ئێران هێشتنەوەی هورمز لە دەستی خۆیدا بە "سەرکەوتن" بەسەر ئەمریکا و ئیسرائیل دەزانێت

ئامادەکرن: ژیمان عەبدولڕەحمان

شەڕی ئێران پێی ناوەتە  ٢٤ هەمین ڕۆژی خۆیەوە و کاتی تەواوبوونی جەنگەکە نادیارە ، ئەمەش لە کاتێکدایە لە کاتێکدا بەرپرسانی ئەمریکا و ئیسرائیل چەندین لێدوانیان لەبارەی جەنگەکەوە داوە ، تەنها ئاماژەیان بەوەکردووە کە "جەنگەکە تا ئەو کاتەی پێویست بێت بەردەوام دەبێت" و هۆشداریان بە ئیسرائیلییەکان داوە کە چالاکییەکانی جەژنی فەسح و یادی سەربەخۆیی لە ناوچە پارێزراوەکان دا ئەنجامبدەن.

ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست ئەمڕۆ (یەکشەممە) بە پشت بەستن بە سەرچاوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند کە تاران هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی دیپلۆماسی ئەگەری بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ ڕەتدەکاتەوە. دیپلۆماتکارێکی ئێرانی و دوو دیپلۆماتکاری ئەوروپی کە بنکەکانیان لە ناوچەکەدایە و بەرپرسێکی باڵای عەرەب ڕایانگەیاندووە کە "ئێران هێرشەکانی بۆ سەر دراوسێکانی پەرەپێدەدات- گرەو لەسەر ئەوە دەکات کە دەتوانێت خێراتر زیان بە ئابووری جیهانی بگەیەنێت لەوەی کە ئیدارەی ترەمپ بتوانێت لە ڕێگەی هێزی سەربازییەوە زیانەکان کەم بکاتەوە".

لەبەرامبەردا ڕۆژنامەی واشنتن پۆست لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە بەرپرسانی قەتەر و عومان هەفتەی ڕابردوو سەبارەت بە ئەگەری ئاگربەست لە ئێران پەیوەندییان بە ئێرانەوە کردووە و هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەوە کردووە کە ئەمریکا و ئیسرائیل لە ماوەیەکی نزیکدا سەرکەوتوو نابن لە ڕووخاندنی ڕژێمی تاران. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئێران وەڵامی داوەتەوە کە ڕازی دەبێت- بەڵام تەنها ئەگەر ئەمریکا و ئیسرائیل یەکەم کەس بن کە دوژمنایەتییەکان ڕابگرن.

دیپلۆماتکارە ئێرانییەکە ڕایگەیاندووە، "ئێران گرنگی بە ئاگربەستی پێشوەختە نادات وەک لە شەڕی دوانزە ڕۆژەدا، ئەمجارە ئێران ئامادە نابێت هێرشەکان ڕابگرێت، ئەگەر واشنتۆن ڕازی نەبێت بە چەندین گەرەنتی نادەستدرێژیکردن، لەوانەش قەرەبووکردنەوەی دارایی بۆ زیانەکانی جەنگ- شتێک کە تاران بە پێویستی دەزانێت بۆ ڕاگرتنی ئیسرائیل و ئەمریکا لە هێرشکردنە سەری دووبارە”.

لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ئەو دیپلۆماتکارە پەیوەندی بە ترەمپەوە کردووە و داوای لێکردووە دەستبەجێ کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت، پێش ئەوەی دۆخەکە زیاتر پەرە بستێنێت. وتیشی، "ئەمە تەنها سەرەتای نوقمبوونی ئەمریکایە بۆ ناو تاڵاوێک”، ئاماژەی بەوەشکرد، "هیچ ڕێگەیەکی تر نییە بۆ دەربازبوون”.





PM:09:18:22/03/2026