بەبۆنەی ساڵیادی کۆچی دوایی شێرکۆ بێکەس شاعیری گەورەی کورد، بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لە شاری سلێمانی لە نێو ماڵەکەیدا مۆزەخانەیەک بکرێتەوە.
هەڵۆ شێرکۆ بێکەس کوڕی شاعیری کۆچکردوو، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاندووە" لە چەند ڕۆژی داهاتوودا مۆزەخانەی شێرکۆ بێکەس دەکرێتەوە کە لە ئێستادا ئامادەکارییەکان دەستیانپێکردووە و کارەکانی لە کۆتاییدایە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، کردنەوەی مۆزەخانەکە لە نێو ئەو ماڵەدا دەبێت کە شێرکۆ بێکەس تێیدا ژیانی بەسەربردووە و دەکەوێتە گەڕەکی ئاشتی شاری سلێمانی.
هەڵۆ شێرکۆ بێکەس لە درێژەی لێدوانەکەیدا ڕوونیشیکردەوە، بڕیارە لە کاتی کردنەوەی مۆزەخانەکەدا کەلوپەلە تایبەتەکانی نمایشبکرێن، هەروەها کۆفی شۆپێکیشی تێدا دروستکراوە.
لە لایەکی دیکەشەوە هەڵۆ شێركۆ بێكەس، بەبۆنەی دوازدەهەمین ساڵیادی كۆچی دوایی باوكی شیعرێكی بۆ دەنوسێت کە دەقی پارچە شیعرێکە بەمشێوەیە:
بابە گیان سڵاو!
ئەو ڕۆژگارە دورودرێژانەی لە كەنار
خەونێكی منداڵیدا بوم...
كە نمام كرد و فڕینم گەورە بو؛
چون بەچكە هەڵۆیەكی ”كۆ”
لەسەر دارسنەوبەرە سەوزەكانی شیعریی تۆ!
منداڵ بوم وەك خونچەی گوڵێكی پێشوەخت هەڵوەریو!
بچووكبووم وەك بەچكە هەڵۆیەكی هەڵنیشتوو، چاوەڕێ بۆ
لەخەوهەڵسان و فڕینێ بەرەو ئاسۆ!
ئێستا لەدوای ڕۆیشتنی تۆ...شەقژنەكانم
لە ڕەنگی تەنیایی و لە ڕەنگی
غەریبیی و لە ڕەنگی پاركی ئازادیی و لە ڕەنگی بێزاریی جادەی سەهۆڵەكە و لە ئاهی چریكەی دیلان و لە خەونی پچڕاویی ”خوایە وەتەن ئاواكەی بێكەس” ئەچێت!
ئەوسا ئیتر ئەبم بە پاركی مانگەشەو بۆ دڵداران و
ئەبم بە سایە و سێبەری ئێوارانی عاشقانەی
گەنجەكانی ئێستایی ڕاكشاوی سەر
ئارامگەكەی پاركی ئازادیی نیشتمان!
بابە گیان!
كە بیركردنم و غەریبیم دائەنیشێ و
ئەم نامەیەت بە خەتێكی
شڵەژاوی مانگی مەرگی ئاب بۆ ئەنوسێ..
كەم كەس تێی ئەگا جگە لە خۆم!
كەس بۆی ناخوێنرێتەوە؛ جگە لە خۆم!
هەربۆیەش چاپی ناكەم و بە دەستوخەتێكی
ڕاڕا و شپرزە كە هەموی
تێكەڵەیەكە لەو ”سەدویەك ڕۆژ تەنیایی”ەی كە
تۆ شیعرت تیا نەنوسی و چون تەمومژی
شەختەیی ئەم قوتبە شینە ئاوابوی!
بابە گیان! كە ئێستایش دائەنیشم و شانی
ڕاست دائەدەمە سەر
پاركی ئازادیی و دەستی چەپم لەناو
بەرۆكی درەختەكانی ئەم پاركەدا
نوقم ئەكەم؛ دائەنیشم و چون هەورێكی نەباریو، چون پەنگخواردنەوەی
فرمێسكێكی هەڵنەوەریو، شیعرنامە و نامە
كۆنەكانت ئەخوێنمەوە ...
بابە گیان ئێستا من كوڕەخەمێكتم موروی
ملوانكەی پچڕاوی بێوەفایی
ئەم پاركە ئەهۆنمەوە بۆ گەردنی عاشقانی شیعری تۆ!
ئاخ و داخێك لە سینەی كون كونی ئەم پاركەوە دێتەدەرێ...و دەستی
ماڵئاوایی لە ڕەنگی كوژراوی ئەم شارە هەڵئەبڕێ!
بابە گیان!
لە كۆتایی نامەكەدا ئەڵێم؛
تۆ هەر خۆت و قەڵەمی دەستت،
تۆ هەر خۆت و خەمی گەشت، پێش
شەپۆلی شیعر كەوتویت!
مەرگت سەراپایی نەمر بوە!
درەختەكانی ئەم پاركە و سەوزیی باڵای شیعری
تۆ لە هەڵچوندایە و
باخی ئاو، گوڵی ورشەوپرشەداریی بۆ
كچی شیعریی تۆ گرتوە!
”ئێستا ئەزانم مردن ئێجگار بەو شێوەیە
ترسناك و خەتەر نییە
وەكو خەڵكی باسی ئەكەن، من بە تۆدا ئەزانم!”
ئەوە چەندین ساڵە لای مردنیت و
كەچی هێشتا هەر زیندویت!
كەچی هێشتا هەر ئەژیت،
وەكو سەوزیی و وەكو ئاو و هەوا
لەوانەیە مردن بمرێ بەڵام تۆ نا!
شێرکۆ بێکەس کوڕی شاعیری ناوداری کورد فایەق بێکەسە و لە ٢ی ئایاری ساڵی ١٩٤٠ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە.
لە ساڵی ١٩٨٦ وڵاتی عێراقی بە جێھێشت لە ساڵەکانی ١٩٨٧ بۆ ١٩٩٢ لە و سوید ژیاوە و پاشان گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان.
شێرکۆ بێکەس بە یەکێک لە شاعیرە نوێخوازەکانی ھاوچەرخی کورد دادەنرێت و خاوەنی چەندین نامیلکە و دیوانی شیعرییە و زۆرێک لە شیعرەکانی بۆ چەندین زمانی زیندووی جیھانی وەرگێڕدراون.
ساڵی ١٩٨٧ لە سوید خەڵاتی تۆخۆڵسکی وەرگرت، خەڵاتەکەی لەلایەن سەرۆک وەزیرانی ئەو دەمی سوید ئیگڤار کالرسۆنەوە پێشکەشکرا.
لە ساڵی ١٩٩٢ دەبێتە وەزیری ڕۆشنبیری حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئەمەش لە یەکەم کابینەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بوو.
لە ساڵی ١٩٩٨ بە یارمەتی ژمارەیەک کەس و ھاوڕێکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمی دامەزراند.
لە ساڵی ٢٠٠٩ تەواوی بەرھەمەکانی لە ھەشت ھەزار پەڕە لە چاپدا.
لە ڕۆژی ٤ی ئابی ٢٠١٣ شێرکۆ بێکەس لە ستۆکھۆڵمی پایتەخی سوید، بەھۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە کۆچی دوایی کرد.
دواتر لەسەر داوای خۆی هێنرایەوە بۆ باشووری کوردستان و لە پارکی ئازادی شاری سلێمانی و لە تەنیشت مۆنیۆمێنتی شەهیدانی ٩ی حوزەیرانەوە ئەسپەردەی خاک کرا.