كێ هەڵبژاردنی بردەوە؟

ئەنجامی هەڵبژاردن هێزەكانی دامركاندەوە

راپۆرتی شیكاری: محەمەد رەئوف    

لەگەڵ ئەوەی تا ئەمڕۆ ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکانی 30ی نیسان رانەگەیەنراوە، بەڵام ئەنجامە بەراییە ناڕەسمیەکان، سەنگو قورساییو پێگەی هێزەکانی دەرخستووە، زۆرێک لە هێزەکان ئاماژە بە سەرکەوتن دەکەنو رووخساری هەندێکیشیان شکستی حیزبەکەیانی لێدەخوێنرێتەوە، هەموو ئەگەرەکانی ئەوە دەخەنەڕوو کە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی 30ی نیسان ئەوە دەخەنەڕوو کە هێزەکان چ لە ئاستی بەغداو چ لە ئاستی هەرێمی کوردستان، بەبێ هاوکاریو هەماهەنگی ناتوانن بەشداری لە حکومەتو پەرلەمانەکانی هەرێمو بەغدا بکەن، بە هەڵسەنگاندنی ئەنجامی دەنگی هێزەکان لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانو عێراق، سەرکەوتنو شکستی لیستەکان بە وردی دەخوێنرێتەوە.

یەکەم/ پارتی دیموکراتی کوردستان
لە هەڵبژاردنی 30ی نیسانی 2014ی ئەنجومەنی پارێزگاکانو پەرلەمانی عێراقدا پارتی دیموکراتی کوردستان توانی پارێزگاری لە دەنگەکانی خۆی بکاتو بگرە زیادیش بکات لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، لە هەڵبژاردنی 30ی نیساندا لەکۆی  نزیکەی (2 ملیۆنو 113 هەزارو 885) دەنگدەر، بە رێژەی (77%) بەڵام تا ئێستا بە نزیکەی لەو رێژەیە لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم پارتی دیموکراتی کوردستان (784 هەزارو 141) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی (37،8%)، هەرچەندە لە هەڵبژاردنی 21/9/2013دا پارتی (743 هەزارو 984) دەنگی بەدەستهێنابوو، بەو پێیەش پارتی نزیکەی (40 هەزار) دەنگ لە سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان زیادی کردووە، لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر پارتی دیموکراتی کوردستان (370 هەزارو 247) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی (48.7%)، بەڵام لە هەڵبژاردنی 21/9/2013ی پەرلەمانی کوردستان (340 هەزارو 668) دەنگی بەدەستهێناوە، بەو پێیەش لە پارێزگای هەولێر پارتی نزیکەی (30 هەزار) دەنگ زیادی کردووە، لە پارێزگای سلێمانی (85 هەزار) دەنگی هێناوە، بەڵام لە هەڵبژاردنی 21/9/2013دا (92 هەزارو 500) دەنگی بەدەستهێناوە، بەو پێیەش دەنگەکانی پارتی لە پارێزگای سلێمانی نزیکەی (7 هەزار دەنگ) کەمیکردووە.

سەبارەت بە پارێزگای دهۆکیش کە پارتی دیموکراتی کوردستان (330 هەزارو 683) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی (71.2%)، بەڵام لە هەڵبژاردنی 21/9/2013دا (310 هەزارو 816) دەنگی بەدەستهێناوە، بەو پێیەش دەنگەکانی پارتی لە پارێزگای دهۆک نزیکەی (20 هەزار دەنگ) زیادیکردووە.

دووەم/ بزووتنەوەی گۆڕان
لە هەڵبژاردنی 30ی نیسانی 2014 لیستی گۆڕان لە سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان (495 هەزارو 914) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی (23.8%)، بەڵام لە هەڵبژاردنی 21/9/2013دا لیستی گۆڕان (476 هەزارو 736) دەنگی بەدەستهێناوە بەو پێیەش دەنگەکانی بزووتنەوەی گۆڕان لە سێ پارێزگاکەی هەرێم نزیکەی (20 هەزار دەنگ) زیادی کردووە.
سەبارەت بە پارێزگای سلێمانی کە گۆڕان بە سەنتەری دەنگەکانی خۆی دەزانێت توانی (373 هەزار دەنگ) بەدەستبهێنێت، بەڵام لە هەڵبژاردنی 21/9/2013دا گۆڕان ( 333 هەزارو 961) دەنگی بەدەستهێناوە، بەو پێیەش لە پارێزگای سلێمانی بزووتنەوەی گۆڕان نزیکەی (40 هەزار دەنگ) زیادی کردووە.

لە پارێزگای هەولێر گۆڕان (106 هەزارو 218) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی (14%)، بەڵام لە هەڵبژاردنی 21/9/2013 گۆڕان نزیکەی (130 هەزار) دەنگی بەدەستهێناوە، بەو پێیەش دەنگەکانی گۆڕان لە پارێزگای هەولێر بە نزیکەی (25 هەزار دەنگ) کەمیکردووە.

لە پارێزگای دهۆک لە هەڵبژاردنی 30ی نیسانی 2014دا تا ئێستا نزیکەی (24 هەزارو 580) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی (5.29%)، بەڵام لە هەڵبژاردنی 21/9/2013دا گۆڕان لە پارێزگای دهۆک (12هەزارو 775) دەنگی بەدەستهێناوە، بەو پێیەش گۆڕان لە پارێزگای دهۆک نزیکەی (12 هەزار) دەنگ زیادی کردووە.

