سه‌رۆكی لیستی یه‌كێتی بۆ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر ڕایده‌گه‌یه‌نێت كه ئه‌گه‌ر ئه‌مجاره له هه‌ولێر ده‌ستدرێژی بكرێته سه‌ر كادیرانییان له چاودێری سندوقه‌كانی هه‌ڵبژاردن، به هه‌مان شێوه له شوێنه‌كانی تر وه‌ڵامیان ده‌ده‌نه‌وه، باسیش له‌وه ده‌كات، كه هه‌ولێر له ماوه‌ی ڕابردوودا بۆ هه‌موان نه‌بووه‌و شه‌راكه‌تی له حكومه‌ت ته‌نیا له ئاستی سه‌ره‌وه دابووه.
ڕێباز بێركۆتی سه‌رۆكی لیستی یه‌كێتی بۆ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر ددانی پێداده‌نێ كه ئه‌ركی یه‌كێتی نیشتمانی له شاری هه‌ولێر له‌م هه‌ڵبژاردنه به به‌راورد له هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2005 زۆر قورستره، ده‌ڵێت "ئه‌و كات بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان جیا نه‌بووبۆوه، بۆیه نزیكه‌ی 24000 ده‌نگمان له هه‌ولێر هێنا، ئێستا ده‌نگده‌ریش جیاوازی هه‌یه له‌گه‌ڵ ده‌نگده‌ری ئه‌وكات‌و هه‌رێمی كوردستانیش گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه، بۆیه قۆناغی ئێستامان قورستره".
یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ماوه‌ی نۆ ساڵه 16 ئه‌ندامی له ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانی هه‌ولێر هه‌یه، به‌ڵام تاكو ئیستا هیچ ڕۆڵێكیان پێنه‌دراوه‌و خه‌ڵك نایاناسێت‌و هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كان لای پارێزگاره، له‌و باریه‌وه سه‌رۆكی لیستی یه‌كێتی ده‌ڵێت "هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێك به په‌یڕه‌وی ناوه‌خۆ‌و یاسا كار ده‌كات، ئه‌و كات ئه‌نجومه‌نی پارێزگا دوو یاسای هه‌بوو، كه ده‌كرا پشتیان پێ ببه‌سترێت، یه‌كیان هی حكومه‌تی عێراقی ساڵی 1969یه كه ته‌عینكردنه‌و ئه‌وی تریش یاسای ژماره 71ی ساڵی 2003 كه پۆل بریمه‌ری حاكمی مه‌ده‌نی عێراقه، بۆیه ئه‌و كات هه‌ڵومه‌رجی سیاسی هه‌رێمی كوردستان وا بوو، به بڕیارێكی سیاسی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا له سه‌رجه‌م پارێزگاكان، به جۆرێك له جۆره‌كان ته‌جمید كرا‌و ده‌سه‌ڵاته‌كان بۆ جه‌نابی پارێزگار گه‌ڕایه‌وه، كه ئه‌مه‌ش بووه هۆی سڕ بوونی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا".
