چەند نهێنییەکی کۆنگرەی ١٢ پەکەکەو هەڵوێستی نوێیان لە بارەی چەکدانانەوە


تا ئێستا کەمترین زا نیاری لە  بارەی کۆنگرەی ١٢ ی پەکەکەوە بڵاوکراوەتە کە جێگای متمانە بێت و راست بێت، جگە لە راگەیاندنەکەی خۆیان نەبێت کە ئەویش کەمترین زانیاری لەسەر بەشداری عەبدوڵا ئۆچ ئالان و چۆنێتی بەشداریکردنی لە خۆ گرتووە. " سپی " هەندێک زانیاری بڵاودەکاتەوە لە سەرچاوەی تایبەتی خۆیەوە، هەروەها زانیاری نوێش لەبارەی جموجوڵەکانی یەکێتی‌و پارتی لە نزیک چیای قەندیل لە نزیک ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پەکەکە، بڵاودەکاتەوە.

عەبدوڵا ئۆچ ئالان چۆن بەشداریکردووە؟

بەپێی ئەو زانیاریە پشتڕاستکراوانەی دەست ماڵپەڕی " سپی " کەوتووە، عەبدوڵا ئۆچ ئالان بە دوو شێواز بەشداری کۆنگرەی ١٢ پەکەکەی کردووە، یەکێکیان لە رێگای یەک لەو زیندانیانە بووە کە لەگەڵ ئۆچ ئالان لە ئیمرالی زیندانی بووەو گەیەنراوەتە نێو کۆنگرەیەکیان و نامەیەکی عەبدوڵا ئۆچ ئالانی پێبووە کە ٥٠ لاپەڕە بووەو لە کۆنگرەدا خوێندراوەتەوە. 

شێوازەکەی تریان لە رێگای کۆدی ئینتەرنێتەوە بووەو تەکنیکی پێشکەوتوو بەکارهێنراوە تا شوێنی هەردوو کۆنگرە ئاشکرا نەبێت. عەبدوڵا ئۆچ ئالان لەگەڵ هەردوو جێگا جیاوازەکەی کۆنگرە قسەی کردووە، قسەکردنکەش یەکێکیان لەگەڵ جەمیل بایک هاوسەرۆکی پەکەکە بووە، دووەمیان لەگەڵ موراد قەرەیڵان فەرماندەی هێزە سەربازیەکانی پەکەکە بووە. 
 
گەریلا چەک دانانێت و، قندیلیش چۆڵناکات

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست " سپی " کەوتووە لە کۆنگرەدا کەس دژی هەنگاوەکانی پەکەکەو بە دەنگەوە چوونی پایەمەکەی سەرۆکەکەیان، عەبدوڵا ئۆچ ئالان نەبووە.

سەبارەت بە هەڵوێستی ئایندەیان، چاوەڕوانی بەپەلەی هەنگاوە کردارییەکانی حکومەتی تورکیان کە زەمینەی تەواوی سیاسی و یاسایی بۆ پرۆسەکە بە زووی دەستەبەربکات. ئەگەر تورکیا هەنگاوی چلۆنایەتی لە بواری ئاساییکردنەوەی دۆخەکەو پرۆسەی ئاشتیدا بنێت، ئەوا پەکەکە بەچەندجارێک گرووپ گرووپی گەریلا وەک پەیامی ئاشتی دەنێرێتەوە بۆ ناو تورکیا.

هەرچی هەڵوێستی ئێستای پەکەکەیە، پەکەکە نە چەک دادەنێت و نە قەندیلیش چۆڵ دەکات، بەڵکو چاوەڕوانی هەنگاوە کردەیەکانی حكومەتی تورکیایە کە لە گفتوگۆکاندا بڕیاریانداوە بە زووترین کات بیهاوێژن.   

 ئەوەی بەدیدەکرێت هێشتا ٢٤ کاتژمێر تێنەپەڕیووە بەسەر راگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەدا، پارتی و یەکێتی بەجیا پلانیان داڕشتووە بۆ دابەشکردنەوەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پەکەکەو بەهێزکردنی پێگەی نفوسی خۆیان بەرامبەر یەکتری.

لەم بوارەدا پارتی دیموکرات لە رێگای لێدوانێکی مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆكی فراکسیۆن پارتی لە پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند "پێویستە سەرجەم ئەو شوێنانەی پەكەكە دەستی بەسەردا گرتون، رادەستی پێشمەرگە بكرێن." 

ئەوە لە کاتێکدایە دوانیوەڕۆی دوو شەممەش ١٢ ی ئایار، یەکێتی نیشتمانی کوردستان لیوای ٧١٢ هێزەکانی حەفتای لە چوار قورنەوە گواستۆتەوە بۆ ناوچەکانی دەلۆی کۆتر و قەڵاتوکان.
 




AM:01:23:13/05/2025