هەڵسەنگاندنی ستراتیژی؛ گۆڕانی شێوازی روبەڕوبونەوە لە نێوان ئەمریکا و ئێران

١- لە جەنگی ١٢ ڕۆژە و ٣٩ ڕۆژەدا، بڕیارە ستراتیژی و سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەژێر کاریگەریی ڕاستەوخۆ و کەسیی (تڕەمپ و نەتەنیاهۆ)دا بوون.

٢- ئەم بڕیارە کەسییانە کە بێ پلانی قووڵ بوون، لە ئەنجامدا بوونە هۆی تێکچوونی هاوسەنگی نێوان بڕیاری سیاسی و پلانی سەربازی. ئەمەش وایکرد (ڕیتمی) ئۆپەراسیۆنەکان خاو بێتەوە و گواستنەوە لە لێدانە تاتیکییەکانەوە بۆ یەکلاکردنەوەی سەربازیی (بەپێی ئەو ئامانجانەی ڕاگەیاندرابوون) دوا بکەوێت.

٣- ئەمریکا و ئیسرائیل خاوەنی باڵادەستییەکی بێوێنەی ئاگرین و هەواڵگری بوون، بەڵام ئەم باڵادەستییە نەگۆڕا بۆ دەستکەوتی ستراتیژی هاوتای ئەو هێزەی بەکارھێنرا. لە بەرامبەردا، ئێران بە عەقڵ و لۆژیکی "دامەزراوەیی" جەنگەکەی بەڕێوەبرد و بە ڕوونی ئامادەکاری زیاتری بۆ کردبوو.

٤- ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران توانی یەکپارچەیی سیستەمی فەرماندەیی و کۆنترۆڵ بپارێزێت. توانییان شۆکی تیرۆرکردنی سەرکردەکانیان هەرس بکەن و بە خێرایی دەسەڵاتەکان دابەش بکەنەوە، ئەمەش وایکرد چەرخی فەرماندەیی سەربازی بەردەوام بێت. سەرەڕای زیانە گەورەکان "ناوەندی قورسایی" ئێران بە یەکگرتوویی مایەوە و هێزەکان لەژێر یەک پلاندا بەردەوام بوون لە ئەرکەکانیان.

٥- بەڵام ئەمڕۆ سروشتی جەنگەکە بە تەواوی گۆڕاوە؛ ئێستا ئەمریکا بە عەقڵی "دامەزراوەی سەربازیی" و ئەزموونی کەڵەکەبووی خۆی لە پلاندانانی هەڵمەتە ستراتیژییەکاندا شەڕ دەکات. واتە ڕووبەڕووبوونەوەکە لە نێوان جەنەڕاڵەکانی وەزارەتی بەرگری (پنتاگۆن) و جەنەڕاڵەکانی سوپای پاسدارانە.

٦- ئەم گۆڕانکارییە دوای ئەوە هات کە بڕیاری سەربازی لەژێر کاریگەریی سیاسیی کەسیی ڕزگار کرا و پرۆسەی هەڵسەنگاندن و جێبەجێکردن درایە دەست دامەزراوە سەربازییەکان و جەنەڕاڵە بە ئەزموونەکان. ئێستا بڕیارەکان بە ناو سیستەمەکانی هەواڵگری، دەستەی ئەرکان، پلاندانان و ناوەندەکانی هەڵسەنگاندنی دۆخدا تێپەڕ دەبن پێش ئەوەی ببنە ئامانج لە "بانکی ئامانجەکاندا".

٧- بەجۆرێک کە هەر لێدانێکی ئەمریکا ئێستا بەستراوەتەوە بە ئامانجێکی ئۆپەراسیۆنی و، هەر ئامانجێکی ئۆپەراسیۆنیش دەبێتە هۆی گەیشتن بە مەبەستێکی ستراتیژی. هەر قۆناغێک ڕێ خۆشکەرە بۆ قۆناغی دواتر لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی سەربازیی تەواوکار کە کۆتاییە سیاسییەکەی پێشوەختە کێشراوە. ئەمەش کۆتایی بەو سەرپێچی و هەڕەمەکییەی ئۆپەراسیۆنەکانی پێشوو هێنا.

٨- لە ڕووبەڕووبوونەوەکانی پێشوودا، ئێران سەرکەوتوو بوو لە سەپاندنی هاوکێشەی "داخوران" (استنزاف) و بەرزکردنەوەی تێچووی ستراتیژی و، ئەمریکا و ئیسرائیلی ناچار کرد بەو ڕیتمە شەڕ بکەن کە خۆی دەیویست.

