لە هەولێر دیداری هەژار موكریانی بەڕێوەدەچێت

بڕیارە مانگی داهاتوو لە شاری هەولێر، دیدارێك بۆ شاعیر و وەرگێڕی نێوداری کورد هەژار موكریانی بەڕێوەبچێت. 

بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی، له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكدا بڵاویکردەوە" بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆڵ، نەخش، خەبات و هزر و بەرهەمداری زانا، نووسەر، شاعیر و وەرگێڕی ناوداری کورد هەژار موکریانی، لە ڕێوڕەسمێکی شایستەی یەکڕۆژیدا دیداری هەژار موکریانی ساز دەکات". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، دیدارەکە هاوکاتە لەگەڵ ساڵوەگەڕی کۆچی دوایی هەژار موکریانی و ڕۆژی جیهانی زمانی دایک، لە ٢٢ی شوباتی ٢٠٢٥ لە هەولێر بەڕێوەدەچێت.

بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەشی خستەڕوو، دیداری یەکەمی هەژار موکریانی تایبەت دەبێت بە زمانی کوردی و هەوڵ دەدات پرسی زمان بکاتە پرسی هەموو کوردەواری و لە ڕێگەی چەند پانێڵێکی جیاوازەوە ئەم پرسە هەستیار، ژیانی و ژیارییە تاوتوێ بكات.

عەبدولڕەحمان محەمەد شەڕەفکەندی ناسراو بە هەژار موکریانی مانگی نیسانی ١٩٢١ لە شاری مەهاباد ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە خانەوادەیەکی ڕۆشنبیر و کوردپەروەر لەدایکبووە، هەژار برای سادق شەڕەفکەندی سکرتێری گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بووە.

سەرەتا لای باوکی و دواتر لە حوجرە خوێندوویەتی، ساڵی ١٩٤٠ دەستی بە نووسین کردووە، ڕۆڵێکی چالاکی لە کۆماری مەهاباددا ھەبووە و لەگەڵ ھێمنی شاعیردا لەلایەن کۆمارەوە بە (ھۆنراوەی نەتەوەیی کوردستان) ناسێنران.

لە ساڵی ١٩٧٢دا، کتێبی (شەرەفنامەی شەرەفخان)ی بەدلیسی لە فارسییەوە کرد بە کوردی، هەروەها (فەرهەنگی هەنبانەبۆرینە)ی ئامادە کردووە و یەکەم چاپی لە ساڵی ١٩٩٠دا بڵاوکراوەتەوە، خاوەنی کۆمەڵێک بەرهەمی تریشە، هەروەها شارەزای کاروباری هەموو پارچەکانی کوردستان بووە. 

هەژار موکریانی لە ساڵی ١٩٩١دا کۆچی دوایی کرد و لە شاری مەهاباد بە خاک سپێردرا.



PM:06:30:25/01/2025