ژنێک لە هەولێر: مێردەکەم هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە ڕووتەکانم دەکات

ڕائید ژیلەمۆ عەبدولقادر، بەڕێوەبەری بەڕێوبەرایەتی توندوتیژی خێزانی لە هەولێر لە وتاری ئەم هەفتەیەیدا باس لە ژنێک دەکات کە لە لایەن ژمارەیەکی نە ناسراوەوە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەی ڕووتی لێ دەکرێت.

ڕائید ژیلەمۆ عەبدولقادر، بەڕێوەبەری بەڕێوبەرایەتی توندوتیژی خێزانی لە هەولێر لە وتاری ئەم هەفتەیەدا کە بۆ ڕووداوی نوسیوە دەڵێت "ئافرەتێك دوای جیابوونەوەی لە مێردەكەی، بە ژمارەیەكی نەناسراو هەڕەشەی لێدەكرێ‌ كە وێنە رووتەكانی بڵاودەكاتەوە، بەڵام ئەو وێنانەی كەسی ژمارە نەناسراوەكە باسی كردووە، كاتی خۆی لەلایەن هاوژینەكەیەوە گیراون، كاتێك ئافرەتەكە هاتە سەر گێڕانەوەی بەسەرهاتەكەی، گوتی لەگەڵ مێردەكەی یەكدییان زۆر خۆشویستووە، باری داراییان باش بووە، ماڵی جیا بووە، زۆرجار بە جلی نیمچە رووتەوە لەنێو ماڵەكەیدا هاتووچۆی كردووە، مێردەكەشی وێنەی گرتووە، چەندین جاریش بە مێردەكەی گوتووە: ئەوە ناترسی مۆبایلەكەت ون بێ‌ یان لێت بدزرێ‌ و ئەو وێنانە بڵاوببنەوە؟ ئەویش بەوە دڵی داوەتەوە كە مۆبایلەكەی پاسوۆردی لەسەرە. ئەو ژنە بەهۆی ئەوەی مێردەكەی دڵی بەو وێنەگرتنانە خۆش بووە، قسەی نەكردووە. هەر كاتێكیش مێردەكەی وێنەی گرتووە، هەستێكی خۆشی لەلا دروست بووە و وای هەست كردووە كە زۆر جوانە و مێردەكەی گرنگیی پێدەدات".
ناوبراو بەردەوام دەبێت لە گێڕانەوەی چیرۆکەو نوسیویەتی "بەڵام ئەو خۆشەویستی و وێنەگرتنانە تا سەر نەبوون، كێشەیەك كەوتە نێوانیان، ژنەكە هیچ رێگایەكی لەبەردەمدا نەبووە جگە لە جیابوونەوە لە مێردەكەی. مێردەكەی هەموو هەوڵێكی لەگەڵ دابوو، بەڵام ژنەكە سوور بوو لەسەر جیابوونەوە، تەنانەت ئامادە بوو دەستبەرداری هەموو مافەكانی بێت، بەس مێردەكەی وازی لێ بهێنێ‌، بەڵام قسەی خۆش سوودی نەبووە، ناچار پەنای بۆ دادگا برد و لێی جیابووەوە. ژنەكە ساڵێكی رەبەق هاتوچۆی دادگای كرد تاوەكو لە مێردەكەی جیابووەوە. دوای جیابوونەوە لە مێردەكەی، ژنەكە زۆر دڵخۆش بووە، بەڵام ئەو خۆشییە تەنیا دوو مانگی خایاندووە. لە ناكاو لەلایەن ژمارەیەكی نەناسراوەوە چەند نامەیەكی بۆ دێت، كەسی ژمارە نەناسراوەكە لە نامەكاندا هەڕەشەی لێدەكات كە وێنەی رووتی ئەوی لەلایە و بڵاوی دەكاتەوە، بەڵام ئەو زۆر گوێی پێنادات، تاوەكو ئەو رۆژەی نامەیەكی دیكەی بۆ دێت و پێیدەڵێت بڕۆ سەیری فەیسبووكەكەت بكە. كاتێك فەیسبووكەكەی دەكاتەوە سەری سوڕدەمێنێ‌، ئەو وێنانە دەبینێ‌ كە پێشتر هاوژینەكەی بە جلی نیمچە رووتەوە لێی گرتوون. كەسەكە هەڕەشەی لێ دەكات كە دەبێت بەو وێنانە بەكوشتنی بدات".

ژیلەمۆ عەبدولقادر باس لەوە دەکات ئەو ژنە داوای کردووە بانگی هاوسەری پێشووی بكەن و ئامۆژگاری بكەن دەست لەو جۆرە كارانە هەڵبگرێ‌ و نوسیویەتی "بانگی هاوژینی پێشووی ژنەكە كرا و یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی بۆ روونكرایەوە، بەڵام پیاوەكە نكۆڵی لەوە كرد كە ئەو كەسەی هەڕەشەی لەو ژنە كردووە ئەو بێت. بەڵێننامە لەو پیاوە وەرگیرا كە ئەگەر دەركەوت ئەوەی هەڕەشە لەو ژنە دەكات ئەوە، سزا دەدرێ‌. بە ژنەكە راگەیەنرا ئەگەر ئەمجارە ئەو هەڕەشانە دووبارە بوونەوە سكاڵا تۆمار بكات، بۆ ئەوەی راستی و دروستیی كێشەكە دەربكەوێت و هەڕەشەكارەكە ئاشكرا ببێ‌.دۆسیەی ئەو ژنە وانەیەكی باشە بۆ ژنان، بۆ ئەوەی بزانن لەكاتی بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن (بۆ قسەكردن بێت یان وێنەگرتن) چۆن مامەڵە لەگەڵ بەرامبەرەكەیان بكەن، تەنانەت ئەگەر كەسی بەرامبەر كەسی زۆر نزیكیشیان بێ‌، بۆ ئەوەی وەكو ئەو ژنە تووشی گرفت نەبن".



AM:11:03:29/10/2016