشادەران و قەرەبووی كەسوكاری شەهید و بریندارەكانیش دەكەنەوە".
داوای لە خۆپیشاندەرانیش كرد بە خۆپیشاندانی ئاشتییانە بەردەوام بن بۆ خستنەرووی داواكارییەكانیان، بەڵێنیشدا ئاسایشی عێراق و خۆپیشاندەرانیش بپارێزێت.
وتیشی" تاكو كاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن حكومەتێكی تەكنۆكرات و دوور لە پشك پشكێنەی حزبایەتی پێكدەهێنن".
ئەمەش لە کاتێکدایە ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق محەمەد تۆفیق عەلاوی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق ڕاسپارد.
بایۆگرافیای محەمەد تۆفیق عەلاوی، کاندیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق:
عەلاوی ناوی تەواوی محەمەد تۆفیق حسێن عەلاوی رەبیعییە، ساڵی 1954 لە شاری بەغداد لە دایك بووە، خوێندنی ئامادەیی لە بەغداد تەواو كردوە و دواتر بۆ خوێندنی ئەندازیاری بیناسازی چووەتە زانكۆی بەغداد، بەڵام لە ساڵی كۆتایی زانكۆ وازیهێناوە، ساڵی 1977 بۆ خوێندن چووەتە لوبنان و لە ساڵی 1980 كۆلێژی ئەندازیاری لە زانكۆی ئەمریكی لە بەیروت تەواو كردوە، لە ساڵی 2005 ەوە وەكو سیاسییەكی هێراقی چووەتە ناو لیستەكەی ئەیاد عەلاوی كە لە ئێستادا ناوی هاوپەیمانی نیشتمانییە، لە ساڵی 2006 بووە بە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە ناوەراستی ساڵی 2006 تاكو كۆتایی 2007 وەزیری گەیاندنی عێراق بووە، لە ساڵی 2008 لە شوێنی پەرلەمانتارێكی لیستەكەی جارێكی تر چووەتەوە بۆ پەرلەمان و تاكو 2010 بەردەوام بووە، لە هەڵبژاردنی ساڵی 2010 دا جارێكی تر بە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبژێردراوەتەوە، لە كۆتایی ساڵی 2010 بووەتەوە بە وەزیری گەیاندن، بەڵام لە ساڵی 2012 بەهۆی ناكۆكی لەگەڵ نوری مالیكی دەستی لە پۆستەكەی كێشاوەتەوە.