بەرێوەبەری سهنتهری پهرهپێدانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ کارزان فازل دەڵێت " بەپێی هەموو پێوەرەکان لەسەرجەم بوارەکاندا مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان پاشەکشەی کردوە".
کارزان فازل بەرێوەبەری سەنتەری دیموکراسی و مافی مرۆڤ کە رێکخراوێکی سەربەخۆیەو چاودێری رەوشی مافی مرۆڤ و دیموکراسی لە کوردستاندا دەکات، لە چاوپێکەوتنێکدا بۆ ماڵپەڕی و سۆسیال میدیا ( سپی ) لەسەر رەشی مافی مرۆڤ و دیموکراسی لە ئێستادا بە شێوەیەکی گشتی و لە دوای رووداوەکانی لالەزار و هێشتنەوەی گیراوەکانی بادینان لە بەندیخانە قسە دەکات.
لەو چاوپێکەوتنەدا کارزان فازل سەرەتای زیادبوونی توندتیژی دەگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی داهاتنی رێکخراوی داعش و، هاوکات دەشڵێت" بنەماکانی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە لە هەرێمی کوردستاندا پێشێل دەکرێت".
لە درێژەی قسەکانیدا بەرێوەبەری رێکخراوی DHRD دەشڵێت" هێزی نیشتمانی لە هەرێمی کوردستاندا نیە بۆ پاراستنی ئەمنیەت، ئەوەی هەیە هێزی حزبیە و پەیوەستە بە تاکەوە لە ناو حزبدا ئەمەش هۆکارە بۆ پێشێلکردنی مافی مرۆڤ".
لەبارەی رووداوەکانی لالەزارەوە، کارزان فازل دەڵێت" لە ڕوداوەکەی لالەزاردا کە بە ناوی یاساوە دەڵین کردومانە، کام دادوەر بڕیاری داوە بە بەکارهێنانی هێز؟".
" با تۆمەتباران دادگایی بکرێن، بەڵام بەشێوەیەکی شكۆمەندانە کە پێوەرەکانی مافی مرۆڤی تێدا پارێزراوبێت"،( بەڕێوەبەری رێکخراوی DHRd دەڵێت
کارزانی فازل پێیوایە کە نابێت بەرامبەر ئەم رووداوانە کە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و سەروەری یاسایە، سەندیکای پارێزەران بێدەنگبن لێی و دەڵێت " سەندیکای پارێزەران لە هەرێمی کوردستاندا بێدەنگە لە ئاست پێشێلکردنی مافەکانی تۆمەتباران".
لە بارەی چارەسەرەوە، بەرێوەبەری رێکخراوی DHRD دەڵێت" تاکە هیوای لە هەرێمی کوردستاندا هەبوونی دەنگە ناڕازیی و ئازادەکانن بۆ گۆڕانکاری لەم دۆخە خراپەدا".
ڕێکخراوی(DHRD) لە ساڵی ٢٠٠٢دا لەلایەن کۆمەڵێک یاساناس و پارێزەر و مامۆستای زانکۆ و کەسانی ئەکادیمی و خەمخۆرانی مافەکانی مرۆڤ ڕیکخراوی (لەشاری سلێمانی دامەزرا، ئامانجیان گەیشتنە بە دادپەروەری و یەکسانی و بەرقەراربوونی یاسا و دیموکراتیزەکردنی دەستاودەستکردنی دەسەڵات و سەربەخۆبوونی دەسەڵاتی دادوەری لە ھەرێمی کوردستان.
دەقی چاوپێکەوتنەکەی کارزان فازل بەڕێوەبەری رێکخراوەکە لەم لینکەوە ببینە..