کێ کۆبوونەوە نهێنییەکانی کۆشکی سپی دزە پێ دەکات؟

‌ماگی هابەرمان و جۆناتان سوان

ڕاپۆرتێکی "ئاکسیۆس" ئاشکرای کردووە کە بەرپرسانی باڵای کۆشکی سپی پێیان وایە هەردوو ڕۆژنامەنووسی "نیویۆرک تایمز"، ماگی هابەرمان و جۆناتان سوان، دەستیان بە تۆمارە دەنگییەکانی ناو ژووری ئۆپەراسیۆنە نهێنییەکان (Situation Room) گەیشتووە.

ئەم ترس و نیگەرانییانە پێش بڵاوبوونەوەی کتێبە چاوەڕوانکراوەکەیان دێت بە ناوی "Regime Change" (گۆڕینی ڕژێم) کە باس لە ویلایەتی دووەمی ترەمپ دەکات و دیمەنی وردی کۆبوونەوە هەستیارەکانی پەیوەست بە شەڕی ئێران و چەندین دۆسیەی تری تێدایە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەگەر هەبوونی تۆماری دزەپێکراو لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکاندا بسەلمێنرێت، ئەوا دەبێتە پێشێلکارییەکی شۆککەر بۆسەر یەکێک لە پارێزراوترین شوێنەکانی جیهان، چونکە بردنی هەر ئامێرێکی تۆمارکردن بۆ ناو ئەو ژوورە بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
ماڵپەڕی "ئاکسیۆس" لە زاری سەرچاوەیەک لە ئیدارەکەوە ئاشکرایکردووە "دەترسین هەندێک لە هەستیارترین گفتوگۆکانمان تۆمار کرابێتن.. هتد بە تەواوی نازانین کامیانن."

ئەوەی جێگای سەرنجە، بەرپرسانی کۆشکی سپی ئەو گفتوگۆیانەیان ڕەت نەکردووەتەوە کە وشە بە وشە لە ناو کتێبەکەدا باسکراون، لەوانە لێدوانێکی مارکۆ ڕووبیۆ، وەزیری دەرەوە، دەربارەی سیناریۆکانی نەتانیاهۆ بۆ گۆڕینی ڕژێم لە ئێران کە دەڵێت: "بە واتایەکی تر... ئەمە قسەی پڕوپووچە."

بەپێی ڕاپۆرتەکە، سەرۆک ترەمپ زۆر توڕەیە لەو گێڕانەوە وردانەی کە باس لەوە دەکەن چی لە ناو کۆبوونەوەکاندا گوزەراوە، لە کاتێکدا هابەرمان و سوان ئامادە نەبوون لێدوان لەسەر ئەم تۆمەتانە بدەن.

بەڵام "ئاکسیۆس" ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕەنگە ڕۆژنامەنووسەکان پێویستیان بە تۆماری دەنگی نەبووبێت، چونکە دەکرێت گفتوگۆکان لە ڕێگەی گەواهیدانی ئەو کەسانەی لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربوون دووبارە دابڕێژرێنەوە، وەک چۆن پێشتر ڕۆژنامەنووسە سیاسییە گەورەکان ئەو کارەیان کردووە.

لە کۆتاییدا، چ تۆماری دەنگی هەبێت یان نا، ئەم مشتومڕانە دەربارەی دزەپێکردنەکان بووەتە هۆی ئەوەی کتێبەکە پێش بڵاوبوونەوەی بایەخێکی زۆر پەیدا بکات و پرسیارێکی هەستیاری لە واشنتۆن وروژاندووە: بە ڕاستی کێ نهێنییەکانی ژووری ئۆپەراسیۆنەکان دزە پێ دەکات؟

رۆژنامەنووس ماگی هابەرمان (Maggie Haberman)، پەیامنێری باڵای سیاسی لە "نیویۆرک تایمز" و شیکەرەوەی سیاسی لە کەناڵی CNNە. بە یەکێک لەو ڕۆژنامەنووسانە دادەنرێت کە قووڵترین زانیاری لەسەر دۆناڵد ترەمپ هەیە. ئەو لەو کاتەوەی ترەمپ تەنها سەرمایەدارێکی نیویۆرک بوو، ڕووماڵی کارەکانی دەکرد تا ئێستا.
لە ساڵی ٢٠١٨ خەڵاتی جیهانیی "پۆڵیتزەر"ی (Pulitzer Prize) بردەوە بەهۆی ڕووماڵکردنی پەیوەندییەکانی نێوان تیمەکەی ترەمپ و ڕوسیا.نووسەری کتێبی پڕفرۆشی *"Confidence Man"*ـە، کە باس لە هەڵکشان و کەسایەتی دۆناڵد ترەمپ دەکات.

هەرچی، جۆناتان سوان (Jonathan Swan) ئەویش پەیامنێری سیاسیە لە "نیویۆرک تایمز"، پێشتر ئەستێرەی سەرەکی ماڵپەڕی "ئاکسیۆس" بوو. بە رەچەڵەک ڕۆژنامەنووسێکی ئوسترالییە و لە ودەمەشەوە کە نیشتەجێی واشنتۆنە، زۆر خێرا بوو بە یەکێک لە بەناوبانگترین ڕۆژنامەنووسەکان.

لە ساڵی ٢٠٢٠دا چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ ئەنجامدا کە لە ئاستی جیهاندا دەنگدانەوەی هەبوو، بەهۆی ئەو شێوازە بوێرانەیەی کە پرسیاری لە ترەمپ دەکرد دەربارەی قەیرانی کۆرۆنا. بەهۆی ئەو چاوپێکەوتنەوە خەڵاتی "ئیمی" (Emmy) بردەوە. 
بەوە ناسراوە کە دەتوانێت زۆرترین "سەبقی ڕۆژنامەوانی" (Scoops) و هەواڵی تایبەت بەدەستبهێنێت کە هیچ رۆژنامەنووسێک و کەناڵی تر دەستیان پێناگات.

 زۆرجار کە ناوی ئەم دوو رۆژنامەنووس پێکەوە دێت، هۆکەی دەگەرێتەوە بۆ چەند ساڵی ڕابردوو، هابەرمان و سوان بوونەتە "تیمێکی بەهێز" لە نیویۆرک تایمز. ئەوان پێکەوە کار لەسەر ڕاپۆرتە لێکۆڵینەوەییە گەورەکان دەکەن، بەتایبەت دەربارەی؛ پلانەکانی داهاتووی ترەمپ، چەندین ڕاپۆرتی وردیان بڵاوکردەوە دەربارەی ئەوەی ترەمپ چۆن دەیەوێت سیستەمی حکومڕانی ئەمریکا بگۆڕێت بۆ ئەوەی دووبارە ببێتەوە بە سەرۆک.
ئەم دوو رۆژنامەنووسە وەک سەرچاوەی یەکەمی زانیارییە نهێنییەکانی ناو پارتی کۆماری و کەمپەینەکانی هەڵبژاردن ناوزەد دەکرێن.
راپۆرت و شیکارییەکانیان لە ئێستادا کاریگەری بەرچاویان هەیەو، ڕاپۆرتە هاوبەشەکانیان کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر ڕای گشتی و ناوەندی سیاسی ئەمریکا هەیە.





PM:01:42:17/06/2026