دانەسەرێكی كورد، دانسی بە میسی كردووە

رووداو 

دانسەرێكی كورد لە ئەڵمانیا خەڵات لە دوای خەڵات دەباتەوە. ئەو دانسەرە دەڵێت لە رێكلامێكی یانەی بەرشلۆنەی ئیسپانی بۆ كۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی قەتەر، لیۆنێل میسی فێری دانس كردووە.
21 ساڵ لەمەوبەر كاتێك ماجد لە زاخۆ لەدایكبوو، كەس پێشبینی نەدەكرد رۆژێك دادێت ئەو كوڕە كوردە دەچێتە سەر سەكۆی سەماكردن و نازناو لە دوای نازناو دەباتەوە.

ئەو كاتێك دەچێتە سەر تەختی شانۆ، نەك ئامادەبووانی پێشبڕكێكان بە سەماكانی دێنێتە قسە و سەما، تەنانەت لێژنەی دادوەرانی پێشبڕكێكانیش. یەكێك لە ئەندامانی لێژنەی دادوەری لە فیناڵی پێشبڕكێی (JUSTE DEBOUT BERCY 2014 WORLD CHAMPION) كە ماجد پلەی یەكەمی تێدا بەدەستهێنا، گوتی "ماجد تۆ یەكەمی لە ئاستی جیهاندا. بەڕاستی ئەمە دەڵێم بەبێ ئەوەی هیچ  مەبەستێك لە پشت ئەم قسەیە هەبێ، بۆ من تۆ كەسێكی كە بەهرەیەكی جیاوازت هەیە، من خۆم لەنێو تۆدا دەبینمەوە، نەك لەبەر ئەوەی هەمان دانس دەكەم، بەڵكو لەبەرئەوەی تۆ چۆن ئەو موزیكە لە دانسەكەت بەكاردێنیت، ئەوە بۆ خۆی هونەرە".
ماجد قەساب، لە تەمەنی 2 ساڵییەوە لەگەڵ خێزانەكەی چوونەتە ئەڵمانیا، ئێستا بە یەكێك لە دانسەرە بەهرەمەندەكانی ئەڵمانیا و جیهان دادەنرێ.

شێوازی جوڵانەوەی لەشی و شێوەی دانسەكەی هێندە سەرنجڕاكێشە، كەم كێبڕكێ هەیە بەشداری تێدا كردبێ و خەڵاتی تێدا بەدەستنەهێنابێ. ماجد تاوەكو ئێستا 22 خەڵاتی لە پێشبڕكێكانی دانس بەدەستهێناوە.
ئەو گەنجە لەبارەی دانسكردنەوە بە (رووداو)ی گوت "لەكاتی دانسدا هەست بە ئازادی دەكەم، بیر لە شتی خراپ ناكەمەوە. چ هەستێكم هەبێت لە دانسەكەم دەریدەبڕم.  هەرگیز پلانم دانەناوە چیبكەم و چی نەكەم، تەنیا بە هەستم بڕیارم داوە".

ماجد لە پاڵ خوێندنەكەی بۆ ماوەی 6 ساڵ خەریكی خوێندنی دانس بووە، حەفتانە 7 رۆژ دەچێتە قوتابخانەی تایبەت بە فێربوونی سەما. 
یەكەم سەركەوتنی ماجد ساڵی 2008 دەبێت لەوكاتەوە  پاڵەوانێتی لە دوای پاڵەوانێتی لەسەرانسەری جیهاندا دەباتەوە. لە هەموو پێشبڕكێكانیشدا وەك كورد خۆی بە هەموو جیهان دەناسێنت. گرنگترین پاڵەوانێتی دانس لە سەرانسەری جیهاندا پاڵەوانێتی (JUSTE DEBOUT) بووە، كە ماجدی كردە یەكەمی جیهان بۆ ساڵی 2014. هەروەها لە بەرنامەی گۆ تو دانس لە تەلەفزیۆنی ئەڵمانی بەهەمانشێوە پلەی یەكەمی بەدەستهێنا.
ماجد دەڵێت "گرنگترین پاڵەوانێتی جیهانی بۆ من پاڵەوانێتی (JUSTE DEBOUT) بوو  لە پاریس. كە لەبەردەم 18 هەزار كەسدا دانسم دەكرد، بە ملیۆنان بینەری هەبوو. لەوێ بۆ كوردستان و بۆ ئەڵمانیا دانسم دەكرد. دانسەری 14 وڵاتی جیهان هاتبوون، من بوومە یەكەمی جیهان. لە كۆتاییدا ئاڵای كوردستانم بەرزكردەوە. ئەوە بۆ من گرنگترین سەركەوتن بوو، چونكە نازانیت چ موزیكێكت بۆ دادەنێن. لەو دەقەیەدا دەبێت شارەزایی و هەستی خۆت بخەیتەكار".

لە خێزانەكەی بۆی ماوەتەوە
ماجید سوودی لە هەڵپەڕكێی كوردی بینیوە كە زۆر بەباشی دەیزانێ و دەڵێت "هەڵپەڕكێی كوردی یارمەتی جوڵانەوەی شان و لەشم دەدات".

