ئێران لە نێوان سێبەری ڕێبەر و دەسەڵاتی جەنەڕاڵەکاندا: کێ بڕیاردەری ڕاستەقینەی جەنگ و ئاشتی دەدات


لەوەتەی موجتەبا خامنەیی وەک "ڕێبەری باڵا" لە ئێران، وەک جێگرەوەی باوکی کە لە هێرشێکی ئەمەریکی – ئیسرائیلی لە ٢٨ی شوباتدا کوژرا، دەستنیشانکراوە، هێشتا بە ئاشکرا دەرنەکەوتووە،  بەڵام ڕژێمی ئێران کە نازانرێت کێ لەم جەنگەدا بڕیاردەری یەکەم لەسەر پرسە گرنگەکان، هێشتا بەپێوە وەستاوە.

مانەوەی ڕژێم ئێستا بەندە بە چەند کەسایەتیەکی سەرەکی؛ ئەوانیش بریتین لە فەرماندەی "سوپای پاسداران، لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی و سەرۆکی پەرلەمان کە ئەوانیش لە ناو "سوپا"وە هاتوون".

یەکەم: جەنەڕاڵ محەممەد باقەر زولقەدر، پیاوە تەمومژاوییەکە

محەممەد باقەر زولقەدر نوێنەرایەتی تەمومژاوی ڕژێم و ژووری کۆنترۆڵی ڕاستەقینە دەکات، وەک سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، سەرپەرشتی هەماهەنگی نێوان سوپا، "سوپای پاسداران"، دەزگای هەواڵگری و سیاسەتی دەرەوە، دەکات.

ئەمە ئەو شوێنەیە کە بڕیارە گەورەکانی لێ دەردەچێت: جەنگ، بەرنامەی ئەتۆمی و، وەڵامدانەوەی قەیرانەکان، ئاشتی.

دەستنیشانکردنی ئەم جەنەراڵە لە ئازاری ٢٠٢٦دا تەنها گۆڕانکارییەکی کارگێڕی نەبوو، بەڵکو ئاماژەیەک بوو بۆ ئەوەی ڕژێم پێی باشە پیاوانی خاوەن پاشخانی ئەمنی قۆناغەکە بەڕێوەبەرن.

 زولقەدر لە سیاسەتەوە نەهاتووە، بەڵکو لە قووڵایی پێکهاتەی ئەمنییەوە هاتووە، وەک سوپای پاسداران، بەسیج و دەستەی ئەرکانی سوپا.

دامەزراوەی بەرگری لە دیموکراسییەکان" (FDD) دەڵێت " ئەو یەکێکە لە ئەندازیارانی تۆڕەکانی مقاوەمەی باڵە شیعەکانی وڵاتانی ناوچەکە، ئەو لە دوورەوە "حزبوڵا" و حەشد و حوسیەکان لە ناوچەکەدا بەڕێوە دەبات.

ڕاپۆرتە ڕۆژئاواییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەهۆی ڕۆڵی لە بەرنامەی ئەتۆمی و سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان، رووبەڕووی سزای نێودەوڵەتی بۆتەوە.

دەوترێت زولقەدر ئەو تاکە بڕیاردەر نییە، بەڵکو هەماهەنگیکەری هێزە لە نێوان چەندین ناوەندی دەسەڵاتدا کە ئەمە ڕۆڵێکی گرنگترە لە کاتی نەبوونی ڕێبەری باڵادا.

دووەم: جەنەڕاڵ ئەحمەد وەحیدی، بەرپرسی کۆنترۆڵی ئەمنی

جەنەڕاڵ ئەحمەد وەحیدی نوێنەرایەتی جەوهەری ئەمنی ڕژێمی کۆماری ئیسلامییە: رێبازی کارکردنیشی بەرگریکردنە لە ڕێگەی هێزەوە، چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوە. 

ناوی مێژووی ئەم فەرماندەیە بەستراوەتەوە بە "فەیلەقی قودس" لە سوپای پاسداران، کە قاسم سولەیمانی بونیادی نابوو.

ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بە پەیوەندی ئەحمەد وەحیدی لە نەوەدەکانەوە دەکات بە ئۆپەراسیۆنە دەرەکییەکانەوە، لەوانە تەقینەوەی ناوەندی "AMIA" لە ئەرجەنتین کە بەهۆیەوە ئینتەرپول (Interpol) ناوی لە "لیستی سوور"دا هێشتووەتەوە.

لە ناوخۆدا، ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا دووبارە سزایان بەسەردا سەپاند بەهۆی ڕۆڵی لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠٢٢ی ژینا ئەمینی، لەوانە هەماهەنگی پچڕانی ئینتەرنێت و بەکارهێنانی هێز دژە خۆپیشاندەران.

بەپێی خوێندنەوەی توێژەران، وەحیدی بەشێکە لە پانتاییەکی فراوانتر: سەپاندنی دامەزراوەی سەربازی- ئەمنی بەسەر ناوەندی بڕیاری سیاسیدا، بەتایبەتی لە کاتی ئەو هەڕەشانەی کە لەسەر مانەوەی رژێمەکە لە ئارادایە. ئەو تەنها فەرماندەیەکی سەربازی نییە، بەڵکو بەرجەستەکەری ئەو بیرۆکەیەیە کە مانەوەی ڕژێم تەنها لە ڕێگەی کۆنترۆڵی ئەمنیەوەیە، نەک لە ڕێگەی حەوزەی ئاینییەوە کە پێشتر بەهێز بوو.

سێیەم: محەممەد باقەر قالیباف، پیاوی ئەمنییەت و سیاسەت

لە ئێراندا، قالیباف نوێنەرایەتی شتێکی جیاواز دەکات؛ ئەو ئەڵقەی پەیوەندی نێوان ئەمنییەت و سیاسەتە. دوای کوژرانی عەلی لاریجانی (سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی) لە سەرەتای ئەم جەنگەدا، قالیباف ناوبانگێکی زۆرتری پەیدا کرد. قالیباف لە زۆر سیفاتدا لە لاریجانی دەچێت و وا دادەنرێت کە بەراورد بەوانی تر میانڕەوتر بێت.

ژیانی پیشەیی لە سوپای پاسدارانەوە دەستپێکرد و فەرماندەیی هێزی ئاسمانی کرد، پاشان بوو بە فەرماندەی پۆلیس، دواتر بۆ سەرۆکی شارەوانی تاران و لە ئێستادا سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکات. ئەم کاروانە تەنها هەمەجۆرییەکی وەزیفی نییە، بەڵکو گوزارشتە لە شێوازێکی حوکمڕانی ئێرانی: سوڕانەوەی نوخبەی ئەمنی لە ناو دامەزراوە مەدەنییەکاندا.

ئاژانسی "ڕۆیتەرز" ئاماژەی بەوە کردووە کە قالیباف لە کاتی قەیرانەکەدا بووەتە "کەسی ناوەندی" لە بڕیارداندا، بەتایبەتی لە کەناڵەکانی پەیوەندی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕۆژئاوا. لە کاتێکدا هاوسەنگیی نێوان پیاوانی ئایینی و سیاسییەکان تێکچووە، قالیباف وەک پیاوی قۆناغەکە دەردەکەوێت کە دەتوانێت لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکان بدوێت، دانوستانی سیاسی و ئیدارەی ناکۆکیکە ناوخۆییەکانیش بکات.

دوو کەسایەتی تری گرنگ

غولام حوسێن موحسنی ئەژەیی( پیاوی دەسەڵاتی دادوەری و هەواڵگری پێشوو)


لە ڕژێمی ئێراندا، تەنها سەرکوتکردنی ئەمنی بەس نییە، بەڵکو پێویستی بە بەرگێکی یاساییش هەیە. لێرەدا ڕۆڵی ئەژەیی دەردەکەوێت. ئەو پێشتر وەزیری هەواڵگری بووە پێش ئەوەی ببێتە سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری. ئەم کۆکردنەوەیەی نێوان ئەمنییەت و دادوەری، ئەو دەکاتە یەکێک لە مەترسیدارترین کەسایەتییەکان: ئەو لە پیاوەی سەرکوتکردن دەگۆڕێت بۆ شەرعییەتی یاسایی. 

