شانۆی کۆچبەران Emigrants The لە دەرهێنانی هونەرمەندێکی کورد لە سوید‌ نمایش کرا


شانۆی کۆچبەرا  لە نووسینی : سڵاڤۆمیرۆژک وەرگێرانی بۆ سویدی و ئامادەکردن و دەرهێنانی: زاهیر عەبەڕەش لەسەر شانۆی ڤێستمانە لە ستۆکهۆڵم بەزمانی سویدی لە رۆژانی ٢٣ ـ  ٣١ مای ٢٠٢٥ نمایش کرا.

کورتەیەک لە شانۆییەکە : ڕووداوەکانی ئەم شانۆییە لە ژێرزەمینی ئاپارتمانی وڵاتێکی خۆرئاوایدا ڕوودەدات، کە نووسەر نە ناوی وڵاتەکەی دیاری نەکردووە ، نە ناوی کارەکتەرەکان، بەواتای هەموو شوێنێکە کە کۆچبەری لێ بێت و گرفت و ئاریشەی هەموو کەسێکە کە وڵاتی بەجێهێشتبێت. کە دووکەس کە تەنها بە ناوەکانی XX وAA نووسراوە.

لە شەوێک لە شەوانی سەری ساڵدا ڕوداوەکان ڕوودەدات، دوو کەس لەزێدی خۆیان هەڵاتوون، لە فەزایەکی تەنگ و تاریکدا دەژین، ژێرزەمینی ئاپارتمانێک کە بۆری ژێرابەکانی بەناودا تێدەپەڕن کە هەم شوێنی نیشتەجێبوونیانە هەم وەک میتافۆرێکە بۆ بارودۆخەکەیان، دابڕاو لە جیهان، چەق بەستوو، کات و شوێن تێدا وەستاوە. دوو کارەکتەرەکە – ئەی ئەی و ئێکس ئێکس، نوێنەرایەتی دوو پاشخانی کۆمەڵایەتی و فیکری جیاواز دەکەن. ئێکس ئێکس کرێکارێکی سادەیە کە بە هۆکاری ئابووری کۆچی کردووە، بۆ ئەوەی بتوانێت پارە بۆ ماڵەوە بۆ خێزانەکەی بنێرێتەوە.کەسێکی چاوچنۆکەو پارەخۆشەویستە، ئەی ئەی ڕۆشنبیرێکە کە بە هۆکاری سیاسی زێدی خۆی بەجێهێشتووە و خەونی ئازادی و سەربەخۆیی بیرکردنەوە و ئایندەیەکی باشتری مرۆڤایەتی دەبینێت، دەیەوێت کتێب بنووسێت و لەرێگەی کتێبەکەیەوە دنیا بگۆڕێت، خۆی وەک بیرمەندێک دەبینێت ولەرێگەی ژیانی کۆچەوە ئیگۆی خۆی دەردەخات.  

سەرەتای شانۆییەکە بە گفتوگۆیەکی ڕۆژانەی سەری ساڵ دەست پێدەکات کاتێک کارەکتەری ئێکس ئێکس لە ویستگەی شەمەندەفەر دەگەڕێتەوە دەیەوێت، سەرەتای گفت و گۆ دادەمەزرێنێت. پاشان گفت و گۆکە دەبێتە شەڕێکی توند، بەڵام بە وشە و قسەکردن یەکدی بریندار دەکەن، هیچ سانسۆرێک لە قسەکردنیاندا نامێنێت. هێرش دەکەنە سەر یەکتر، سوکایەتی بەیەکتر دەکەن، درۆ و فریودانیی یەکتری ئاشکرا دەکەن، لەسەر ئەو بنامەیەی کە هەست دەکەن ئەو دوانە ئاوێتە و وابەستەی یەکتر بوون. یەکێکیان دەیەوێت وەک مشەخۆر بەسەر ئەوی ترەوە بژی،  ئەویتریشیان دەیەوێت بەرامبەرەکەی بکات بە مۆدێلێک بە تاقیکردنەوە فیکریەکانی خۆی. هیچیاشن خەونەکانیان نایەتەدی، نە ئەمیان دەتوانێت کتێبێک بنوسێت و دنیا بگۆڕێت و نە ئەویان دەتوانێت ئەو پارەیەکی کۆیکردۆتەوە بیباتەوە وڵاتەکی خۆی و خانوویەک بکڕێت. شانۆییەکە بەقوڵی ڕۆدەچێتە ژیانی کەسایەتیەکانەوە، هاوکات نوێنەرایەتی سایسی بوونگەراییە، پرسیارکردنە لە بارەی ئایدۆلۆژیا، چینایەتی، کەرامەتی ئینسان، نامۆ بوون لەسەرو هەمووشیانەوە ئازادی. مرۆژک لەم تێکستەیدا تیشک دەخاتەسەر ژیانیێکی بێ مانای دژ بەیەکی کۆچبەری. دیالۆگ لە تێکستەدا هەم چەک و هەم قەڵخانی خۆپاراستنە، تەنیایی تێیدا هاوبەشە و هەرگیز بەڕاستی ناتوانرێت ململانێی نێوان ماددی و ئایدیاڵ چارەسەر بکرێت. تێکستێکی ئەبسوردە.پەیوەندی مرۆڤە بەدەسەڵاتەوە، باسی کۆیلەبوونی مرۆڤە لەژێر سیستەمێکی دەسەلاتداری داپڵۆسێنەرە و هەروەهە کۆیلە بوونی مرۆڤ بە وابەستەبوونی بە سەرمایە و پارەوە. 

