بە دابەشکردنی ٢١ خەڵات و بە بەشداری ١١٠ فیلم، بە ئامادەبوونی سینەماکارانی ناوخۆی و بیانی کۆتایی بە دوازدەهەمین ڤیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆک هات.
سێ شەممە، ١٦ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، دوای هەشت ڕۆژ لە چالاکی و نمایشی فیلم، کۆتایی بە دوازدەهەمین ڤیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆک هات، تەوەری سەرەکی ئەمساڵ تایبەت بوو بە پرسە ژینگەییەکان، هەروەها ١١٠ کورتە فیلم و فیلمی درێژ و دۆکیومێنتاری نمایشکران و ٢١ خەڵاتیش بەسەر براوەکانی فیستیڤاڵەکەدا دابەشکرا.
بەڕێوبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری دهۆک، ئەمیر عەلی، ڕایگەیاند "ئاست و کوالێتیی فیلمەکان، بەتایبەت فیلمە درێژەکان لەم خولەدا جیاواز و بەرز بوو. هەر لە ئێستاوە ئامادەکاری بۆ خولی سیازدەهەمینی فێستیڤاڵەکە دەست پێ دەکات و ئامانجمانە ساڵ بە ساڵ ئاستی فێستیڤاڵەکە بەرزتر بکەینەوە".
لە ٩ ئەیلول ٢٠١٢ یەکەمین ڤیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆک بەڕێوەچوو و تا ئێستا ڤیستیڤاڵەکە بەردەوامە.