سەرۆکی ڕێکخراوی پارێزەرانی ئاوی کوردستان و عێراق هۆشداری دەدات لەبەرامبەر پیسبوونی ژینگەی کوردستان بە ڕۆنی کارگەکان و دەڵێت" جۆرەها کارگە هەیە، کە تۆمارکراو نین و پاشماوەیان هەیە، بەهەرزانترین ڕێگا پاشماوە فڕێ دەدەن و زیانەکانیان لە داهاتوودا دەردەکەوێت".
نەبیل ئیبراهیم، سەرۆکی ڕێکخراوی پارێزەرانی ئاوی کوردستان و عێراق، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا بۆ سپی میدیا، لەسەر پاشماوەی کارگەکانی ڕۆنی ئۆتۆمبێل و کارگەکانیی دیکە کە تایبەتن بە سوتەمەنی، ئاماژەی بە چەند خاڵێك کرد لەوانە :
١- لە ساڵی ٢٠١٠ شارەوانی سلێمانی، ڕێگەی دابوو پاشماوەی کارگەکانی تایبەت بە ڕۆنی ئۆتۆمبێل پاشماوەکانیان ببەنە تانجەرۆ و کارەساتێک لەوێ خولقاوە.
٢- لە ناوچەی تانجەرۆ هەندێک کارگە هەیە بە شەو کاردەکەن، هیچ گرنگی بە پاشەڕۆی کارگەکان نادەن و هیچ فلتەرێکیان نییە، ئەوەی دەگوزەرێت لەوێ هەمووی نایاساییە.
٣- دەبێت ئەوانەی پاشەڕۆی ئەو کارگانە فڕێ دەدەن لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت و ڕێگری لە کارەکەیان بکرێت، ئەوەی لێرە ڕوودەدات تەنها لە وڵاتە مافیاگەراکاندا هەیە.
٤- لە کوردستان هەموو شت خۆڵی دەکرێت بەسەریدا، بۆ چارەسەرکردنئ پاشماوەکانیش هەروا دەکەن، لە کاتێکدا ئەمە چارەسەر نییە.
٥- ئێستا لە سەردەمی ئەوەدا نەماوین نەزانین کێشەکان چیە، دەبێت چارەسەری بنەڕەتی بدۆزینەوە.
٦- پاشماوەکان دەمێننەوە، ٢٠٠ ساڵی دیکەش تانجەرۆ نابێتەوە بەو جێگایەی کە چەڵتوکی لێ بەرهەم هاتوە.
٧- یاساکان جوانن، بەڵام تۆزیان لێ نێشتوە و بەکاری ناهێنن بە کردەیی.
٨- ئەگەر یاساکان جێبەجێبکرێن بە شەش مانگ گۆڕانکاری لە ناو سیستم و سروشتدا دەبیندرێت.
٩- عەیبەیە ئێستا ئێمە لە نیوەی ڕێگای چارەسەردا نین، چەند ساڵە هەر باسی کێشە دەکەین.
١٠- ئەگەر فریا نەکەوین پیسی و ژەهر دەبێت بە بەشێک لە کلتورمان و ئاسایی دەبێتەوە.
١١- هەرکەس لە بوارەکەی خۆیدا دەبێت چالاکوان بێت، ئەم وڵاتە لە لایەن هاوڵاتی و سیستمەوە دەستی لێبەردراوە.
لە ٢٢ تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، چەند گرتە ڤیدیۆیەک بڵاوکرایەوە کە تیایدا ڕۆنی ڕەش لە نزیک دەریاچەی دووکان ڕاژابوو و مەترسی تێکەڵبوونی لەگەڵ ئاوەکەدا هەبوو، ماددە شلە ڕەشەکە، وەک نەوت یاخود تێزابی باتری ئۆتۆمبێل و پاشماوەی کارگەکانی دروستکردنی ڕۆنی ئۆتۆمبێل، باسی لێوەدەکرا، بە ووتەی نەبیل ئیبراهیم ئەمە کێشەیە نوێ نیە و ئەوان وەک ڕیکخراوەکەیان ١٥ ساڵە چاودێری ئەم بابەتە دەکەن و ئەم گرفتە بوونی هەبوە و ئێستا زیاتر بوە.
بۆ بینینی تەواوی چاوپێکەوتنەکە کلیک لەم لینکە بکە:
https://fb.watch/D5Iyio4d5A/