ڕێکخەری فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، باس لە ژینگەی کاری ڕێکخراوە ناحکومیەکان و دامەزراوەکان دەکات لە هەرێمی کوردستاندا و پێی وایە دەسەڵات بە تایبەت لەم چەند ساڵەی دوایدا کار بۆ بەرتەسکردنەوەی ئازادییەکان دەکات.
بابان جەعفەر، ڕێکخەری فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتی سپی میدیا، لە بارەی چەند تەوەرێکەوە لەسەر چالاکی و ئاستەنگیەکانی بەردەم ڕیکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی قسەی کرد و ئاماژەی بەم چەند خاڵە کرد:
-هەموو دامەزراوە حکومی و ناحکومیەکان لە ژێر دەستی یەک جۆر بەڕێوبردن تێڕوانینا کۆبونەتەوە.
-کاتێک ڕێکخراوە ناحکومییەکان دەیانەوێت کاری گەورە بکەن بەر دیواری دەسەڵات دەکەون.
- چەندین هۆکار هەیە بۆ بەرتەسکبوونەوەی کاری ڕێکخراوەیی، بەڵام هۆکاری یەکەم دەسەڵاتە کە دەیەوێت کۆمەڵگە بکات بە یەک ڕەنگ.
- دوای خۆپیشاندانی ٢٠١١، قەیرانی دارایی دروستکرا و خەڵک برسیکرا بۆ ئەوەی خەڵک پاشەکشە بکات لە ویستەکانی و گۆڕانکاری بۆ ئەو یاسایانەی دیکتاتۆرییەت دروست دەکەن.
-دوای ساڵی ٢٠١١ ژینگەی میدیای نەوتی لە هەرێمی کوردستان دروستکرا و ژینگەیی میدیای ئازاد بەرتەسک کرایەوە.
-جێگری سەرۆکی حکومەت بەرپرسیارە لە بەرتەسکردنەوەی کاری ڕێکخراوەیی لە ماوەی ئەم سێ بۆ چوار ساڵەدا لە سنوری پارێزگای سلێمانی.
- دوو نامەمان نارد بۆ کونسوڵخانەکان و ئاگادارمان کردونەتەوە لە دۆخی کارکردنی ڕێکخراوەکان و ئاستەنگییەکان.
-کاتێک دەسەڵات دەیەوێت کۆمەڵگە یەک ڕەنگ بێت، گەندەڵی زیاد دەکات و ئەگەری سەرهەڵدانی توندوتیژی زیادتر دەبێت.
-یەکێتی و پارتی خۆیان بە براوە دەزانن لە کاتی هەڵبژاردن، کەچی لەسەرهەڵدانی توندوتیژی دەترسن.
- فشارەکان بۆ سەر دەسەڵات لە جیاتی ئەوەی ئەنجامی باش بدەن بە دەستەوە، دەسەڵات وا دەکات ئەنجامی نەرێنیان هەبێت.
-کۆمەڵگەی دوبەیی کە دروشمیان بوو لە چەند ساڵی ڕابردودا لە هەرێمی کوردستان و عێراق ئەستەمە.
- ئەگەر بە تەمان دەسەڵاتی کوردی زیندانی گەورە دروست بکەن و خەڵک لە سێدارە بدەن، ئەوە ئەنجامی ئەزموونی تورکیا و ئێران لە ٥٠ ساڵی ڕابردوودا هەیە، کە ناتوانیت بڵییت کۆمەڵگەکەم بەرەو دیموکراسی دەڕوات.
- پێویست دەکات حکومەتی هەرێم سود لە ئەزموونی وڵاتانی دیکە وەربگرێت.
- دەبێت دەسەڵات ڕێگا بدات، میدیا، ڕێکخراوە ناحکومییەکان، زانکۆکان بە ڕاستی کاربکەن و ڕێگا بکەنەوە بۆ ئەوەی هاوڵاتی لە ژیانێکی دیموکراتیدا بژی و دەسەڵات دەستا و دەست بکات.
- دەبێت دەسەڵات ڕێگا بدات گروپی ئازاد و فشار و تاکەکەسی سەربەخۆ دروست ببن، ئەگەر ئەمە ڕونەدات تووندوتیژی چاوەڕێمان دەکات.