‌ئەمریکا نزیک بووەتەوە لە کۆنتڕۆڵکردنی گەرووی هورمز

دوای ڕووداوەکانی شەوی ڕابردوو و ئەو ئۆپەراسیۆنە نهێنییەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە گەرووی هورمز ئەنجامی دا، شتێک ڕوویدا کە تاران چاوەڕێی نەدەکرد و حیسابی بۆ نەکردبوو.

سەرچاوە دیپلۆماسییە ئەوروپی و ئەمریکییەکان ئاشکرایان کردووە کە هەریەک لە فەرەنسا و ئەڵمانیا بەشدارییان کردووە لە کۆبوونەوەیەکی سەربازی و هەواڵگریی چڕ بە سەرپەرشتی ویلایەتە یەکگرتووەکان، بە مەبەستی تاوتوێکردنی سیناریۆکانی ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیی دەریایی گەورە کە ئامانجی سەندنەوەی کۆنترۆڵی گەرووی هورمزە لە هەڕەشەکانی ئێران و کۆتاییهێنان بەو گەمارۆ دەریاییەی کە چوار مانگە بەردەوامە.

دوای چەندین مانگ لە خۆڕاگری و ڕەتکردنەوەی بڕیار بۆ بەشداریکردن لە هەر کارێکی سەربازی کە ئیدارەی تڕەمپ لە ناوچەکەدا سەرپەرشتی بکات، پایتەختە ئەوروپییەکان، بەتایبەت پاریس و بەرلین، وا دەردەکەون کە تەسلیمی ئەم واقیعە بوون. سەرچاوەکان ڕوونیان کردەوە کە کۆبوونەوە نهێنییەکانی نێوان واشنتن، لەندەن، پاریس و بەرلین ئامانجیان دیاریکردنی ڕۆڵ و میکانیزمەکانە بۆ دەستپێکردنی جووڵەی کەشتییەکان لەژێر پاراستنی ئاگرینی چڕدا.

هەمان سەرچاوەکان ئاشکرایان کرد کە هێرشە ئاسمانییە ئەمریکییەکانی ئەم دواییانە کە ٢٠ شوێنیان لە باشووری ئێران کردە ئامانج، تەنها وەڵامێک نەبوون بۆ خستنەخوارەوەی فڕۆکەی ئاپاچی، بەڵکو ئۆپەراسیۆنێکی "زەمینەسازی" بوون. بەپێی وتەی شارەزایەکی سەربازی ئەمریکی، ئەم لێدانانە بە وردی ئامانجیان تێکشکاندنی ستراتیژیی "دەریاچە تایبەتەکان" بووە کە ئێران هەوڵی دەدا لە گەرووەکەدا فەرزی بکات، ئەوەش لە ڕێگەی لەناوبردنی ڕادارەکان و سەکۆکانی موشەکی کەناراوەکان، بۆ چۆڵکردنی ناوچەکە لە هەر بەربەستێکی بەرگری کە ڕەنگە ڕووبەڕووی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ببێتەوە لە ساتی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی کەشتیوانی.

هاوتەریب لەگەڵ کۆکردنەوەی هێزی سەربازی، واشنتۆن نامەیەکی یەکلاکەرەوەی لە ڕێگەی نوێنەرەکەی لە ناتۆ نارد و تێیدا جەختی کردەوە کە سەرۆک دۆناڵد تڕەمپ ئامادەیە سوپای ئەمریکا بە تەواوی هێزییەوە بەکاربهێنێت ئەگەر تاران لە ماوەیەکی گونجاودا وەڵامی داواکارییەکانی ڕێککەوتنەکە نەداتەوە.

سەرەڕای وریایی دیپلۆماتکارە ئەوروپییەکان و جەختکردنەوەیان لەوەی کە بەشداری لە کۆبوونەوەکاندا مەرج نییە بە واتای بەشداری دەستبەجێ لە شەڕ بێت، بەڵام بوونی فەرماندە سەربازی و هەواڵگرییەکانی ئەڵمانیا و فەرەنسا لە ناو جەرگەی پلاندانانەکەی واشنتن، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەوروپا چیتر توانای ئەوەی نەماوە بە بێلایەنی بمێنێتەوە، و کاتی کردنەوەی گەرووەکە بە هێزی سەربازیی نزیک بووەتەوە.




PM:05:48:11/06/2026