٩- بەڵام ئێستا، دامەزراوەی سەربازیی ئەمریکا دەڵێت: زەحمەتە کۆمەڵە ئامانجێکی گشتگیر لە یەک کردەوەی سەربازیدا بەدی بهێنرێت، بۆیە دەبێت ئامانجەکان دابەش بکرێن و ئۆپەراسیۆنەکان بکرێنە قۆناغ بە قۆناغ. ئێستا ئامانجی سەربازی ڕووخاندنی ڕژێم، یان گۆڕینی ڕەفتاری نییە بە یەک هەنگاو، بەڵکو "کردنەوەی گەرووەکە بە هێز" لە پێشینەیە، کە لەوانەیە دواتر ببێتە هۆی ڕووخانی ڕژێم یان گۆڕینی ڕەفتاری.

١٠- بەو واتایەی، سەرکەوتن لە کردنەوەی گەرووەکە بە هێز (بەپێی تێڕوانینی جەنەڕاڵەکانی پنتاگۆن) ڕێگە بۆ سەرکردایەتی ئەمریکا خۆش دەکات بەرەو ئامانجەکانی دیکە بڕوات، وەک نەمانی کارتەکانی فشار لە دەستی ڕژێم. بەمەش ئەوەی پێویستی بە هێز بێت بە هێز چارەسەر دەکرێت و ئەوەی پێویستی بە دیپلۆماسی بێت بە دیپلۆماسی.

١١- بە گشتی، تەرازوی هێز باڵادەستییەکی ڕوون دەداتە ئەمریکا لە بوارەکانی: هێزی ئاسمانی، کۆنترۆڵی دەریایی، هەواڵگریی ئاسمانی، چاودێری ئەلیکترۆنی، لێدانە دوورمەوداکان و فەرماندەیی هاوبەش. ئەمانە هەمووی توانای ئەوەی پێ دەبەخشن کە ڕیتمی جەنگەکە بسەپێنێت.

١٢- لە بەرامبەردا، ئێران خاوەنی تایبەتمەندییەکی جیاوازە کە بریتییە لە: ڕەهەندی مەعنەوی قوربانیدان، "ئارامی ستراتیژی"، توانای هەرسکردنی شۆکەکان بەهۆی فراوانیی جوگرافیاکەی، بەڕێوەبردنی جەنگی درێژخایەنی داخوران و، پاراستنی ناوخۆ لەژێر گوشاردا. جگە لە توانای بەرزکردنەوەی تێچووی ستراتیژی بۆ لایەنی بەرامبەر.

لێرەدا گرێ کوێرە ڕاستەقینەکەی جەنگ دەردەکەوێت، ئەویش توانای "یەکلاکردنەوە" کە چۆن یەکلایی دەکرێتەوەو لە قازانجی کام بەرە.

١٣- ئێران شەڕی "مانەوە" دەکات، هەر ڕۆژێک کە تێپەڕێت و تێیدا یەکپارچەیی دەوڵەت و دامەزراوەکان و سیستەمە سیاسییەکەی بپارێزێت، ئەوە دەچێتە سەر سەرمایە ستراتیژییەکەی.

١٤- بە پێچەوانەی ئەمریکا، کە بە ڕوونی داوای لێ دەکرێت جەنگەکە یەکلا بکاتەوە. ئەمریکا شەڕی "ئامانجە کەڵەکەبووەکان" دەکات و کات لە دژی ئەو کار دەکات نەک لە بەرژەوەندیی. هەر ڕۆژێک تێپەڕێت بێ ئەوەی ئامانجە ڕاگەیەندراوەکان بەدی بهێنێت، تێچووی سیاسی و سەربازییەکەی زیاد دەکات و دەرفەت دەداتە ڕکابەرەکەی (ئێران) کە هێزەکانی ڕێکبخاتەوە.

١٥- لەبەر ئەم هۆکارە، سەرکەوتنی ئەمریکا بەوە دەپێورێت کە تا چەند دەتوانێت سیستەمی بڕیاردانی ئێران بە شێوەیەکی پلەبەندی هەڵوەشێنێتەوە و توانای بەرهەمهێنانەوەی هێزی گفتوگۆکردنی لێ زەوت بکات، هەروەها ناچاری بکات واقعێکی ستراتیژی نوێ قبوڵ بکات (بەتایبەت لەسەر ئاستی گەرووەکە لەم قۆناغەدا).

لەبەرئەوە، ناوچەکە لە بەردەم جەنگێکی داخورانی درێژخایەندایە، ئەگەر ڕژێمی ئێستای ئێران بتوانێت وەک ماوەکانی ڕابردوو خۆڕاگری بکات، گەر نەشتوانێ ئەوا هەژموونی ئەمەریکا زاڵدەبێت.


* لە هەژماری توێژەری سیاسی عێراقی د. عەلی ئەغوان وەرگیراوە.. بە ئامادەکردنەوە






PM:12:48:22/07/2026