باوكی ماجد زۆر پەسنی كوڕەكەی دەدات و دەڵێت ئەو بەهرەیەی لە خێزانەكەی بۆ ماوەتەوە "ماجد ئەو بەهرەیەی لە خێزانەكەی بۆ ماوەتەوە. من و براكەم و هەموومان لە زاخۆ ناوبانگمان هەیە لە هەڵپەركێی كوردی".
لانە كە خوشكی ماجدە، بەهرەی دانس لە ماجددا دەدۆزێتەوە و پێیدەڵێ دەبێت بچیتە كۆرسی دانس. لانە  بە(رووداو)ی گوت "كاتێك بینیم ماجد بەهرەی دانسی تێدایە و لەشی جوان دەجولێنێت. دەستم گرت و بردم بۆ مەكتەبی دانس و ناویم تۆماركرد. 

هەرچەندە ماجد خۆشی بە دانس نەدەهات و زیاتر حەزی لە فوتبال بوو. هەر جارێك نەرۆشتبا  بۆ دەرس دەستیم دەگرت و دەمبرد بۆ مەكتەبەكەی".

ماجد و گۆرێلا
ئێستا ماجد لە سەرانسەری جیهاندا بانگهێشت دەكرێت، لە ژاپۆن، چین، ئەمریكا و ئەوروپا وۆركشۆپ پێشكێش دەكات و وەك ناوبژیوان  بەشدارە. ماجید خاوەنی قوتابخانەی دانسی خۆیەتی لە شاری كرێفێڵد. زۆر لە دانسەرەكانی جیهان دێنە لای و داوای زانیاری لێدەكەن.
ئەو دانسەی ماجد دەیكات، ئێستا بووەتە شێوازێكی تایبەت بەخۆی. ماجد دەڵێت "ماجێلا ناوی شێوازی دانسی منە، چونكە ئەوە پەیوەندی بەتوانای منەوە هەیە، كاتێك دانس دەكەم دەتوانم شل بم، تەمەڵ بم، بەڵام كاتێك ویستم دەتوانم لە گیانی خۆم دەربچم. ماجێلا واتا ماجد و گۆرێلا. من وەك گۆرێلام، گۆرێلا بێدەنگە، بەڵام كاتێك تەقایەوە لە گیانی خۆی دەردەچێت. ئەو سیفەتە لە دانسەكەی من رەنگی داوەتەوە".

دانس بە مێسی دەكات
دانسەكانی ماجد تەنانەت سەرنجی كۆمپانیاكانیشی راكێشاوە و داوای لێدەكەن رێكلامیان بۆ بكات. لە رێكلامێكی یانەی تۆپی پێی بەرشلۆنە بۆ هێڵی ئاسمانی قەتەری كە سپۆنسەری ئەو یانەیە، ماجد لە رێكلامەكەدا لیۆنێل مێسی، یاریزانی یانەكە فێری دانسی دەكات.

ماجد دەڵێت "چەند گرتەیەكی ڤیدیۆیی دانسەرەكانیان پێشانی مێسی دابوو، بەڵام ئەو منی هەڵبژاردبوو كە فێری دانسی بكەم بۆ نێو رێكلامەكە". هەروەها دەڵێت "من دەبووایە مێسی فێری چەند هەنگاوێكی دانسكردن بكەم بۆ نێو رێكلامەكە، ئەو دانسەی من لە ڤییدۆكلیپی رێكلامەكەدا دەیكەم، دەبووایە مێسی بە تۆپ بیكات".
زیاتر لەبارەی مێسییەوە دەڵێت "مێسی كەسێكی شەرمنە، لە كاتی فوتبالدا  وادیارە كەسێكە كە لەشی باش دەجولێنێت بەس وانییە، بۆ ئەو زۆر زەحمەت بوو دانس بكات".

ماجد كە ئێستا تەمەنی 21 ساڵە هەموو شتێكی بەدەستهێناوە، تەنیا یەك ئاواتی هەیە "گەورەترین ئاواتی من ئەوەیە كوردستان ببێتە دەوڵەت، چونكە كاتێك لێم دەپرسن خەڵكی كویێت دەڵێم كوردم، دەڵێن كوردی  كوێی؟ ئەوەم زۆر پێناخۆشە. من دەمەوێت كاتێك دەڵێن خەلكی كوێیت بڵێم خەڵكی كوردستانم".
سەبارەت بە پرۆژەی داهاتووشی ماجد دەڵێت "دەمەوێت رێكخراوێك دامەزرێنم بۆ هاندانی منداڵی كورد بۆ دانس و كاری خێرخوازی".

میوزیكی كوردی گەیاندە یانەكان
ماجد توانێویەتی میوزیكی كوردی بگەیەنێتە یانەكان و گەنجانی ئەوروپی پێ هەڵپەڕێنێ. ئەو لەو بارەیەوە گوتی "جارێكیان لە پاریس بۆم هەبوو خۆم موزیكەكە بۆ دانسەكەم دیاری بكەم، ئیدی ئەو بیرۆكەیەم بۆ هات، كە بەم مۆسیقایە رەگەزی خۆم نیشاندەم، میوزیكی كوردیم هێنا لەگەڵ دیجەیەكی ئەوروپی دیبەیتێكمان لێ دروستكرد، ئێستا ئەم میوزیكە لەسەرانسەری جیهاندا لە یانەكاندا لێدەدرێت".




PM:02:26:13/12/2014