یه‌كێك له دروشمه‌كانی ئه‌و حزبه بۆ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر، باس له نه‌هێشتنی قۆرخكاری ده‌كات له ده‌زگا حكومیه‌كان، بێركۆتی ئه‌و دروشمه وا شیده‌كاته‌وه، كه له زۆر بوواردا قۆرخكاری‌و سانسۆر هه‌یه، به‌وه‌ی له بواری ئابووری، قۆرخكاری له‌لایه‌ن چه‌ند كۆمپانیایه‌كه‌وه ده‌كرێت، وتیشی "هه‌ندێك كۆمپانیا هه‌یه، پڕۆژه‌كانیان فه‌شه‌لی هێناوه،كه پێویسته بخرێنه لیستی ڕه‌شه‌وه، كه‌چی پڕۆژه‌ی تریان پێداوه، هه‌روه‌ها مه‌سه‌له‌ی ته‌زكیه‌و ته‌زكیه كاری حزبی له دام‌و ده‌زگاكان زۆر زه‌قه‌و به ئاشكرا پیاده ده‌كرێت". وتیشی "ناكرێت فه‌رمانبه‌رێك به ده‌یان ساڵ خزمه‌تی هه‌یه، ته‌نیا له به‌ر ئه‌وه‌ی پارتی نیه، له ژێر ناوه‌كه‌ی ده‌نوسن جه‌لالیه‌و زه‌وی پێناده‌ن‌و مه‌حرومی ده‌كه‌ن له هه‌موو مافێك" . له وه‌ڵامی ئه‌وه‌ی ئایا ئه‌گه‌ر ئه‌وان سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بێنن، هه‌مان كاری حزبایه‌تی له پارێزگا ناكه‌ن؟، ئه‌و وتی "ئه‌گه‌ر كردبێتمان له پێشتر، كارێكی باش نه‌بووه، له داهاتووش ده‌مانه‌وێت ئه‌و دیارده‌یه نه‌هێڵێن، لق‌و مه‌ڵبه‌ند، بۆ كاری حزبی‌و پارێزگاش بۆ كاری ئیداری‌و حكومی".
یه‌كێكی تر له دروشمه‌كانی یه‌كێتی باس له‌وه ده‌كات، كه هه‌ولێر بۆ هه‌موو هه‌ولێرییه‌كان بێت، ڕێباز بێركۆتی هۆكاری ئه‌م دروشمه بۆ ئه‌وه ده‌گێڕێته‌وه كه شه‌راكه‌تی حكومه‌ت له ئاستی سه‌ره‌وه بووه‌و بۆ خواره‌وه شۆڕ نه‌بۆته‌وه، وه‌ك خۆی ده‌ڵێت "به‌ناراسته‌وخۆ سزای سیاسی به‌رامبه‌ر هاوڵاتیان پیاده كراوه، ناكرێت كرێچیه‌ك ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له حزبی ده‌سه‌ڵات نه‌بووه، ناوه‌كه‌ی له لیستی خانووی كرێچیان ده‌ربهێنن".
یه‌كێتی له هه‌ولێر بانگه‌شه‌ی فه‌راهه‌مكردنی ئازادی ده‌كات خستویه‌تیه پێش خزمه‌تگوزاری، له‌و باره‌یه‌وه سه‌رۆكی لیستی یه‌كێتی ده‌ڵێت "ئازادی خۆراكی مێشكی مرۆڤه‌و خۆراكێكی رۆحیه، پێشێلكردنی ئه‌و ئازادیه، شكاندنی شكۆی خه‌ڵكه، چۆن ده‌بێ كه‌سێك بابه‌تێكی ڕه‌خنه‌یی بنوسێت‌و بخرێته زیندان، بۆ ده‌بێت ڕێگه له هه‌ندێك خۆپیشانده‌ر بگیرێت بۆ ناڕه‌زایی ده‌ربڕین‌و بۆ هه‌ندێكیش ده‌ستكراوه بێت؟ پێویسته پارێزگاری هه‌ولێر له داهاتوودا به یاسای خۆپیشاندان كار بكات، ئازادی له هه‌ولێر سانسۆری له‌سه‌ره، بچینه پارێزگا ئه‌وه‌نده‌ی پێمانبكرێت ئه‌و سانسۆره هه‌ڵده‌گرین".
