ڤیدیۆ.. وەنەوشە لەسەر دەنگۆی جیابوونەوەی لە هاوسەرەکەی هەموو شتێکی ئاشکراکرد

ئەکتەری ناسراوی کورد (وەنەوشە) کە ناوی بەیان عوسمانە، لەبارەی دەنگۆی جیابوونەوەی لە هاوسەرەکەی کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە ڕوونکردنەوە دەدات و دەڵێت" لەگەڵ هاوسەرەکەم جیانەبوومەتەوە". 

بەیان عوسمان ناسراو بە کەسایەتی وەنەوشە لە درامای (گەردەلول) لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام ڤیدیۆیەکی خۆی و هاوسەرەکەی بڵاوکردووەتەوە دەڵێت" بە درێژایی تەمەنی هونەریم روونکردنەوەم لەسەر هیچ شتێک نەداوە، بەڵام ئەم روونکردنەوەیەم بۆ ئەوەیە بزانن کە لەگەڵ هاوسەرەکەم جیانەبوومەتەوە". 

دەشڵێت" من رێزی هاوسەرەکەم دەگرم ئەو ئارەزوو ناکات لە سۆشیال میدیاکاندا دەربکەوێت، ناكرێت من بە زۆر دەریبخەم".

هەروەها لای خۆشیەوە هاوسەرەكەی بەیان عوسمان لە بەشێکی کورتە ڤیدیۆکەدا قسە دەکات و دەڵێت" لەگەڵ ئەو كەسانە قسەناکەم كە لە پشتی ئامێرێكەوە دادەنیشن و وشەی ناشرین دەنوسن، ئێمە سەرقاڵی ژیان و كاری خۆمانین".

بەیان عوسمان لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، یەکەم کاری ھونەری درامای گەردەلوول بوو کە به‌ ڕۆڵی وەنەوشە ناوبانگی دەرکرد و دوای ئەوەش لە فیلمی سینەمایی (شیرین) دەرکەوت و لە درامای (ھەنگاوەکانی سەرخۆلەمێش) ڕۆڵی سەرەکی ھەبووە، کۆتا کاری ھونەریشی کە بۆ پێشمەرگە بوو کە فیلمێکی دێکۆمێنتاری بوو بە ناوی (خۆشەویستییەک بۆ پێشمەرگە)، هەروەها لە ئێستاشدا لەگەڵ ھاوسەرەکەی ھەرێمی کوردستانیان جێھێشتووە و لە ئەوروپا دەژین، بەڵام ناوبراو ماوە ماوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پەیام و وێنەکانی خۆی بڵاودەکاتەوە.


AM:09:13:05/06/2024