یەکێتی‌و پارتی لەسەر چی رێکناکەون؟ مەسرور بارزانی ئامادە نییە لە دوای قوباد تاڵەبانییەوە بڕوات

بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا کۆبوونەوەکانی پێکهێنانی حکومەت  دەستپێبکاتەوەو یەکێتی خۆی یەکلایکردۆتەوە کام پۆستی دەوێت، مەسرور بارزانیش ئامادەیە نییە لە مەراسیمە رەسمییەکاندا لە دوای قوباد تاڵەبانییەوە رێگا بکات.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ماڵپەڕی " سپی " کەوتووە، یەکێتی خۆی یەکلاییکردۆتەوە کام پۆست داوا دەکات لە حکومەتدا و، ئەو حزبە پێداگری لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی هەرێم دەکات و کاندیدەکەشی قوباد تاڵەبانییە، هەرچی پۆستە حوکمییەکانە جگە لە جێگری سەرۆکی حکومەت مکوڕە لەسەر وەرگرتنی پۆستی وەزیری ناوخۆش. 

لە بارەی پەرلەمانەوە یەکێتی سەرۆکی پەرلەمانی لەم خولەدا ناوێت و پێداگیری دەکات لەسەر پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان.

لەلایەکی ترەوە یەکێتی جەخت دەکاتەوە کە دەبێت هاوبەش بێت لە حکومدا و بەشدارنەبێت و، شێوازی حوکمڕانی کابینەی مەسرور بارزانی رەتدەکاتەوە و پێیوایە کە ئەو دەسەڵاتەی وەزیر و وەکیل وەزیر و بەرێوەبەری گشتی و پارێزگارو پۆستەکانی تری خوارەوە کە بەدەست پارتیەوە بووە زۆر دەسەڵاتی لە بەرپرسەکانی یەکێتی زیاتر بووە لە رووی ئیداری و خەرجی و بابەتە وەزیفییەکانی ترەوە.

بەپێی زانیارییەکانی " سپی " زۆر زەحمەتە پارتی پۆستی سەرۆکی هەرێم رادەستی یەکێتی و قوباد تاڵەبانی وەک کاندیدی ئەو حزبە بکات، گەر پارتی پارتی ئەم کارە بکات روو بەڕووی دوو ئاستەنگی گەورە دەبێتەوە، لەلایەکەوە گەر قوباد تاڵەبانی ببێتە سەرۆکی هەرێم لە رووی پرۆتۆکۆلەوە پۆستەکەی لە مەسرور بارزانی گەورەترە و دەبێت لە بۆنەو کۆبوونەوە فەرمییەکان و هاتنی وەفدەکاندا مەسرور بارزانی لە دوای قوباد تاڵەبانییەوە بوەستێت، کە ئەمە لەلایەن مەسرور بارزانی و خودی بنەماڵەی بارزانییەوە قبوڵ ناکرێت.

کێشەیەکی تری پارتی نێچیرڤان بارزانییە کە لە ئێستادا جۆرە هاوسەنگییەک لە دابەشکردنی پۆستەکان لە نێو بنەماڵەی بارزانیدا هەیە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمەو مەسرور بارزانی سەرۆک حکومەت، بەڵام گەر پۆستی سەرۆکی هەرێم بدرێت بە قوباد تاڵەبانی بالانسی نێو بنەماڵەی بارزانی تێکدەچێت.

 چاودێرانی سیاسی پێیانوایە پێکهێنانی کابینەی نوێ و دابەشکردنی پۆستەکان کە هەردوو لایەنی براوەی پارتی و یەکێتی پێیڕازیبن کارێکە ئەستەمەو لێوان لێوە لە حەساسیەت و پابەندبوون بە کورسی دەسەڵات و ناکۆکی و هاوسەنگی نێوان هەردوو خێزانی بارزانی و تاڵەبانی و خودی هەریەکیش لەو دوو خێزانە.




PM:10:32:06/01/2025