٣٣٣ بەرپرس کە ٢٠ بەپلەی وەزیرن بەتۆمەتی گەندەڵی درانە دادگا

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق پەردە لەسەر دۆسیەی گەندەڵی کارەبا هەڵدەداتەوەو دەڵێت " ٣٣٣ بەرپرس لەسەر ئەو دۆسیەیە دراونەتە دادگا کە ٢٠ بە پلەی وەزیرن".

 

 
جەمال محەمەداوی پەرلەمانتاری عێراق پۆستی ئەو بەرپرسانەی بۆ ئاژانسی عێراقییەکان ئاشکرا کرد لە دۆسیەی گەندەڵی کارەباوە گلاون و وتی" ٢٠ کەس لەنێو دۆسیەکەدایە بە پلەی وەزیر کە ڕووبەڕووی داداگا کراونەتەوە کە خاوەنی دوو رەگەزنامەن، یەکێکیان عێراقی و ئەوی تریان رەگەزنامەی وڵاتێکی تر".

 


ئەو پەرلەمانتارە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتە کە پێوسیتە لە هەڵبژاردنی کەسەکان بۆ وەرگرتنی پۆست ئەوانە وەرنەگیرێن کە زیاتر لە رەگەزنامەیەکیان هەیەو، وتیشی " ٢٠ لەو ٣٣٣ کەسەی کە دراونەتە دادگا بە بێ ئامادەبوونی خۆیان دادگایی کراون لەبەرئەوەی خاوەنی دوو رەگەزنامەن کە پۆستەکانیان بەڕێوەبەری گشتی بووە، هەروەها ٢٧ هەشیان بەتۆمەتی کەتن حوکمدراون لە دۆسیەی گەندەڵیەکانی کارەبادا".

 

 
جەمال محەمەداوی وتیشی " کۆمەڵێکی تر لەو تۆمەتبارانە لە پلەی کەمتر لە بەڕێوەبەری گشتیدان، کە ٢٨٦ تۆمەتبارن دراونەتە دادگا و تەنها کەفالەت بۆ ٧٢  کەسیان کراوە کە دووانیان وەزیرن و ٤ یان بەڕێبوری گشتین و ٦٦ یان پلەی نزمترین هەیە".

 



PM:07:25:02/01/2021