دوای شێواندنی گۆیژە
نۆرەی وشککردنی ئاوی سەرچنارە

لە کاتێکدا سەرباری هەموو ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی سلێمانی و ژینگە دۆستان، دژی شێواندن و تێکدانی سروشتی شاری گۆیژە، سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی بە پاڵپشتی بەڕێوەبەری نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، سەرقاڵی تێپەڕاندنی پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون و بازرگانی و گەشتیارین لە شوێنی گردی تاڤگەی سەرچنار و کارگە کۆنەکەی چیمەنتۆی سەرچنار کە لە کاتی ئەنجامدانیدا کاریگەری زۆر خراپی لەسەر ئاوی سەرچنار دەبێت کە بە یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکان ئاوی خواردنەوەی شاری سلێمانی دادەنرێت.

بەپێی ژمارەیەک نوسراو و دۆکۆمێنت کە دەست ماڵپەڕی " سپی " کەوتووە، لە جێگای گردی تاڤگەی سەرچنار و کارگە کۆنەکەی چیمەنتۆی سەرچنار، بەڕێوەبەری نووسینگەی قوباد تاڵەبانی و زۆرێک لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی سلێمانی ڕەزامەندیان پێشانداوە لەسەر ئەنجامدانی پرۆژەی (نیشتەجبوون و گەشتیاری و بازرگانی کاسۆکار) کە خاوەندارێتییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ وەبەرهێن، حسین مەلا ساڵح و ڕووبەرەکەی ٢٤٠ دۆنمە لەسەر گردی تاڤگەی سەرچنار و شوێنێ کارگەی چیمەنتۆ کۆنەکە دروستدەکرێت، لە حاڵەتی ئەنجامدانی ئەم پرۆژەیەدا زەرەری گەورە لە سەرچاوەی ئاوی سەرچنار دەدات کە پێداویستی لە ٣٧% ئاوی خواردنەوەی شاری سلێمانی دابین دەکات.

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی " سپی " هەر یەک لە بەڕێوەبەری نوسینگەی قوباد تاڵەبانی و، سەرۆکی شارەوانی سلێمانی و، بەرێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی و، بەڕێوەبەری نەخەشدانانی ئاوەدانی و، بەڕێوەبەری گەشتوگوزار، ڕەزامەندیان پێشانداوە لەسەر ئەنجامدانی ئەو پرۆژەیە، تاکە شوێنێک کە تا ئێستا ئەنجامدانی پرۆژەکەی راگرتووە، فەرمانگەی ئاوی ژێر زەویە کە لە هەفتەی پێشوودا وەڵامی سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانیان داوەتەوەو ناڕازین و بەلایەنەوە پەسەند نییە ئەو پڕۆژەیە لەوێدا بکرێت، چونکە کاریگەری زۆر خراپی لەسەر سەرچاوەی ئاوی سەرچنار دەبێت. 

جگە لە فەرمانگەی ئاوی ژێر زەوی کە دروستکردنی پرۆژەکەی رەتکردۆتەوە، هاوکات بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی لە رێگای نوسراوێکەوە کە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی سلێمانی کردووە، لە مەترسیەکی تری ئەم پرۆژەیە شارەوانی ئاگادار دەکاتەوە، چونکە بۆری سەرەکی ناقلی ( ١٤٠٠) ملم ( ٥٦ ) ئینج بۆری هێلی ئاوی دوکان – سلێمانی/٢ بە ناوەڕاستی شوێنی ئەو پرۆژەیەدا دەڕوات.

فەرمانگەی ئاوی سلێمانی لەو نوسراوەیدا کە ئاراستەی سەرۆکایەتی شارەوانیان کردووە هۆشداری دەدەن و دەڵێن" ئەو بۆریەی هێلی ئاوی دوکان – سلێمانی/٢ بەوێدا تێدەپەڕێت، پەستانێکی زۆری تیادایەو ئەگەری تەقینی هەیە، ئەگەر بتەقێت زیانێکی زۆری گیانی و مادی لێدەکەوێتەوە". هەروەها باس لە کاریگەری خراپی ئەو پرۆژەیە دەکەن لەسەر ئاوی سەرچنار.

پێتشتریش لە ساڵی ٢٠١٨ دا هەر لەهەمان شوێن و نزیک سەرچاوەی ئاوی سەرچنار بە رەزامەندی پارێزگاری سلێمانی وێستگەی سووتەمەنی ( تاڤگە ) دروستکرا، ئەو پرۆژەیەش لەلایەن فەرمانگەی ئاوی ژێر زەویەوە رەتکرایەوە، دواتر فەرمانگەکە دۆسیەکەی بردە داواکاری گشتی و کەیسەکەی جوڵاند و لیژنەی بۆ پێکهێنرا، لە دادگا بریار لەسەر کەیسەکە درا کە ئەو بەنزیخانەیە کاریگەری خراپی لەسەر ئاوی سەرچنار دروستکردووەو پێویستە لەو شوێنە لاببرێت، بەڵام تا ئێستا شەش ساڵ تێدەپەڕێت و رۆژانە ئاوەکە بەرێژەیەک پیس دەبێت و کاریگەری بۆ سەر تەندروستی هاوڵاتیان دەبێت، سەرباری ئەم مەترسییە، کەچی بڕیاری گواستنەوەی بەنزیخانەکە جێبەجێنەکراوە. 

ئەم پرۆژە نوێیەی ئێستاش  کە بە (نیشتەجێ و گەشتیاری و بازرگانی کاسۆکار) ناسراوەو حکومەت کار ئاسانی بۆ دەکات تا جێبەجێبکرێت، تا ئێستا هەنگاوەکانی بەنهێنی رۆشتووەو هاولآتیانی شاری سلێمانی ئاگایان لێ نییە، لە کاتێکدا پرسێکی ژیاریە بۆ شارەکە و بە سەرچاوەیەکی سەرەکی دابینکردنی ئاو خواردنەوەی بۆ شاری سلێمانی هەژمار دەکرێت.    

 


PM:02:44:08/06/2024