عیماد ئه‌حمه‌د كه ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیه‌و جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ته، پێشتر ڕایگه‌یاندبوو كه ئه‌وان ئاگاداری مه‌له‌فی نه‌وتن، كه‌چی هه‌مان حزب له هه‌ولێر باسی نه‌وت ده‌كات‌و داوا ده‌كات نه‌وتی هه‌ولێر بۆ هه‌ولێر بێت ، بێركۆتی له‌و باره‌یه‌وه ده‌ڵێت "نه‌وت بۆ خزمه‌تگوزاری هاوڵاتیان به‌كار هاتووه، به‌ڵام بۆ به‌رژه‌وه‌ندی حزبیش به‌كار هێنراوه، نابێت نه‌وت له هه‌ولێر ده‌ربهێنرێت‌و ته‌نیا دوكه‌ڵه‌كه‌ی بۆ هه‌ولێر بێت، ئێمه ده‌ڵێن مه‌له‌فی نه‌وت ناشه‌فافه". له‌باره‌ی ڕێككه‌وتنی ستراتیژی‌و كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌دای ئه‌نجومه‌نی پارێزگا له داهاتوو، ڕێباز بێركۆتی وتی "سه‌رباری لایه‌نه ئیجابییه‌كانی ئه‌و ڕێكه‌وتنه وه‌ك نه‌هێشتنی شه‌ڕ‌و هێنانه كایه‌ی ئاشتی‌و ئارامی، به‌ڵام گورزێكیش به یه‌كێتییه‌كانی هه‌ولێر كه‌وتووه، چونكه ئه‌وان له سلێمانی وه‌كو هاوشاری سه‌یر ناكرێن‌و له هه‌ولێریش ده‌چه‌وسێنرێنه‌وه، له‌كاتێكدا خه‌ڵكی دڵسۆز بووینه بۆ شاره‌كه، هه‌روه‌ها مه‌سولمان هه‌یه، له سلێمانی كارێكی خراپی كردووه به‌رامبه‌ر به پارتی، له هه‌ولێر خه‌ڵكی یه‌كێتی باجه‌كه‌ی داوه".
له هه‌ڵبژاردنی په‌ر‌له‌مانی كوردستان له ساڵی ڕابردوو، كادیرێكی یه‌كێتی به‌ناوی سه‌ركه‌وت عومه‌ر له ناو هه‌ولێر كوژرا، ده‌نگۆیه‌كه وابوو، كه ئه‌و كادیره ڕێگه‌ی نه‌داوه ته‌زویر بكرێت‌و له ئه‌نجامدا ته‌قه‌ی لێكراوه، تاكو ئێستاكه كێشه‌كه چاره‌سه‌ر نه‌بووه‌و بكوژیش دیار نیه، لایه‌نگرانی یه‌كێتی پێیانوایه، حزبه‌كه‌یان هه‌ڵوێستی جدی نه‌بووه له‌سه‌ر قوربانیه‌كه، به‌ڵام ڕێباز بێركۆتی، ڕه‌تیده‌كاته‌وه‌و ده‌ڵێت "ئێمه ویستومانه به شێوازێكی یاساییانه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت‌و تاوانبار ده‌ستگیر بكرێت". وتیشی "ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت كادیر‌و چاودێرانمان ئازار بده‌ن، دڵنیایان ده‌كه‌ینه‌وه، كه قه‌بوڵی ناكه‌ین‌و پارێزگاری له كادیرانی خۆمان ده‌كه‌ین، ئه‌گه‌ر كاری هه‌ڵه‌یان كرد، ئه‌وا كۆمسیۆن هه‌یه‌و با ئیجرائات بكات، به‌لام ئه‌گه‌ر حزبێك ده‌ستدرێژی بكاته سه‌ریان، ئه‌وا ئێمه سن بالسن‌و عین بالعین په‌یڕه‌و ده‌كه‌ین‌و له‌و شوێنه‌ی ده‌سه‌ڵاتمان هه‌یه، وه‌ڵامیان ده‌ده‌ینه‌وه".
بێركۆتی ئاماده نه‌بوو، هیچ ژماره‌یه‌ك بداته ده‌سته‌وه‌و وتی "ناتوانم بڵێم چه‌ند كورسی دێنین، چونكه لێم دیار نیه، به‌ڵام ده‌ركه‌وتنه‌وه‌ی مام جه‌لال كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر ڕێژه‌ی ده‌نگه‌كانمان ده‌بێت، هه‌روه‌ها تا ڕۆژانی كۆتایی بانگه‌شه، ئه‌گه‌ری گۆڕانی ڕێژه هه‌یه، چونكه ده‌شێت لێدوانی به‌رپرسێك، ڕێژه كه‌مبكاته‌وه، یان زیاد بكات.