پرسیرمان لە دەرهێنەری نمایشەکە زاهیر عەبەڕەش کرد لەبارەی نمایشەکەوە، پێی ڕاگەیاندین کە تەوەری گەورەی کۆچکردن هەموو کارەکانی مرۆیەکدەگرێتەوە، چونکە لە ئەزموونی کەسییەوە سەرچاوە دەگرێت. نووسەر لەمانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٦٣ لەگەڵ مارا هاوسەرەکەی وڵاتەکەی بەجێهێشت، هێشتا نەیزانیوە کە ئایا هەمیشەیی دەبێت یان تەنها بۆ ماوەیەک. لە ئیتاڵیا نیشتەجێبوون، سەرەتا مەکسیک و پاشان ئیتاڵیا و لە دواجاردا لە فەڕەنسا نیشتەجێ دەبێت. لە ساڵی ١٩٧٣ تێکستی کۆچبەران دەنووسێت. کە لەنامەیەکی بۆ نامەیەکدا بۆتارنۆی هاوڕێی پێشبینی ئەوەی کردبوو دەڵێت ڕەنگە کە لە چاپخانە بەهۆی سانسۆرەوە شانۆنامەکە لەپۆڵەندا "چاپ نەکرێت"، پێش بینییەکەی ڕاست گەڕا، چاپیان نەکرد،یان ڕەنگەهۆکار ئەوەبێت "زۆرشت دەڵێت کە پێشترلەناو پۆڵەندا نەگوتراوە".

دراماکە لەسەر بنەمای دیالۆگ ڕۆنراوە، کە مرۆژک هەمیشە وەستایەکی کارامەی داڕشتنی دیالۆگ بووە، جەی واکار دەڵێت:  دەکرێت بڵێین کارەکتەرەکان بە وشە پێناسە دەکرێن، هەریەکەیان بە زمانی خۆیگرێدراوە، واتە ئەو هەگبە وشەیەی لە مێشکیدایە بەگوێرەی بیرکردنەوەی خۆی ئاستی ڕەنگڕێژی وشە دەکات. کە نووسەر لە کۆچبەراندا ناکۆکی نێوان باڵادەستی و ژێردەستی بەتەواوی دەگێڕێتەوە. نزیکی دەکاتەوە لە لە دەرون شیکاریەکانی  ویتۆڵد گۆمبرۆڤیچ.  

 خەڵک بەڕاستی پێشکەوتنێکی سەیریان لە شێوازی نووسینی شانۆی کۆچبەراندا بینی. لەدوای تێکستی کۆچبەراندا جۆرێکی تر لە نووسین داهات، لەبری کۆمیدیای بازرگانی و گەمەی هەڵهێنانی وشە ( بدون کلام) نوکتە لە نمایشەکاندا، ئەبسورد وبێ هیوایی و کۆچکردن جێگەی گرتەوە، ئیلهام بەخشی  چەندان نەوە بوو دوای خۆی، دابڕانێکی دروست کرد لە شانۆیی پۆڵۆنیدا.

جەی واکار ڕەخنەگر و نووسەری پ]ڵۆنی دەڵێت: لەدوای مرۆژکەوە، خەڵکی ئارەزووی بۆ شانۆی بازرگانی و و گاڵتەجاڕی نەما، ڕاستە لە کۆچبەراندا جۆرێک لە ئیرۆنی و کۆمیدیادا هەیە، بەڵام شانۆی ئەبسورد لە پۆڵۆنیادا لە مرۆژکەوە داکەوت دەنگدانەوەیەکی گەورەی هەبوو.

بەواتایەکی تر شانۆ دوای کۆچبەران  شانۆ دەچێتە قۆناغێکی ترەوە. چی دی شانۆی گاڵتەجاڕی بەو شێوەیە نابینرێت لە وێ. تێکستەکانی مرۆژک کۆمێدیایەکی گاڵتەجاڕ نابینین بەڵکو وەک ئیگزیستانسیالیستێکی گەورە بە ڕژدی سەیری جیهان دەکەن. 

زۆرێک لە شۆرڤەکارانی مرۆژک وای دەبینن کە هەردوو کارەکتەری ئەی ئەی و ئێکس ئێکس لە تێکستی کۆچبەراندا تەنها یەک کەسە و لە دوو ڕۆح و بیرکردنەوەی جیاوازدا. گەر بەوردی تێکستەکە بخوێنینەوە لە هەندێ وشە و دیالۆگدا تەواو لەسەر زاری کارەکتەری ئەی ئەی دید و بۆچونەکانی شۆپنهاوەری فەیلەسوف دەخاتە ڕوو. منیش وەک دەرهێنەری نمایشە ویستوومە جەخت لەو دوو دیدگایە بکەم، هەم دیدی دۆزەخی  بێ هیواییەکەی شۆپنهاوەر بخەمە ڕوو هەم زۆر جار وەک یەک کارەکتەر کە لە خەیاڵدانی یەکتردا دەژین بەرجەستەیان بکەم.
 
جێی سەرنجە برێکی زۆر لە خەڵکانی پۆڵۆنیا ئامادەی نمایشە بوون وجێی ڕەزامەندیان بوو، چونکە مرۆژک ئیکۆنێکی گەورەی وڵاتی پۆلۆنیایە، پێیان خۆش بوو کە ئەکتەرێکی ڕۆژهەڵاتی چۆن لە وڵاتێکی ئەوروپای رۆژئاوایدا مرۆژک دەخوێنێتەوە.




AM:12:18:11/06/2025