هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی داوا لە کۆمەڵە دەکەن بارەگاکانیان چۆڵبکەن


ئاسایشی سلێمانی ئاگاداری سەرجەم باڵە جیاجیاکانی کۆمەڵە دەکاتەوە کە لە زڕگوێز چەندان ساڵە بارەگایان هەیە چۆڵی بکەن.

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی " سپی " ئەمڕۆ چوار شەممە ٤ ی ئەیلول وەفدێکی ئاسایش  سەردانی بارەگاکانی کۆمەڵەی کردووەو لە ڕێگای نامەیەکی فەرمیەوە داوایان لێکردوون کە تا ١/١٠/٢٠٢٤ سەرجەم بارەگاکانیان لە زڕگوێز و زرێگوێزەڵە چۆڵبکەن.

ئەم داوایەی ئاسایشی سلێمانی لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنە ئەمنییەدایە کە عێراق و ئێران بە بەشداری نوێنەرانی حکومەتی هەرێم ئەنجامدراوەو سەرەتاکەشی دەگەڕێتەوە بۆ مانگی ئازاری ٢٠٢٣ کە لێکتێگەیشتنێک ئەنجامدراو دواتر زنجیرەیەک کۆبوونەوە لە تاران و بەغداو هەرێم کراو رێککەوتنەکە مۆرکرا، مانگی رابردووش وەفدێکی راوێژکاری ئاسایشی عێراق بە فەرمی هاتنە سلێمانی و بە بەرپرسانی باڵەکانی کۆمەڵەیان راگەیاند کە دەبێت بچنە ئەو کامپەوەو بارەگاکانیان چۆڵبکەن، هاوکات لە هەولێریش بارەگاکانی حزبی دیموکرات لە قەڵای کۆیە چۆڵکران.

بەپێی رێککەوتنەکەی ئێران و عێراق و هەرێم دەبێت باڵەکانی کۆمەڵە بگوێزنەوە کەمپێک لە ناوچەی سورداش کە پێشتر ئاوارە سورییەکانی تێدابووە، کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بڕیاری خەرجی نۆژەنکردنەوەی ئەو کەمپە دراوە.

باڵەکانی کۆمەڵەی ئێران کاتی نیشتەجێبوونیان لە زڕگوێز و زرگوێزەڵە دەگەرێتەوە بۆ هەشتاکانی سەدەی رابردوو کە سەدام حسێن حوکمەی عێراقی دەکرد.

بەپێی زانیارییەکانی " سپی " باڵەکانی کۆمەڵە هەندێک تێڕوانیان هەیە لە بارەی گواستنەوەیان بۆ سورداش، لەوانە داوای زەمانەتی ئەمنی دەکەن لە یەکێتی و لە شەخسی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی یەوە، هەروەها داوای ئەوە دەکەن کە بۆ چالاکی سیاسی نووسینگەیان لە شاری سلێمانیدا بمێنیت، ئەمە جگە لەوەی کە داوا دەکەن کەمپی سورداش بکرێتە بیانی کۆنکرێتی کە ئێستا کابینەیە.

کۆمەڵە کە نزیکەی زیاتر نیو سەدەیە لە زڕگوێز و زڕگوێزەڵەن لە باشوری رۆژهەڵاتی سلێمانی لەو دەیان ساڵەدا ملیۆنان دۆلاریان لەو بارەگایانەدا خەرجکردووە.  

یەکێتی وادەی چۆڵکردنی بارەگاکانی کۆمەڵە دیاری دەکات لە دوای رێکەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران بۆ چۆڵکردنی بارەگای حیزبەکانی رۆژھەڵات، ئەمرۆ یەکێتی نیشتمانی کوردستان وادەی چۆڵکردنی ئۆردوگاکانی کۆمەڵەی دیاریکرد. سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند سەرلەبەیانی ئەمرۆ چوارشەممە مەفرەزەیەکی ئاسایش سەردانی بارەگای کۆمەڵەکانی کردوە و پێیان راگەیاندون دوا مۆڵەت بۆ چۆڵکردنی کەمپەکان رۆژی ١/١٠/٢٠٢٤ ە و تا ئەو وادەیە دەبێت بارەگاکانیان چۆڵ بکەن و نیشتەجێی کەمپی سورداش بکرێن.



AM:11:22:04/09/2024