ڤیدیۆ.. دوای ماوەیەک دابڕان کەژێ هاوتا گۆرانییەکی شادی بڵاوکردەوە

ئەمشەو یەکشەممە دوای ماوەیەکی زۆر دابڕانی لە کاری هونەری کەژێ هاوتا نوێترین بەرهەمی خۆی بڵاوکردەوە. 
 
(زەماوەند) نوێترین کاری هونەری کەژێ هاوتا ئەسعەدە کە ئەمشەو بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ لە چەناڵی یوتوبی تایبەتی خۆی پێشکەشی هەوادار و بیسەرەکانی کرد.

بەرهەمە نوێکەی کەژێ چەند گۆرانییەکی شادە و لە تێکست و ئاوازی زیاد ئەسعەدە و ئارام سەردار کاری بەرهەمهێنانی میوزیکی بۆ ئەنجامداوە. 

كەژی هاوتا لە دایكبووی شاری هەولێره، كچی هونەرمەندی ناسراو هاوتا ئەسعەد و برازای هونەرمەندی ناوداری كورد زیاد ئەسعەدە، لە دوای ئەوەی توانی لە تەمەنێكی بچووكەوە بە دەنگە خۆشەكەی ناوبانگ پەیدا بكات، لە ئیستادا خاوەنی چەندین كلیپ و گۆرانییە.

ڕۆژی ٧ی نیسانی ساڵی ٢٠٢٢ش هاوتا ئەسعەدی باوکی کە هونەرمەندێکی ناسراوی کوردستانە لە نەخۆشخانەی شەقڵاوەی سەر بە پارێزگای هەولێر، بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە کۆچی دوایی کرد.


PM:10:24:16/06/2024