پۆلیسی هەولێر: تۆمەتبارێک لە زیندان خۆی کوشت
خێزانەکەی: شوێنی ئەشکەنجە بەجەستەی کوڕەکەمانەوەیە

‌ئاسۆ مەجید

بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، راگەیاندراوێکی سەبارەت بە گیان لەدەستدانی "تۆمەتبارێک لە زیندان" بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت "لە ناو گرتووخانەدا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە"، بەڵام خێزانەکەی پێچەوانەی راگەیاندراوەکەی پۆلیس گومانیان لە رووداوی گیان لەدەستدانەکە هەیە و دەڵێن "شوێنی ئەشکەنجەدان بە جەستەی کوڕەکەمانەوە هەیە"، پارێزەرێکیش بە 'سپی میدیا' ی راگەیاند "دەبێت کەسوکارەکەی ساکاڵا تۆماربکەن، مادام گومانیان هەیە".

یەک شەممە، ٧ حوزەیران ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوەکەی پۆلیسی هەولێردا  هاتووە "تۆمەتبار ئاسۆ مەجید قادر لەدایکبووی ساڵی ١٩٧٧، کە پیشەی پێشمەرگە بووە لە یەکەی پاسەوانیی سەر بە هێزەکانی زێرەڤانی، لەناو گرتووخانەدا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە".

لە هەمان کاتدا برای ئاسۆ مەجید لەبەردەم پزیشکی دادی سلێمانی رایگەیاند "براکەم شوێنی ئەشکەنجە بە جەستەوەیەتی، هیوادارین حکومەت کەیسەکەمان بۆ یەکلا بکاتەوە و نەهێڵێت خوێنی براکەم بە فیڕۆ بڕوات".

بەپێی زانیارییەکانی پۆلیس "لە رێکەوتی ٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، کاتژمێر ١٢:٢٠ ی نیوەڕۆ، ناوبراو لەناو گرتووخانەدا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە".

شەوی ٦ حوزەیران لە کاتی هێنانەوەی تەرمەکەی ئاسۆ مەجید بۆ سلێمانی کەسوکارەکەی لە لێدوانێکیاندا بۆ میدیاکان وتیان "بە فێڵ کوڕەکەیان برووین بۆ دەوام و دوای دوو مانگ کوشتیان"، هەروەها ئاماژەیان بەوەکرد کە "کوڕەکەیان دوو مانگ و ٧ رۆژە دەستگیرکراوە، بە بێ ئەوەی هۆکاری دەستگیرکردنەکەی بزانن".

سەبارەت بە ئەو مادەیەی "تۆمەتباری" پێ دەستگیرکراوە پۆلیس وتویەتی "بەگوێرەی ماددەی ١ لە یاسای ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠٣ دەستگیر کراوە. ناوبراو پێشتر و لە رێکەوتی ٢ی نیسانی ٢٠٢٦  لەلایەن تیمەکانی پۆلیسەوە دەستگیر کرابوو".

پۆلیسی هەولێر جەختی کردووەتەوە، "تیمی نەهێشتنی بەڵگە و تاوان و بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان لە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان، شانبەشانی راپۆرتی پزیشکی دادوەری، لە رێگەی بەڵگەی سەلمێنراوەوە پشتڕاستیان کردووەتەوە کە ناوبراو خۆی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە"، لە کاتێکدا کەسوکارەکەی بەهەموو شیوەیەک ئەم زانیاریانە رەت دەکەنەوە.

کارزان فازیل، پارێزەر لە ڕێکخراوی DHRD بۆ پەرەپێدانی مافەکانی مرۆڤ لە لێدوانێکی تایبەت بە 'سپی میدیا' لەبارەی یاساکەوە رایگەیاند "ئەو یاسایەی پۆلیسی هەولێر باسی دەکات پەیوەستە بە ئاسایشی نەتەوەییەوە و هەمواری یاسای ژمارە ١١١ی  ساڵی ١٩٦٩ یاسای سزادانی عێراقیە، وە هەرکەس بەدەستی ئەنقەست لە کارێکدا تێوەبگلێت لە تێکدانی سەروەری و یەک پارچەیی هەرێمی کوردستان و ببێتە هۆی کەوتنەوەی زیان، بە بەندکردنی هەتاهەتای یان بەبەندکردنی کاتی (لە نێوان ٥ بۆ ١٥ ساڵ) سزا دەدرێت".

ئەو پارێزەرە لەبارەی گومانی خێزانەکەیەوە ئاشکرایکرد "مادام کەسوکارەکەی گومانیان لە رووداوەکە هەیە، دەبێت بچن بۆ لای دەستەی مافی مرۆڤ یان لە رێگای داواکاری گشتیەوە بابەتەکە بجوڵێندرێت، و خێزانەکەی سکاڵا تۆمار بکەن کە کوڕەکەیان لە ئەنجامی ئەشکەنجەداندا گیانیی لە دەستداوە و دەبێت لە ماوەیەکی زوودا ئەم کارە لە لایەن دادگای لێکۆڵینەوەوە یەکلا بکرێتەوە".

کارزان فازیل دەشڵێت "ئەم کارە پێویستە بەر لە بەخاکسپاردن ئەنجام بدرێت و یەکلا ببێتەوە".




PM:03:47:07/06/2026