"ڕۆیتەرز" دەڵێت لەو کاتەوەی بووەتە سەرۆکی دەزگای داد لە(٢٠٢١)دا، ڕێژەی لە سێدارەدان زیادی کردووە.

ئەحمەد ڕەزا ڕادان: خاوەن مشتە کۆڵەی ڕۆژانەی ڕژێم

دامەزراوەی FDD پێی وایە ئەحمەد ڕادان یەکێکە لەو پێنج سەرکردەیەی حوکمی ئێران دەکەن. ئەگەر ئەژەیی بڕیارەکان واژۆ بکات، ئەوا ڕادان ئەو کەسەیە کە لە شەقامەکاندا جێبەجێیان دەکات. ئەو فەرماندەیی هێزەکانی چەسپاندنی یاسا دەکات کە هێڵی پێشەوەی ڕوبەڕوبوونەوەی خۆپێشاندانەکانن.

لە ساڵی ٢٠١٠وە بەهۆی ڕۆڵی لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکاندا، سزای نێودەوڵەتی لەسەرە.

سیستمێکی بێ سەر، بەڵام نەک بێ کۆنترۆڵ

کاری ئەم کەسایەتییە سەرەکییانە لەم دۆخەی ئێراندا ئەوە دەردەخەن کە ئێمە لەبەردەم تەنها دابەشکردنی دەسەڵاتدا نین، بەڵکو گۆڕانکاری لە سروشتی حوکمڕانیدا ڕوویداوە.

ئێران چیتر لە ڕێگەی هاوسەنگییەکی ورد لە نێوان یەک کەسایەتی ئایینی لە لوتکە و دامەزراوەکانی دەوڵەتدا بەڕێوە ناچێت، بەڵکو لە ڕێگەی هاوپەیمانیی دامەزراوە کێبڕکار و تەواکەرەکانەوە بەڕێوە دەچێت.

لەم مۆدێلەدا، نەبوونی ڕێبەر بە واتای ڕووخانی ڕژێم نایەت، بەڵکو ڕەنگە بە پێچەوانەوە بێت: ڕزگاربوونی دامەزراوەکان بێت لە پێویستی بە یەک (کەسایەتی) و سەرهەڵدانی حوکمڕانییەکی بەکۆمەڵی توندتر و کەمتر نەرم.

ئەمە ئالانگارییە ڕاستەقینەکەیە کە ڕووبەڕووی نەیارانی ئێران دەبێتەوە؛ ڕژێمێکی لەرزۆک نییە کە چاوەڕێی ڕووخان بێت، بەڵکو ڕژێمێکە کە خۆی لە دەوری ئامرازە هەرە ڕەقەکانی مانەوە داڕشتووەتەوە.

لە هەمان کاتدا، دەبێت بوترێت کە ڕژێم ڕووبەڕووی ئالانگاری ناوخۆیی مەترسیدار لەوانە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان دەبێتەوە؛ سەرچاوە داراییەکان خەریکە تەواو دەبن و جەنگ بووەتە هۆی وێرانکردنی ژێرخانی گرنگی وەک کارەبا، گاز، هێڵی ئاسن و پردەکان.

ئەمەش ڕەنگە لە مانگەکانی داهاتوودا ڕژێم بخاتە بەردەم ڕووبەڕووبوونەوەیەکی جەماوەریی توڕە کە چیتر پڕوپاگەندەی "سەرکەوتن"ی ئێستا قبوڵ ناکات، لە کاتێکدا حکومەت ناتوانێت خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان دابین بکات. قۆناغی دوای جەنگ، ئەگەر زوو کۆتایی بێت، بۆ ڕژێم مەترسیدارترە لە خودی قۆناغی جەنگەکە.




PM:08:22:10/04/2026