بە گوێرەی هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا و بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار، CNN ڕاپۆرتێکی بڵاوکردۆتەوە کە «مجتەبای خامەنهئی»، ڕێبەری نوێی کۆماری ئیسلامی، لە داڕشتنی ستراتیژیی جەنگ و بەڕێوەبردنی گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە ملمڵانێکان ڕۆڵی هەیە؛ بەڵام تا ئێستا ئاستی دەسەڵاتی ڕاستەقینەی ئەو لە ناو پێکهاتەی پڕ لە ناکۆکیی ڕوون نییە.
لە بەرامبەردا، بەرپرسانی فەرمیی کۆماری ئیسلامی وێنەیەکی جیاواز پێشکەش دەکەن. «مەڤاهەر حوسێنی»، سەرۆکی تشریفاتی نووسینگەی ڕێبەری، رایگەیاندووە کە مجتەبا خامنهئی «لە تەندروستیی تەواودایە» و تەنها قاچ، کەمەر و دوای گوێی برینداربوونێکی سووکیان هەیە. هەروەها «مەسعود پزیشکیان» ئاماژەی بەوە داوە کە دیدارێکی دوو کاتژمێر و نیوی لەگەڵ ئەنجامداوە؛ ئەوەش یەکەمین دیداری ئاشکرایە کە لەنێوان بەرپرسییەکی باڵای کۆماری ئیسلامی و ڕێبەری نوێ تۆمار کراوە.
بەڵام CNN باسی ئەوە دەکات کەبەڵگە و ئاماژە هەن ئەوە پێشاندەدەن "مجتەبا خامنهئی تا ڕادەیەکی زۆر لە بڕیارە ڕۆژانەکانی دەسەڵات دوورە و تەنها بە شێوەیەکی سنووردار و هەندێک جار دەکرێت پەیوەندیی پێوە بکرێت". بەپێی ڕاپۆرتەکە، بەرپرسانی باڵای سوپای پاسداران، لەگەڵ «محمد باقر قالیباف»، سەرۆکی پەرلەمان، بە شێوەیەکی کردەیی بەڕێوەبردنی ڕۆژانەی جەنگ و گفتوگۆکانیان لەدەستدایە.
یەکێک لەو سەرچاوانەی ئاگاداری هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکانی ئەمریکایە، سەبارەت بە ڕۆڵی مجتەبا خامنهئی وتوویەتی" هیچ ئاماژەیەک نییە کە بە بەردەوامی فەرمان دەربکات، بەڵام هیچ بەڵگەیەکیش نییە کە بیسەلمێنێت وا ناکات".
ناڕوونی دەربارەی ئاستی دەسەڵاتی ڕاستەقینەی مجتەبا خامنهئی هێشتا بەردەوامە. یەکێک لەو سەرچاوانە ئەم دۆخەی بە تێکەڵەی دوو فیلمی ئەمریکی «جادووگەری شارۆچکەی ئۆز» و «کۆتایی هەفتە لەگەڵ بەرنی» بەرواورد کردووە وەک؛ ئاماژەیەک بۆ دۆخێک کە تێیدا ڕوون نییە دەسەڵاتی ڕاستەقینە لە پشت پەردە لە دەستی کێدایە، یان ئایا خەڵکی تر بە ناوی کەسێکی غایب بڕیارە گەورەکان دەدەن یان نا.
لە هەمان کاتدا، «مارکۆ روبیۆ»، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، وتوویەتی پێکهاتەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی «بە توندی پڕ لە دابەشبوون و نا کارامەیە» و ئەم بارودۆخەش دەتوانێت ڕێگر بێت لە گەیشتن بە ڕێککەوتن.
هەروەها «عەلی واعڤ»، بەڕێوەبەری پڕۆژەی ئێران لە «دەستەی نێودەوڵەتی قەیران»، بە CNN راگەیاندووە" تەنانەت ئەگەر مجتەبا خامنهئی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەڕێوەبەری گفتوگۆکانیش نەکات، بەڵام پێکهاتەی دەسەڵات هێشتا بە ناوی ئەو بڕیارە گەورەکان پشتڕاست دەکاتەوە".
بە وتەی ئەو، نەبوونی مجتەبا خامنهئی دۆخێکی خولقاندووە کە پەیوەستکردنی بۆچوون و هەڵوێستەکان بە ناوی ئەو، ببێتە جۆرێک لە بەرگریی سیاسی بۆ ئەو تیمانەی لە گفتوگۆکاندا بەشدارن.
ئەو میدیایە ئاشکراشی کردووە پێش دەستپێکردنی یەکەم خولی گفتوگۆکان لە ئیسلامئاباد، «جیدی ڤانس»، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، لە هەندێک لە هاوپەیمانانی کەنداوی فارس پرسیاری کردووە کە لەنێوان کاربەدەستانی سیاسی و سەربازیی کە لە ئێران ماون، کێ دەسەڵاتی گفتوگۆکردنی لەگەڵ ئەمریکای هەیە؟، بە گوێرەی یەکێک لە سەرچاوەکان، بەرپرسانی لانیکەم یەک وڵاتی ناوچەکە «محمد باقر قالیباف»یان وەک ئەو کەسە ناساندووە کە زیاتر لە هەر کەسێکی تری لەناو سوپا و دەوڵەت ئەو دەسەڵاتەی هەیە.
مجتەبا خامەنهئی لەو دەمەوە لە هێرشێکدا کە بووە هۆی کوژرانی باوکی و چەند فەرماندەیەکی باڵای سەربازی، خۆشی بە توندی بریندار بوو، لەبەرچاوی گشتی نەبینراوە. سەرچاوە ئاگادارەکان بە CNN یان وتووە "تا ئێستا دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا نەیانتوانیوە شوێنی بوونی بە شێوەی وێنەیی پشتڕاست بکەنەوە."
بەشێک لەو ناڕوونییەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەو بۆ هیچ پەیوەندییەک ئامێری ئەلیکترۆنی بەکارناهێنێت بەپێی سەرچاوەکان، مجتەبا خامنهئی هێشتا لە دۆخی پاراستن و چارەسەردایە و سووتانی توند لە لایەکی جەستەیدا هەیە؛ سووتانێک کە ڕووخسار، بازوو، ناوەڕاستی جەستە و یەکێک لە قاچەکانی گرتووەتەوە.
ئا: سروە علی