دیپلۆماسیی ئێرانی و رێککەوتنەکان

نووسینی: رەزا مەنوچەری

رێێکەوتنەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیهان، وێنایەکی پێچەوانەی ئەوە روون دەکەنەوە، کە دەگوترێت، ئێرانییەکان لە دیپلۆماسیدا زیرەکن و لەسەر مێزی دانوستان نادۆڕێن. مێژوو و روداوەکان شتێکی ترمان پێدەڵێن، ئێران بەرامبەر بە لاوازەکان بەهێزە و بەرامبەر بە بەهێزەکان باجدەرە، ئێران لەسەر مێزی دانوستانەکان خاک و سەرچاوە و ئابووری و وەربەرهێنانە مێژوویەکانی لەدەستداوە.

 لە خوارەوە 17 نمونەم هێناوەتەوە، کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ روونکردنەوەی دیوێکی تری دیپلۆماسی و رێککەوتنی ئێرانی. 

ئێستا کە ئێران لەگەڵ ئەمریکا لە دانوستاندایە، ئایا دیسانەوە باج دەدات و لەسەر مێزی گفتوگۆ دەستبەرداری زۆرێک لە خواستەکانی دەبێت، ئاماژەکان پێمان دەڵێن، کە دەبێت باج بدات، بە تێپەڕبوونی کاتیش و لە ماوەیەکی کورتدا، توانایی ئەم قۆناغەی دەزگای دیپلۆماسیی ئێرانمان زیاتر بۆ روون دەبێتەوە.

1- پرتوگال

 ئێران لە ساڵی 1507 دا مافی کۆنترۆڵکردنی رێڕەوە بازرگانییە دەریاییەکانی نێوان هیندستان و ئەورپای بە پورتوگالییەکان دا و ئەوە تا ساڵی 1622 بەردەوام بوو.

2 - ئاماسیا

ئێران لە رێککەوتنی ئاماسیا لە ساڵی 1555 دا دەستبەردای ویلایەتەکانی وان و شارەزوور بوو بۆ عوسمانییەکان.

3- گوڵستان

ئێران لە رێککەوتننامەی گوڵستاندا لە 24ی ئۆکتۆبەری 1813 دا لەگەڵ رووسیای قەیسەری، 200 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە لە خاکەکەی لەدەستدا.

4- تورکمانچای

ئێران لە رێککەوتننامەی تورکمانچای لە 21ی شوباتی 1828 ، کە لەگەڵ روسیای قەیسەریدا کردی، 30  هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە لە خاکەکەی لە دەستدا و یاسای کاپیتولاسیۆنی بەسەردا سەپا.

5- ئاخال

ئێران لە رێککەوتننامەی ئاخال لە 21ی سپتەمبەری 1881 لەگەڵ رووسیای قەیسەری 1 ملیۆن و 226 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە لە خاکەکەی لەدەستدا.

6- دارسی

ئێران لە ساڵی 1902دا لە رێککەوتنی دارسی دا بۆ ماوەی 60 ساڵ فرۆشتن و دەرهێنانی نەوتی وڵاتەکەی بە بەریتانیا دا.

7- ئەڵوەن

ئێران لە ساڵی 1932 دەستبەرداری بەشێک لە ئەڵوەن بوو بۆ عێراق، رێککەوتنی ساڵی 1975 جەزایریش نەیتوانی بۆی بگەڕێنێتەوە.

8- بەحرەین

ئێران لە ساڵی 1971 دا و هاوکات لەگەڵ سەربەخۆیی بەحرەین ، دەستبەرداری مافی سوڵتەی خۆی لەسەر بەحرەین بوو.

9- کاپیتولاسیۆن

ئێران لە 13ی ئۆکتۆبەری 1964 دا مافی پارێزبەندیی بە ناوی کاپیتولاسیۆن بە رواێژکارانی سەربازی و بنەماڵە ئەمریکییەکان بەخشی، کە ئێران مافی سزادان و دادگایکردنی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتەی لەدەستدا. پێشتریش ئەو پارێزبەندییە بۆهاوڵاتیانی روسی و بەریتانی هەبوو.
لە دوای شۆڕشی 1979

10- سووریا

ئێران بێبەرامبەر، یان زۆر هەرزان نەوتی بە سوریا دەدا، لە بەرامبەردا وەبەرهێنانی لە بواری کانزاکان و نەوت و ئۆتۆمبێل و لە دوایدا لە بواری سەربازی و چەکدار لە سوریا کرد، بەڵام هەمووی لەدەستدا.

11- عێراق

ئێران لە دوای 8 ساڵ جەنگ رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ عێراق واژۆ کرد، کە دۆخ گەڕایەوە بۆ سەردەمی پێش جەنگ و جەنگەکە جگە لە زیان هیچ گۆڕانکاری و دەستکەوتێکی نەبوو.

12- عێراق و لوبنان و یەمەن و فەلەستین

ئێران لە لوبنان و عێراق وەبەرهێنان دەکات و هاوکاریی گرووپە چەکدارەکان دەکات، ئەنجام شەڕ و کوشتن و خەرجییەکی زۆر و لەدەستدانی فەلەستین و لوبنان و یەمەن.

13 - بەرنامەی ئەتۆمی

ئێران بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەی  2 تریلیۆن دۆلاری خەرجکردووە و ئەنجامی بەرنامە ئەتۆمییەکەی لە لێواری هەڵوەشاندایە.
14 - رێککەوتنی ئەتۆمی

ئێران لە ساڵی 2015 رێککەوتنی ئەتۆمیی ناسراو بە بەرجام لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوایی کرد، کە ئەنجامەکەی شکست بووو.
15 - چین

ئێران لە ساڵی 2022 رێککەوتنێکی بازرگانی و ئابووریی بۆ ماوەی 25 ساڵ لەگەڵ چین کردووە و دوای چوارساڵ ئاسۆیەکی روونی ئابووریی بۆ ئێران لێدیار نەکەوتووە، باڵانسیش بەلای چینییەکاندایە.

16 - رووسیا
ئێران لە ساڵی 2025 رێککەوتنێکی 20 ساڵەی ئابووری و سەربازیی لەگەڵ رووسیادا کردووە و لەم ساڵەدا هیچ کاریگەریی ئەرێنیی بۆ سەر ئابووریی ئێران لێدیارنەکەوتووە.

دوایین هەوڵ و نادیاری

17 - ئێستاش کە ئێران لە دانوستاندایە لەگەڵ ئەمریکا ، ئاماژەکان باس لە شکستێکی تری دیپلۆماسی بۆ ئێران و دەستبەرداربوون لە زۆرێک لە خواستەکانی دەکەن، ئەمایان زۆر ناخایەنێت و لە داهاتوویەکی نزیکدا روون دەبێتەوە.
رەزا مەنوچەهری



PM:02:51:24/02/2026