سێیەم/ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان
لە هەڵبژاردنی 30ی نیسانی 2014 لیستی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان (469 هەزارو 88) دەنگ بەرێژەی (22.6%) بەڵام لە هەڵبژاردنی 21/9/2013دا یەکێتی (350 هەزارو 500) دەنگی بەدەستهێناوە بەو پێیەش دەنگەکانی یەکێتی لە سێ پارێزگاکەی هەرێم نزیکەی (118 هەزار دەنگ) زیادی کردووە.

سەبارەت بە پارێزگای سلێمانی یەکێتی توانی (282 هەزار دەنگ) بەدەستبهێنێت، بەڵام لە هەڵبژاردنی 21/9/2013دا یەکێتی (234 هەزارو 252) دەنگی بەدەستهێناوە، بەو پێیەش لە پارێزگای سلێمانی یەکێتی نزیکەی (48 هەزار دەنگ) زیادی کردووە.
لە پارێزگای هەولێر یەکێتی (159 هەزارو 328) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی (20.9%)، بەڵام لە هەڵبژاردنی 21/9/2013 یەکێتی نزیکەی (91 هەزارو 72) دەنگی بەدەستهێناوە، بەو پێیەش دەنگەکانی یەکێتی لە پارێزگای هەولێر بە نزیکەی (58 هەزار دەنگ) زیادیکردووە.

لە پارێزگای دهۆک لە هەڵبژاردنی 30ی نیسانی 2014 دا تا ئێستا نزیکەی (38 هەزارو 277) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی (8.25%)، بەڵام لە هەڵبژاردنی 21/9/2013دا یەکێتی لە پارێزگای دهۆک (25هەزارو 176) دەنگی بەدەستهێناوە، بەو پێیەش یەکێتی لە پارێزگای دهۆک نزیکەی (12 هەزار) دەنگ زیادیکردووە.


چوارەم/ یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان
لە هەڵبژاردنی 30ی نیسانی 2014 یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان ( 167 هەزارو 557 ) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی ( 8.08% )بەڵام لە هەڵبژاردنی 21/9/2013 دا یەکگرتوو ( 186 هەزارو 741 ) دەنگی بەدەستهێناوە بەو پێیەش دەنگەکانی یەکگرتوو لە سێ پارێزگاکەی هەرێم نزیکەی ( 19 هەزار دەنگ ) کەمیکردووە.
سەبارەت بە پارێزگای سلێمانی یەکگرتوو توانیویەتی ( 63 هەزارو 682 ) دەنگ بەدەستبهێنێت، بەڵام لە هەڵبژاردنی 21/9/2013 دا یەکگرتوو ( 84 هەزارو 81 ) دەنگی بەدەستهێناوە، بەو پێیەش لە پارێزگای سلێمانی یەکگرتوو نزیکەی ( 21 هەزار دەنگ ) کەمیکردووە.

لە پارێزگای هەولێر یەکگرتوو ( 41هەزارو 728 ) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی ( 5.49% ) بەڵام لە هەڵبژاردنی 21/9/2013 یەکێتی نزیکەی ( 46 هەزار ) دەنگی بەدەستهێناوە، بەو پێیەش دەنگەکانی یەکگرتوو لە پارێزگای هەولێر بە نزیکەی ( 5 هەزار دەنگ ) کەمیکردووە.

لە پارێزگای دهۆک لە هەڵبژاردنی 30ی نیسانی 2014 دا تا ئێستا نزیکەی (  62 هەزارو 147 ) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی ( 13.25% ) بەڵام لە هەڵبژاردنی 21/9/2013 دا یەکگرتوو لە پارێزگای دهۆک ( 56 هەزارو 660 ) دەنگی بەدەستهێناوە، بەو پێیەش یەکگرتوو لە پارێزگای دهۆک نزیکەی ( 6 هەزار ) دەنگ زیادیکردووە.

پێنجەم/ کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان
لە هەڵبژاردنی 30ی نیسانی 2014 کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان لە سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان ( 107 هەزارو 97 ) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی ( 5.16% ) دەنگ، بەڵام لە هەڵبژاردنی 21/9/2013 دا کۆمەڵ  ( 118 هەزارو 574 ) دەنگی بەدەستهێناوە بەو پێیەش دەنگەکانی کۆمەڵ لە سێ پارێزگاکەی هەرێم نزیکەی ( 11 هەزار دەنگ ) کەمیکردووە.
سەبارەت بە پارێزگای سلێمانی کۆمەڵ  توانیویەتی ( 47هەزارو 549 ) دەنگ بەدەستبهێنێت، بەڵام لە هەڵبژاردنی 21/9/2013 دا کۆمەڵ ( 67 هەزارو 285 ) دەنگی بەدەستهێناوە، بەو پێیەش لە پارێزگای سلێمانی کۆمەڵ نزیکەی ( 20 هەزار دەنگ ) کەمیکردووە.

لە پارێزگای هەولێر کۆمەڵ ( 58هەزارو 420 ) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی ( 7.69% )، بەڵام لە هەڵبژاردنی 21/9/2013 یەکێتی نزیکەی ( 46 هەزارو 300 ) دەنگی بەدەستهێناوە، بەو پێیەش دەنگەکانی کۆمەڵ لە پارێزگای هەولێر بە نزیکەی ( 12 هەزار دەنگ ) زیادیکردووە.

لە پارێزگای دهۆک لە هەڵبژاردنی 30ی نیسانی 2014 دا تا ئێستا نزیکەی (  4 هەزارو 221 ) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی ( 0.9% )،  بەڵام لە هەڵبژاردنی 21/9/2013 دا کۆمەڵ لە پارێزگای دهۆک ( 4 هەزارو 814 ) دەنگی بەدەستهێناوە، بەو پێیەش یەکگرتوو لە پارێزگای دهۆک نزیکەی ( 600 ) دەنگ کەمیکردووە.



PM:04:16:21/05/2014