وێنە.. ژنه‌که‌ی مه‌لا کرێکار نهێنییه‌کان ئاشکرا ده‌کات

هاوسه‌ری مه‌لا کرێکار، له‌ چاوپێکه‌وتندێکدا ده‌رباره‌ی که‌سایه‌تی مه‌لا کرێکار ده‌دوێت "پاره‌ و مه‌نسه‌ب و ئافره‌ت نه‌یتوانیوه‌ بیوه‌ستێنێت.

له‌ پێگه‌ی تایبه‌تی مه‌لا کرێکار هه‌ندێک بۆچوونی هاوسه‌ری ناوبراو له‌سه‌ر مه‌لا کرێکار بڵاوکراوه‌ته‌وه، ژنه‌که‌ی مه‌لا کرێکار که‌ به‌ دایکی سه‌یید ناوی هاتووه‌ وتوویه‌تی " الحمدللە باوكی سەید ( مامۆستا كرێكار ) نموونەی پیاوی موسوڵمانە لە هەموو روویەكەوە".

هه‌روه‌ها وتویه‌تی "ئەوەندە بەسە ئەو ژیانی خۆی بۆ خزمەتكردنی دینەكەیە. هەموو كۆسپ و ناڕەحەتیەكانی ڕێگای چۆكی پێ دا نەداوە، ئەو كاروانەی ئەو گرتوویەتیەتە بەر پارەو مەنسەب و ئافرەت نەیتوانیووە بیوەستێنێت".

مەلا کرێکار ساڵى ١٩٥٦ لە سلێمانى لە دایکبووە، ماوه‌یه‌ك له‌ناو پارتیدا کاری کردووە دواتر تێکەڵاوی ڕەوتە ئیسلامییەکان دەبێت و بەشێک لە وێستگەکانی ژیانی لە ناو بزووتنەوەی ئیسلامیدا بەسەر دەبات، بەڵام دواتر ئەو گروپى ئەنسارولئیسلامى دامەزراندووە و خۆى سەرۆکى گروپەکە دەبێت تا ساڵی ٢٠٠٢، ئەو ئەمارەتێک دادەمەزرێنێت لە ناوچەی هەورامان و زۆرێک ئاماژە بەوە دەکەن کە مەلا کرێکار و گروپەکەی چەندین کاری "تیرۆرستیان" ئەنجامداوە، ئەم پیاوە ڕەنگە بۆ زۆرکەس ئاسان نەبێت کە وێنەی مەلا کرێکاری بانگخواز، وەک عاشقێک و شاعیرێک بهێننە پێش چاوی خۆیان.

کەسە نزیکەکانی مەلا کرێکار باس لەوە دەکەن کە ناوبراو لە ژیانیدا سێ جار عاشق بووە و ویستوویەتی هاوسەرگیری بکات، یەکەمین عاشق بوونی مەلا کرێکار بۆ ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە، کە ئەوکات گەنجێکی نوێژکەر دەبینێت کە زۆرکات لە ڕێگای چوونی بۆ مزگەوت کچێک دەبینێت، کە تا ساڵی ١٩٧٤ بە نهێنی عاشقی ئەو کچە دەبێت و دواتر باوک و دایکی کرێکار دەچنە داوای ئەو کچە، بەڵام خێزانی کچەکە ڕازی نابێت و کچەکەیان نادەنە کرێکار.

نەجمەدین فەرەج ئەحمەد کە ناسراوە بە کرێکار دوای ئەو شکستە لە فەرمانگەیەکی شاری هەولێر دادەمەزرێت و عاشقی کچێکی عەرەب دەبێت، بەڵام ئەم خۆشویستنەی کرێکار یەک لایەنە دەبێت و ئیدی چیرۆکی یەکەم دووبارە دەبێتەوە، بەڵام ئەم جارەیان کچەکە ئامادە نابێت لەگەڵ مەلا کرێکار هاوسەرگیری بکات.

ئەو سەرکردە ئیسلامییە جارێکی دیکەش عاشقی خزمێکی خۆی دەبێت بەڵام کچەکە هاوسەرگیری لەگەڵ کوڕی پوورێکی خۆی دەکات، ئەمەش بە تەواوی مەلا کرێکار نائومێد دەکات.

ساڵی ١٩٨٤ مەلا کرێکار کچێکی شیۆعی دەناسێت، ماوەیەکی زۆر هەوڵی لەگەڵ دەدات کە باوەڕی ئەو کچە بە ئاین زیاد بکات و لەو ساڵەدا مەلا کرێکار هاوسەرگیری لەگەڵ ئەو کچەدا دەکات کە تا ئێستا هاوسەرییەتی، بەڵام هاوڕێ نزیکەکانی باس لەوە دەکەن کە کرێکار زۆر نایەوێت دەربارەی هاوسەرەکەی بدوێت.




PM:07:26:24/08/2016