دوای دابڕانی بۆ ماوەی ٢٥ ساڵ، گرووپی مۆسیقای ناوداری کوردی "کامکاران" لەسەر ستەیجی "سۆمەر پارک" لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان، کۆنسێرتێکی بەرفراوان و جەماوەرییان ساز کرد.
کۆنسێرتەکە بە گۆرانیی ناسراوی "خۆشە هەورامان" دەستی پێکرد و لەلایەن ئامادەبووانەوە بە جۆش و خرۆش و هەڵپەڕکێ و دیلانەوە پێشوازییەکی گەرمی لێکرا.
ئەردەشێر کامکار، ئەندامی گرووپی کامکاران، لە میانەی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی "مێزۆپۆتامیا" ڕایگەیاند: "ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕووی هونەر و مۆسیقاوە خاوەن مێژوویەکی دێرینە، و دوای ٢٥ ساڵ سازدانی کۆنسێرتێک لە شاری ئامەد، بۆ ئێمە خاوەن گرنگییەکی یەکجار زۆر و تایبەتە."
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر گرنگیی یەکگرتنی کەلتوور و هونەر و مێژووی دێرینی مۆسیقای کوردی و جەختی کردەوە: "پێویستە کوردان لە هەر چوار بەشی کوردستان بە شێوەیەکی هاوبەش پەرە بە یەکێتیی کەلتوور، هونەر و مۆسیقای نەتەوەیی بدەن."