چالاکوانێکی مەدەنی لە بارەی دۆخی گەنجانەوە لە هەرێمی کوردستان، دەڵێت" ڕۆڵی گەنج لە قارەمانەوە گۆڕدراوە بۆ قوربانی و دووچاری بێ هیوایی بوونەتەوە، ئەمەش مەترسیدارترین خاڵە کە گەنجێک پێی بگات لە نیشتماندا”.
لەبارەی رۆڵی گەنجی کورد لە ژینگەی باشوری کوردستان و ئاستەنگ و گیروگرفتەکانی و کەمی بەشداری لە پرسە گشتییەکاندا، ماڵپەڕ و سۆسیال میدیای سپی، چاوپێکەوتنێکی تایبەتی لەگەڵ لانیاس عەتا چالاکوانی مەدەنی و پارێزەردا سازکرد.
گەنجی هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی نەرێنی دژواردا گووزەر دەکات
لانیاس عەتا پارێزەر و چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ لەبارەی دۆخی گەنجەوە لە ژینگەی هەرێمی کوردستاندا دەڵێت" ئەگەر هەڵسەنگاندنێک بۆ سیستمی حکومڕانی هەرێم و ناوچەکە بکەین، ئەوا ئەنجامێکی دڵخۆشکارانە نییە، دۆخی ئێستای گەنجان بەراورد بە ساڵانی رابردوو بەرەو دۆخێکی نەرێنی و دژوار ڕۆیشتوە".
زۆربەی شۆڕش و گۆڕانکارییە گەورەکانی وڵاتانی جیهان لە رێگای گەنجەوە ئەنجامدراون، لانیاس عەتای پارێزەر پێیوایە گەنجی کوردیش رۆڵی هەبووە لەم گۆڕانکارییە گەورانەدا، جەخت دجەکاتەوە کە ناکرێت مافی گەنج زەوت بکرێت و چاوەڕێشی لێبکرێت پەیوەست بێت بە خاکەکەیەوەو، ئەو چالاکوانە دەڵێت" ڕۆڵی گەنج لەوپەڕی هێز و وزەوە لە هەرێمـی کوردستاندا بوەتە ڕۆڵێكی قوربانی، ئەم گەنجە ئەسپی خۆشی تاوبدات هێشتا ئاسۆی لێ ڕوونییە، کەواتە هیچ ئامادەیەکی تێدا نییە وزەی خۆی بە هەدەر بدات".
گەر گەنج زەمینەی بۆ سازنەکرێت، رەنگە رۆڵەکەی کارەستباربێت
ئەم پارێزەرە گەنجە کە لە قۆناغەکانی تەمەنیدا لە سەردەمی خوێندکاری زانکۆوە تا ئێستا کە پارێزەرە گرنگی بە مافەکانی گەنج و ژنان داوە و باوەڕی بە هێزی گەنجان هەیە لە گۆڕانکاریەکانیدا، ئەو جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە حکومەتی هەرێم لە ماوەی حکومڕانیاندا نەیانتوانیوە ژینگەیەکی تەندروست بۆ گەنج دروست بکات، تا بتوانن وزەکەیان بە ڕێڕەوێکی تەندروستدا ببەن و، دەڵێت" بۆیە لە کاتێکدا گەنجان بارودۆخێکی دژواریان هەیە، ناتوانن بەرهەم هێنبن، کە دەرونێکی شێواویان بۆ دروستکردون، ناتوانێت سەد لە سەد ئەو وزەیەی کە هەیەتی بەکاری بهێنێت بۆ بیرکردنەوە و داهێنانی ئەرێنی".
ئەو پێیوایە نەرەخساندنی ئەو زەمینیەیە دەبێتەهۆی دروستبوونی گەنجێک کە خاوەنی کۆمەڵێک توندوتیژی خەفەکراو لە ناخیدا بێت و، لە ڕوداوێکی سادەدا دەکرێت لەلای ئەو تەقینەوەیەکی گەورە ڕوبدات و ببێت بە کارەسات، وەک ئەو ڕوداوانەی لەم دوایەدا لە هەرێمی کوردستان بینیمان.
لانیاس عەتا بۆ هەنگاونان بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخەی نەرێنییەی گەنج، پێیوایە دەبێت یەکەم هەنگاو گەنج خۆی بیهاوێژێت و دەڵێت" دەبێت کۆمەڵێک بابەتی لاوەکی و لاواز وەلا بنێن و هەڵسەنگاندنیان هەبێت بۆ ئەم دۆخە و، دواتر بە ڕێکخستنکراوی کارەکانیان و کرداریان هەبێت و ببنە هۆی گۆڕانکاری"، ئەو پێیوایە گەنج گەر ئەو کارە بکات دەبێتە هۆی لەقاندن و شڵەژانی دەسەڵات و وا دەکات مافەکان وەربگرنەوە، خۆی لەخۆیدا ئەمەش دەبێتە هۆکاری چارەسەری دۆخەکە بە گشتی و، ئەو دەمە دەبێتە هۆی داڕشتنەوەی سیستمی سیاسی بە شێوەیەکی باشتر.
بۆ بینینی ڤیدیۆی چاوپێکەوتنەکە کلیک لەسەر ئەم لێنکە بکە