عەبدولقادر سەرچناری: كورد لە ئەزمەیەكی كەلتوری گەورەدایە

ئەدیب و نوسەری كورد، قادر سەرچناری سەبارەت بەو قەیرانەی كە ناوچەكە و هەرێمی كوردستانی گرتوەتەوە نوسەر پێیوایە قەیرانەكە تەنیا قەیرانێكی سیاسی نیە و دەڵێت: قەیرانەكە قەیرانێكی كەلتورییە، كورد لە ئەزمەیەكی كەلتوری گەورەدایە.

لە وتووێژێكدا لەگەڵ سپی، عەبدولقادر سەرچناری، ئەدیب و نوسەری كورد سەبارەت بە دۆخی ئێستای هەرێم و ئەركی رۆشنبیران و چەند تەوەرێكی دیكە را و بۆچوونەكانی خۆی دەخاتە ڕوو.

سەبارەت بەو قەیرانەی كە ناوچەكە و هەرێمی كوردستانی گرتوەتەوە نوسەر پێیوایە قەیرانەكە تەنیا قەیرانێكی سیاسی نیە و دەڵێت: قەیرانەكە قەیرانێكی كەلتورییە، كورد لە ئەزمەیەكی كەلتوری گەورەدایەو دیارە بەشێكی بەر نوسەران و رۆشنبیران و هونەرمەندان دەكەوێت، چونكە ئەم توێژە كۆمەڵایەتییە توێژێكی مردوە، توێژێكە پرەنسپی رۆژگار یان مۆدێرنە نازانێت و وابەستەی ئەو رووداوانەی كە رۆژانە روودەدات، بۆیە ناتوانێت لە دەرەوەی رووداوەكان خوێندنەوەی هەبێت.

سەرچناری دەڵێت: زۆر بە ئاشكرا دەتوانم بڵێم ژمارەی ئەو كەسانەی كە دەتوانن بیربكەنەوە و داهێنانی فكری بكەن لە پەنجەكانی دەست تێپەڕنابێت. ئەو پێیوایە كە نوسەران ناتوانن یەكگرتوو بن و ناشتوانن كیانێكی سەقافی بپارێزن، لەبەر ئەوە هەمیشە سیاسییەكان بە دەسەڵاتترن و قەتیش گوێ بۆ توێژی روناكبیری كورد ناگرن، و دەڵێت: لەبەر ئەوەی خۆمان بچوكین، خۆمان نەگەیشتونەتە ئاستێك كە گوێمان لێبگیرێت، كەواتە پاراستنی زمان، پاراستنی رۆشنبیری ئەركی نوسەرانە كە بەداخەوە ئاستی رۆشبیرانی كورد لەمبارەوە زۆر نزمە.

لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەبارەت بە بابەتی ئایینی و مومارسەكردنی ئایین لە هەرێمی كوردستان عەبدولقادر سەرچناری پێیوایە مومارسەكردنی ئاین لە وڵاتی ئێمەدا زۆر مەترسیدارە. لەمبارەوە ئەو دەڵێت: راستە كە ئێمە لە كۆمەڵگایەی ئیسلامی و ئاییندا دەژین، بەڵام مومارەسە كردنی ئایینی ئیسلام لە وڵاتی ئێمەدا زۆر مەترسیدارە، ئەگەر دەستەبژێرێكی گەورە، ئەگەر دیالۆگێكی كۆمەڵایەتی هەبووایە، ئەمە ئاوا نەدەشكایەوە. ئەو كات دین موقعی خۆی دەگرت، رۆشنبیر موقعی خۆی دەگرت و سیاسەتیش موقعی خۆی دەگرت، بەڵام ئێستا ئەمانە هەمووی تێكەڵ بوون و نازانی كێ رۆشنبیرە و كێ رێگا راستەكەی گرتووە.





PM:12:42:12/09/2025