لە نوێترین پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان تەل ئەبیب و ئەنقەرە، ئیسرائیل کاتز، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، هێرشێکی توند و بێپێشینەی کردە سەر ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و بە "پڵنگی سەر کاغەز" و "کۆمەڵکوژکاری کوردان" وەسفی کرد.
پڵنگێکی سەر کاغەز.
کاتز لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" (تویتەری پێشوو) ڕەخنەی توندی لە هەڵوێستەکانی ئەردۆغان گرت و ڕایگەیاند: "سەرۆکی تورکیا دوای ئەوەی سەلماندی تەنها پڵنگێکی سەر کاغەزە و نەیتوانی وەڵامی ئەو مووشەکانە بداتەوە کە لە ئێرانەوە ئاراستەی خاکی تورکیا کران، ئێستا پەنا دەباتە بەر دژە-سامی بوون."
تۆمەتی کۆمەڵکوژی و ئیخوانیزم
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا، ئەردۆغانی بەوە تۆمەتبار کرد کە "دادگاییکردنی ساختە" دژی سەرکردایەتی سیاسی و سەربازی ئیسرائیل ڕادەگەیەنێت. کاتز وتی: "چەند بێماناییەکی گەورەیە؛ پیاوێک کە ئەندامی ئیخوان موسلمینە و کوردەکانی کۆمەڵکوژ کردووە، ئێستا ئیسرائیل بە جینۆساید تۆمەتبار دەکات، لە کاتێکدا ئیسرائیل تەنها بەرگری لە خۆی دەکات بەرامبەر هاوبەشەکانی ئەردۆغان لە ڕێکخراوی حەماس."
ئیسرائیل کاتز بە زمانێکی توند هۆشداری دایە سەرۆکی تورکیا و ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە پاراستنی ئاسایشی خۆی، وتیشی: "بۆ ئەردۆغان باشترە بە بێدەنگی دانیشێت و قسە نەکات."
جووڵەی بەرەو ئۆپۆزسیۆن
لە هەنگاوێکی سەرنجڕاکێشدا کە وەک فشارێکی سیاسی لێکدەدرێتەوە، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە کۆتایی پۆستەکەیدا تاگی سێ سەرکردەی دیاری ئۆپۆزسیۆنی تورکیای کردووە کە پێکهاتوون لە (کەمال کڵچدار ئۆغڵو، ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو و مەنسور یاواش)، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ پشتیوانیکردنی نەیارانی سیاسی ئەردۆغان لە ناوخۆی تورکیادا.
ئەم لێدوانانەی کاتز لە کاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل بەهۆی شەڕی غەززەوە گەیشتوونەتە نزمترین ئاستی مێژوویی خۆیان و لێدوانی توند لە نێوان سەرکردەکانی هەردوولا ئاڵوگۆڕ دەکرێت.