بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەوی: رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە دەگیرێتەبەر کە ئاوی ژێر زەوی دەفرۆشن


سێ شەممە، ١٦ حوزەیران ٢٠٢٦، بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەوی سلێمانی، خومار حمە نجیم حمە لە چاوپێکەوتنێکی تایبەت بە ماڵپەڕی سپی زانایاری ورد سەبارەت بە ڕێگاکانی ڕێگریکردن لە قەدەغەکردن و هەڵکەندنی بیر و پاراستنی ئاوی ژێرزەوی باس دەکات.

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

سپی میدیا: ئێوە وەک بەڕێوبەرایەتی ئاوی ژێر زەوی چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو بیرانە دەکەن کە بەنایاسایی (قاچاخ) هەڵدەکەندرێت؟ مامەڵەتان  لەگەڵ بیرە هەڵکەندراوەکان چۆنە؟ ئایا پڕ دەکرێنەوە یاخود دایان دەخەن؟
بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەوی: ئەگەر هەر بیرێک لە کاتی هەڵکەندندابێت و زانیاریمان دەست کەوێت ڕاستەوخۆ پۆلیسی دارستان و ژینگەیی پارێزگاکانی لێ ئاگادار دەکەین لە سنوری دەسەڵاتمان (پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە) و ئەوان دەستگیری دەکەن و پەڕاوی یاسایی بۆ دەکرێتەوە و بە پێی یاسایی بەڕێوەبەردن و پاراستنی ئاو ژمارە (٤)ی ساڵی (٢٠٢٢) مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
 بەپێی بڕگەی (٤) لە ماددەی (٧) لە ڕێنمایی هەڵکەندنی بیری ئاو ژمارە (١)ی ساڵی (٢٠١٥) بە هیچ شێویەك مۆڵەت بە بیرێك نادرێت کە بە نایاسایی هەڵکەندرابێت.
 ئەو بیرانەی کە هەڵکەندراون ئەگەر لە لایەن دادوەری دادگاکان بڕیاری پڕکردنەوەی بۆ دەربکرێت لەلایەن لیژنەیەك لە بەڕێوەبەرایەتیمان پڕدەکرێتەوە.

سپی میدیا: بەپێی یاساکانی حکومەتی هەرێم فرۆشتنی ئاوی ژێر زەوی قەدەغەیە، وە بەشێک لەو بیرانەی بە نایاسایی هەڵکەندراون بە مەبەستی فرۆشتنی ئاوەکەیانە، بۆچی تا ئێستا ئەو بیرانە کار دەکەن چ ڕێکارێک گیراوەتە بەر لەبەرامبەریان؟
بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەوی: لەلایەن لیژنەیەکی هاوبەش لە قائمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی، لیژنەکە ئاماری بیر و شەمعەکانی لە سنوری پارێزگای سلێمانی بە ڕاپۆرت ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار کراوە بۆ ئەوەی ڕێکاری یاساییان بەرامبەر بگیرێتەبەر.

سپی میدیا: ئایا بۆچی ئاوی ژێر زەوی بۆ هەڵکەندنی بیرەکان دراوە بە کەرتی تایبەت، بۆچی دراوە بە کەرتی تایبەت، ئایا بەڕێوبەرەیەتی ئاوی ژێر زەوی ئامێری پێویستی نییە کار لەم کەرتەدا بکات؟
بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەوی: بەپێی ماددەی (١٢) لە ڕێنمایی هەڵکەندنی بیری ئاو ژمارە (١)ی ساڵی (٢٠١٥) مۆڵەت دەدرێت بە ئامێری بیر هەڵکەندن بۆ کەرتی تایبەت کاربکات، لە بەڕێوەبەرایەتیمان چەند ئامێرێکی بیر هەڵکەندن هەیە کە لەلایەن ڕێکخراوی خۆراك و کشتوکاڵ (FAO) کڕدراوە بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، ئەو ئامێرانە تەنها بەکاردەهێنرا بۆ هەڵکەندنی بیری گشتی (دابین کردنی ئاوی خواردنەوەی شار و شارۆچکە و گوندەکان)، بە هۆی هەبوونی قەیرانی دارای و نەبوونی وێستگەی چاککردن لە کاتی بەکارهێنان تێچوی چاککردنەوەیان زیاترە .

سپی میدیا: بەپێی ئەو زانیارییانەی لای ئێمە هەیە بەشێک لە ئاوی ژێرزەوی لە سلێمانی پیس بووە، هۆکارەکەی چیە، ئێوە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو پیس بوونە دەکەن و چۆن پاک دەکرێنەو و چی بۆ دەکەن؟
بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەوی: سەبارەت بە چاودێری ئەو بیرانەی کە شەمعەیان لەسەر دانراوە لەلایەن فەرمانگەی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی کاری پێویستیان بۆ ئەنجام دەدرێت بە بەردەوامی.

سپی میدیا:  شاخەکان وەک پاڵپشتین بۆ کۆکردنەوەی ئاو و مانەوەی سەرچاوە ئاویەکان، ئێستا لە سلێمانی لە شاخەکان بە تایبەت گۆیژە بووەتە پرۆژەی نیشتەجێبوون و ئەم پرۆژانەش بەردەوامن لە دروست کردن، ئەمانە چ کاریگەرییەکیان لەسەر سەرچاوەکانی ئاو لە ناو شاردا هەیە؟ لەگەڵ ئەوەشدا ئەو بیرانەی لە ناو پرۆژەکاندا هەڵدەکەندرێن بە قوڵیەکی زۆر نابنە هۆکاری ووشک بوونی کارێزەکان؟
بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەوی: شاخەکان بەتەنها پاڵپشت نین بۆ کۆکردنەوەی ئاو لە ژێرزەویدا، کۆبونەوەی ئاو لە کۆگاکانی ئاوی ژێرزەوی بەپێی چینەکان و ناوچەکان دەگۆڕێت، لە پرۆژەدا هەر بیرێك هەڵکەندرابێت پابەندبووین بە دووری شوێنی بیرەکان لە کانی و کارێز بەپێی ماددەی (٣) لە ڕێنمایی هەڵکەندنی بیری ئاو.

سپی میدیا:  ئایا پرۆژەی سەرچنار ستی کە لەسەر ئەستێلی ئاوی سەرچنارە رەزامەندی لای ئێوەی هەیە، ئایە ئەگەر رەزامەندی وەرگرتوە چەند کاریگەری لەسەر کانی سەرچنار هەیە بەتایبەت لە ٢٥ ساڵی داهاتوودا و بەپێی زانیارییەکانمان ئەو پرۆژەیە بیری تێدا هەڵکەندراوە کاریگەری ئەوە چییە؟
بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەوی: پرۆژەی سەرچنار ستی ڕەزامەندی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەیە بۆ ڕاوسەرنج لەسەر دروست کردنی پرۆژەکە ئێمەش لاری نەبوونیمان داوە. تا ئەم بەروارە داوای مۆڵەتی بیر نەکراوە بۆ ئەو پرۆژەیە بە فەرمی.




PM:10:57:16/06/2026