راپرسی سەربەخۆیی سکۆتلەند و درزکەوتنە سیاسەتی بەریتانیا

‌سکۆتله‌ند به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی - ئینته‌رنێت
نوسینی: بن رایت
بۆ کوردی: رەزا مەنوچەهری

ئەو بورجەی گەشتیارەکان پێی دەڵێن بیگ بن لە خۆری پاییزدا دەدرەوشێتەوە. شەقامەکانی دەوروبەری پەرلەمانی بەریتانیا لێوانلێوە لەو گەشتیارانە، کە لەو بورجە کاتژمێردارە وێنە دەگرن. لە سیئولەوە تاوەکو ئیسپانیا ئەو کاتژمێرە وەک هێمای حکومەتی بەریتانیا دەناسرێت: سەقامگرتو، تۆکمە و هەمیشەیی.

هەر وەک جۆرج ئۆرێڵ لە ساڵی ١٩٤١ نووسیویەتی بەریتانیا "درێژەی دەبێت و لە داهاتو و رابردودا پەلی هاوێشتوە. شتێکی تێدایە، کە پێداگری لەسەر مانەوە دەکات، هەر وەک گیانەوەرێک".

بەڵام هیچ شتێک نامێنێتەوە.

سیاسەتمەدارەکانی حکومەتی ناوەندیی بەریتانیا (وست مینستر) تووشی سەرسوڕمان بوون. هەست دەکەن سیاسەت خەریکە درزی تێدەکەوێت. پارتە سەرەکییە سیاسییەکان لە هەوڵدان سکۆتلەند لە چوارچێوەی بەریتانیادا بهێڵنەوە.
ئەو وێنا خەواڵوە، کە لەو بڕوایەدا بوو هەرگیز جیابوونەوە روو نادات  بە هەڵەدا چوو بوو. ئەگەر جیابوونەوە (پارچەبوون) روو بدات بەمزوانە پەرلەمانی وست مینستر ٥٩ نوێنەری سکۆتلەند لە دەست دەدات.

زیانە سیاسییەکانی ئەو رووداوە بۆ دەیڤید کامرۆن (سەرۆک وەزیران) و ئەد میلیباند (سەرۆکی پارتی کرێکاران و گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی حکومەت) زۆر قورس دەبێت.

ئەگەر سکۆتلەند لە چوارچێوەی بەریتانیادا بمێنێتەوە ئەوا بەڵێنی ئەوە دراوە لە پێکهاتەی دەسەڵاتدا لە نێوان لەندەن و ئەدینبورو (پایتەختی حکومەتی خۆجێی سکۆتلەند) گۆڕانکارییەک روو بدات. لە بەشەکانی دیکەی بەریتانیادا گۆڕانکاری دیکە روو دەدەن. پێدەچێت وەرچەرخان لە دەسەڵاتدا لە ناوخۆی بەریتانیا کارێکی ناچارییە و یەکلا بووەتەوە. بە دڵنیاییەوە نوێنەرەکانی سکۆتلەند لە پەرلەمانی ئێستای بەریتانیادا مافی دەنگدانیان بۆ بابەتەکانی پەیوەندیدار بە بەریتانیاوە لە دەست دەدەن.

دەبێت وڵامێک بۆ پرسیار لە بارەی بابەتی وست – لوتیان بدۆزرێتەوە. (وست – لوتیان ئاماژە بەو بابەتە دەکات، کە ئایا نوێنەری بەشەکانی دیکەی بەریتانیا وەک سکۆتلەند، ئایرلەندای باکور و وێڵز دەبێت هەر وەک ئێستا مافی دەنگدانیان لە بارەی بابەتە تایبەتمەندەکان بە بەریتانیاوە هەبێت؟)
چەندان ساڵە دیواری سیاسەت درزی تێکەوتوە. نەک تەنها لە بابەتی جوداخوازبوونی چەند دەییەی رابردوی سکۆتلەندییەکاندا، بەڵکو لە کەمبوونەوەی متمانە بەخۆبوونی سیاسەتمەدارەکانی وست مینستریشدا ئەو درزە دەبینرێت. 

متمانەی گشتی بە سیاسەتمەدارەکانی بەریتانیا بۆ چەندین ساڵە رووی لەکەمبوونەوە کردوە. بۆ زۆربەی دەنگدەرەکان ئابڕووچوونی گەندەڵی و دارایی بەشێک لە پەرلەمانتارەکان لە ساڵی ٢٠٠٩ پوکانەوەی لە هەناوی سیاسەت بریتانیا دەخاتەڕوو. کاتێک نایجل فاراژ سەرۆکی پارتی سەربەخۆی شانشینی یەکگرتو (یوکیپ) بە گاڵتەجاڕییەوە توانجی لە سەقامگرتویی سیاسی وست مینستر دەدا بە کردەوە هەمان پەیامی کەمپینی سەربەخۆیی سکۆتلەندی دووبارە کردەوە.

جیاوازییەکی زۆر لە نێوان پارتی نیشتیمانیی سکۆتلەند (ئێس ئێن پی) و کەمپینی سەربەخۆیی سکۆتلەند لە لایەک و پارتی یوکیپ لەلایەکی دیکەوە بوونی هەیە، بەڵام هەر یەک لە (ئێس ئێن پی) و (یوکیپ) پارتی نەتەوەین و هەر دووکیان بەڵێنی رەتکردنەوەی سیاسەتەکانی ئێستا دەدەن. هەر یەک لەو دوو پارتە سوود لە بێتمانەیی گشتی، کە ئێستا لە سیاسەتەکانی حکومەتی ناوەندیی بەریتانیادا بوونی هەیە، وەردەگرن.

هەر یەک لەو دوو پارتە بۆ سێ حزبە سەرەکییەکەی بەریتانیا بوونەتە مۆتەکەی هەڵبژاردن، چونکە ئەو سێ حزبە سەرەکییە بۆ ماوەی چەندین ساڵ دەبێت ژمارەی ئەندامەکانیان روو لە کەمبوونەوە دەکات. ژمارەی ئەندامانی هەر سێ حزبە سەرەکییەکەی بەریتانیا کەمترە لە ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی شاهانە بۆ پارێزگاریکردن باڵندەکان.

راپرسی بۆ سەربەخۆیی سکۆتلەند سیاسەتی بەریتانیای تووشی شۆک کردوە و هەندێک پرسیاری قوڵ و خێرای لە وست مینستردا هێناوەتە پێشەوە. ئایا لە ئێستادا هیچ چارەیەک نییە جگە لە رابوونی نەتەوەیی بوون لە جۆری بەریتانی؟

ئایا لە سکۆتلەنددا شایەتی پەرچەکردارێکی نیشتیمانین بەرامبەر بە رەوتی "بەجیهانیبوون"؟ ئایا ئەو پارتە سیاسییانە، کە تاوەکو ئێستا ناوسیومانن دەتوانن لە شەپۆلی گۆڕانکارییەکاندا بە سەلامەت رزگاریان بێت؟

لەئێستادا حزبە سەرەکییە سیاسیەکانی ئەو وڵاتە بەرامبەر بە بابەتی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی سکۆتلەند توشی پەشۆکان بوون و بە نیگەرانییەوە سەیری داهاتوش دەکەن.

هەمو شتێک وەک پێشوتر دێتەبەرچاو، بەڵام سیاسەت لە وست مینستردا هەرگیز وەک پێشووتر نامێنێتەوە.

سەرچاوە:
http://www.bbc.co.uk/persian/world/2014/09/140910_at_scottland_wright.shtml



PM:11:44:13/09/2014